سەردانەکەی شەرع بۆ واشنتن؛ لەنێوان دەستکەوتی مێژوویی و بۆشایی کرداریدا
راهۆز
١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
ئەحمەد شەرع وەک یەکەم سەرۆکی سوریا کە سەردانی کۆشکی سپی دەکات چووە ناو مێژووەوە، بەڵام دیمەنی سوریا لە واشنتن هێشتا تەمومژاویی و کراوەیە بەڕووی چەندین ئەگەردا، ئەمەش رێگە بە لایەنگران و نەیارانی شەرع دەدات کە هەریەکەیان لێکدانەوەی تایبەتی خۆی بۆ ئەو سەردانە مێژووییە بەو شێوەیەی دەیەوێت و ئارەزووی دەکات، دروستبکات.
پێش سەردانەکە، لە کاتی سەردانەکە و دوای سەردانەکەش، لایەنگرانی سیاسەتی شەرع بە درێژی باسیان لە لێهاتوویی سیاسی ئەو کرد کە بە وتەی ئەوان، بووە هۆی شکاندنی گۆشەگیرییەکی نێودەوڵەتی کە دەیان ساڵ بوو سوریای گرتبووەوە. هەروەها باسیان لە سەرکەوتنی کرد لە هەڵپەساردنی سزاکانی ئابووری و خستنە ژێر چەتری بەهێزترین دەوڵەتی جیهانەوە بۆ پاراستنی لە "ئیسرائیل" کە سەردانەکە رێگەی لە بەردەوامیی دەستدرێژییەکانی بۆ سەر سوریا گرت.
بەڵام ژمارەیەک لە سورییەکان بۆچوونێکی جیاوازیان هەیە و لەو گۆشەنیگایەوە سەیری سەردانەکە دەکەن کە هیچ ئەنجامێکی بەرجەستەی لێ نەکەوتەوە پشتی پێ ببەسترێت، چونکە تەمومژیی هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە ئەنجامەکانی سەردانەکە زاڵ بوو، سزاکانیش تەنها هەڵپەسێردراون و هەڵنەوەشێنراونەتەوە، بە پێچەوانەی ئەوەی لایەنگرانی شەرع بانگەشەی بۆ دەکەن.
سەردانێکی مێژووویی:
ئەوەی ئەحمەد شەرع وەک یەکەم سەرۆکی سوریا سەردانی کۆشکی سپی بکات، تەنها وردەکارییەک نییە، بەڵکو هەنگاوێکە دەرئەنجامی گەورەی دەبێت، چونکە قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی سوریا و ئەمریکا دادەمەزرێنێت کە بۆ ماوەی چەندین ساڵی دوور و درێژ پڕ لە لێدوانی دژ بە یەک و دوژمنکارانەبووە
جەمال رەزوان، شیکاری سیاسی سوری، بە "RT"ی راگەیاند: "سوریا بە هەنگاوی پڕ لە متمانەوە بەرەو ئەوە دەڕوات ببێتە هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە هیچ کەسێکی عاقڵ ناتوانێت ئامادەیی بەردەوامی لە جیهاندا و توانای بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە هەر وڵاتێکدا پشتگوێ بخات."
رەزوان پێیوایە، شەرع بە دیدگایەکی روونەوە چووە واشنتۆن و دەیزانی کە پێکدادان لەگەڵ ئەمریکییەکان، دەرفەتی سەقامگیری لە وڵاتەکەی دەشێوێنێت کە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد هاتۆتە ئاراوە. وتیشی: "سورییەکان ئەمڕۆ تامەزرۆی ئەوەن ئاسایش بەرقەرار بێت، کە ئەمەش لەرێگەی بەشداری کارا لەگەڵ واشنتۆن لە شەڕی دژی تیرۆر و پشت پێبەستنی بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل بەدی دێت."
سەبارەت بە پرۆتۆکۆڵی پێشوازییەکە و چوونەژوورەوەی شەرع لە دەرگایەکی لاوەکییەوە بۆ کۆشکی سپی، رەزوان بە وردەکارییەکی ئاسایی ناویبرد و وتی: "ئەو قسانەی تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سوریا، کردوویەتی ئەو بۆچوونە بەتاڵ دەکاتەوە، کاتێک وتی سەرۆک ترەمپ سەردانەکەی بۆ دوو سەعات درێژکردەوە، دوای ئەوەی بڕیاربوو تەنها بیست خولەک بێت، ئەمەش نیشانەی رێزی بووە بۆ هاوتا سورییەکەی."
هەڵپەساردنی سزاكان; هەنگاوێكی باش بەڵام ناتەواو:
لە بواری ئابوورییدا، ئیلیاس جەبور، شارەزای سوری، رایگەیاند، سەردانەکەی شەرع بۆ واشنتۆن سەرکەوتوو بوو لە رازیکردنی ئەندامانی کۆنگرێس و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە سزاکانی قەیسەر، بۆ پێدانی دەرفەتێکی گونجاو بە حکومەتی نوێی سوریا تا توانای خۆی لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەمریکا بسەلمێنێت.
جبور ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵپەساردنی سزاکانی قەیسەر بۆ ماوەی شەش مانگ، حکومەتی سوریای خستۆتە ژێر تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەوە، ئەگەر بە سەرکەوتوویی لێی دەربچێت، ئەوا شایستەیی خۆی دەسەلمێنێت. وتیشی: "ئەو هەڵمەتانەی هێزە ئەمنییەکانی سوریا پێش سەردانەکەی شەرع بۆ واشنتۆن دژی چەکدارانی داعش و شانەکانی دەستیانپێکرد، یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی سوریا بوو بە خواستی ئەمریکا بۆ شەڕکردن دژی ئەو رێکخراوە."
شەرع خاوەنی چ کارتێکی دانوستانە؟
بەڵام لە بەرامبەردا، بەشێکی دیکە لە سورییەکان پێیانوایە شەرع بەبێ هیچ کارتێکی بەهێز چووەتە کۆشکی سپی تا بتوانێت لەسەر پرسە گرنگەکانی وەک ئاسایش و سەروەری وڵاتەکەی دانوستان بکات.
حەمدان عەبدولحەق، پارێزەر و شیکاری سیاسی، پێیوایە، شێوازی پێشوازییەکە لە کۆشکی سپی پەیامێکی روونی تێدابوو کە "دانپێدانان بە شەرعییەتی تۆ هێشتا نەهاتووە و بەشێک لە پلانی ئەمریکا بۆ سوریا هێشتا لەناو دۆسیە داخراوەکاندایە."
بە بڕوای عەبدولحەق، شەرع هەوڵدەدات هەموو لایەنەکان رازی بکات و بە هەر لایەنێکی هەرێمی یان نێودەوڵەتی ئەوە دەڵێت کە حەز دەکات بیبیستێت، بێ ئەوەی ئاگاداری ناکۆکییە گەورەکانی نێوان ئەو لایەنانە بێت. وتیشی: "کێشە گەورەکە لە رێکخستنەوەی نێوخۆی دەستەی تەحریری شام و گروپە جیهادییەکانی دیکەدایە کە ترسیان لەو بەڵێنانە هەیە شەرع بە واشنتۆنی داوە."
شەرع: باشترین چارەسەر تێکەڵکردنی هەسەدەیە بە سەرپەرشتی ئەمریکا:
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی ئەمریکی، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا رایگەیاند: "باشترین چارەسەر ئەوەیە کە هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا سەرپەرشتی تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بکەن بە هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ناوەندییەوە." وتیشی: "پاراستنی خاکی سوریا بەرپرسیارێتی دەوڵەت دەبێت."
سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل، شەرع وتی: "ئێمە لە دانوستانی راستەوخۆداین لەگەڵ ئیسرائیل و هەنگاوێکی باشمان بڕیوە، بەڵام بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، پێویستە ئیسرائیل بکشێتەوە بۆ سنوورەکانی پێش ٨ی کانوونی یەکەم."
شەرع ئامانجی سەرەکی سەردانەکەشی بۆ "دەستپێکردنی بنیادنانی پەیوەندی نێوان سوریا و ویلایەتە یەکگرتووەکان" گەڕاندەوە و رایگەیاند، "سەقامگیری سوریا کاریگەری لەسەر هەموو ناوچەکە دەبێت، هەروەک چۆن ناسەقامگیرییەکەشی کاریگەری دەبێت."
ئەوەی ماوەتەوە، هەوڵەکانی شەرع و حکومەتەکەیەتی بە ئاراستەیەکدا کە بتوانێت ببێتە دەنگی تەواوی سوریا و ئەو گەلەی کە تینوی ئازادی و ژیانێکی ئازادە، بەتایبەت دروزییەکان و کوردەکان و عەلەوییەکان، گرەوێکن کە ڕەنگە شەرع و حکومەتەکەی نەتوانن بیبەنەوە.



