مێژووی دەنگدان لە جیهان و عیراق و کوردستان... گەشتێک بەناو خوێندا بۆ بەدەست هێنانی ماف
راهۆز
١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
دەنگدان وەک مافێکی بنەڕەتی و بەردی بناغەی حوکمڕانیی دیموکراسی، گەشتێکی دوورودرێژی بەناو مێژوودا بڕیوە. ئەم چەمکە، کە لە بنەڕەتدا لە وشەی یۆنانی "دیمۆس" (گەل) و "کراتۆس" (دەسەڵات)ـەوە وەرگیراوە، لە فۆرمێکی سەرەتایی و سنووردارەوە پەرەی سەندووە بۆ مافێکی گشتگیر کە ئەمڕۆ زۆرینەی گەلانی جیهان پەیڕەوی دەکەن. ئەم راپۆرتە تیشک دەخاتە سەر ڕەگ و ریشەی دەنگدان لە جیهاندا و دواتر بە وردی مێژووی ئەم پرۆسەیە لە عیراق و ئەزموونی تایبەتی هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو.
گەشتی دەنگدان لە جیهاندا؛ لە مافێکی تایبەتەوە بۆ مافێکی گشتی:
سەرەتاییترین شێوازی رێکخراوی دەنگدان لە جیهاندا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پێنجەمی پێش زایین و ئەسینای کۆن. لەوێ، "دیموکراسیی راستەوخۆ" رێگەی بە هاووڵاتیان دەدا بەشداری لە بڕیارداندا بکەن. بەڵام ئەم مافە تەنها بۆ ئەو پیاوانەبوو، کە ئازادبوون و خاوەنی موڵک بوون. لەکاتێکدا ژنان، کۆیلەکان و بیانییەکان نەیاندەتوانی و لێی بێبەشبوون.
لەگەڵ شۆڕشەکانی سەدەی 18 و سەرهەڵدانی دەوڵەتی مۆدێرن، بەتایبەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چەمکی دیموکراسیی نوێنەرایەتی گەشەی کرد. سەرەڕای بانگەشەکردن بۆ باوەڕبوون بە دیموکراسی، دامەزرێنەرانی ئەمریکا مافی دەنگدانیان تەنها بۆ پیاوە سپی پێستە خاوەن موڵکەکان قۆرخ کردبوو. ئەمەش بووە سەرەتای خەباتێکی درێژخایەن بۆ فراوانکردنی مافی دەنگدان:
قۆناغ و هەنگاوەکان:
- خەبات دژی جیاکاریی رەگەزی: لە دوای جەنگی ناوخۆیی ئەمریکا، هەموارکردنەوەی پازدەهەمی دەستوور لە ساڵی 1870دا مافی دەنگدانی بە پیاوانی رەشپێست بەخشی، بەڵام ویلایەتەکانی باشوور بە دانانی کۆسپی وەک "باجی دەنگدان"و "تاقیکردنەوەی خوێندەواری" بۆ دەیان ساڵ رێگرییان لە بەشداریکردنیان کرد و نەیان هێشت ئەو مافە بدرێت بە ڕەشپێستەکان.
- مافی دەنگدانی ژنان: دوای دەیان ساڵ لە تێکۆشان، ژنان لە ئەمریکا لە ساڵی 1920دا بەپێی هەموارکردنەوەی نۆزدەهەمی دەستوور مافی دەنگدانیان بەدەستهێنا. لەکاتێکدا نیوزلەندا لە ساڵی 1893 وەک یەکەم وڵات لە جیهاندا ئەم مافەی بە ژنان بەخشیبوو.
- یاسای مافی دەنگدان (1965): ئەم یاسا مێژووییە لە ئەمریکا کۆتایی بە زۆربەی ئەو رێگرییە یاساییانە هێنا کە دژی کەمینەکان بەکاردەهێنران و بووە وەرچەرخانێکی گەورە لە مسۆگەرکردنی مافی دەنگداندا.
- کەمکردنەوەی تەمەنی دەنگدان: لە ساڵی 1971 و لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکان دژی جەنگی ڤێتنام، تەمەنی دەنگدان لە ئەمریکا لە 21 ساڵەوە بۆ 18 ساڵ کەمکرایەوە.
سەرەڕای ئەم پێشکەوتنانە، خەبات بۆ پاراستنی مافی دەنگدان بەردەوامە و لەم ساڵانەی دواییدا لە زۆر وڵاتدا، بەبیانووی جیاواز، هەوڵ بۆ سنووردارکردنەوەی ئەم مافە دراوە.
عیراق شانۆی خەون بینین بە ئاشتی و مەیدانی خوێنڕشتن:
عیراق، کە هەمیشە وڵاتێک بووە دژ بە خەونی هاووڵاتییەکانی کە بەردەوام خەونیان بە ئاشتیەوە بینیوە، بە هۆکارە سیاسی و تائیفی و ئاینییەکان، مەیدانی خوێن و جەنگ و یەکتر کوشتن و ڕەتکردنەوە بووە، بە کۆمەڵێک وێستگە و هەنگاوی دژ بە یەکدا ڕۆشتووە.
یەکەم ئەزموونی هەڵبژاردن لە مێژووی عیراقدا (1925)
دوای دامەزراندنی دەوڵەتی پاشایەتیی عیراق، یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ساڵی 1925 بەڕێوەچوو. ئەم پرۆسەیە لەسەر بنەمای دەستووری بنەڕەتیی عیراق و یاسای هەڵبژاردنی نوێنەرانی ساڵی 1924 رێکخرا، بەڵام لەگەڵ دیموکراسیی مۆدێرندا جیاوازییەکی زۆری هەبوو.
شێوازی هەڵبژاردن: هەڵبژاردنەکە ناڕاستەوخۆ و دوو قۆناغی بوو. لە قۆناغی یەکەمدا (کە لە مانگەکانی 3 بۆ 5ی 1925 بەڕێوەچوو)، دەنگدەرانی ئاسایی (هەڵبژێرەری یەکەم) کۆمەڵێک کەسیان هەڵدەبژارد کە پێیان دەوترا "هەڵبژێرەری دووەم". لە قۆناغی دووەمدا (مانگی 6ی 1925)، ئەم "هەڵبژێرەرە دووەمانە" ئەندامانی پەرلەمانیان هەڵدەبژارد.
مەرجە سنووردارەکان :مافی بەشداریکردن زۆر سنووردار بوو:
- مەرجەکانی دەنگدەر (هەڵبژێرەری یەکەم):
- دەبوو رەگەزی نێر بێت (ژنان بە تەواوی بێبەش بوون).
- تەمەنی لە21 ساڵ کەمتر نەبێت.
- دەبوو باجدەر بێت، واتە بڕە باجێکی دیاریکراوی بە حکومەت دابێت، کە ئەمەش راستەوخۆ دەبووە هۆی بێبەشکردنی هەژارترین توێژەکانی کۆمەڵگە و دەسەڵاتی دەدایە دەست خاوەن سامان و موڵکدارەکان.
- سەربازان و ئەفسەرانی سوپا و پۆلیس مافی دەنگدانیان نەبوو.
- مەرجەکانی خۆپاڵاوتن بۆ ئەندامێتیی پەرلەمان:
- دەبوو پیاوێکی عیراقی بێت و تەمەنی لە ٣٠ ساڵ کەمتر نەبێت.
- دەبوو خوێندەوار بێت.
- هیچ تۆمارێکی تاوانی نەبێت کە شکۆی لەکەدار بکات.
- نابێت ئیفلاسی کردبێت یان فەرمانبەری حکومەت بێت.
- نابێت خزمایەتیی نزیکی لەگەڵ بنەماڵەی پاشا هەبێت.
یەکەمین پەرلەمانی عیراق لە 88کورسی پێکهاتبوو و یەکەم دانیشتنی لە 16ی تەمموزی 1925 ئەنجامدرا. ئەم ئەزموونە سەرەتاییە، سەرەڕای کەموکوڕییەکانی، وەک یەکەم هەنگاوی عیراق بەرەو ژیانی پەرلەمانی لە مێژوودا تۆمار کراوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
سبەی، 2025/11/11کە عیراق و کوردستان لە ناو ئاڵنگاری و بایکۆتی سەدر و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا، بە بەشداریی زیاتر لە 20 ملیۆن دەنگدەر پێدەنێتە خولی شەشەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و هەر لایەنەی گرەو لەسەر بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگی دەنگدەران دەکات، کۆمەڵێک بەربەستی دیار هەن کە ڕەنگە نەتوانین نادیدەی بگرین:
_1بانگەوازی فراوانی سەدر بۆ بایکۆت.
2_گەڕانەوەی تیرۆر و تیرۆرکردنی کاندیدێکی سەر بە هاوپهیمانى سیاده بەناوی سەفا حسین مەشھەدانی و هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی کاندیدێکی تر و چەندین هۆکاریتر.
سێیەم: ئەزموونی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان:
دوای دەیان ساڵ لە حوکمی تاکڕەوانە لە عیراق، راپەڕینی گەلی کوردستان لە ساڵی 1991 وەرچەرخانێکی مێژوویی دروست کرد. کشانەوەی دامەزراوەکانی حکومەتی ناوەندی، بۆشاییەکی کارگێڕی و یاسایی دروست کرد. بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە، بەرەی کوردستانی بڕیاریدا پەنا بۆهەڵبژاردنێکی گشتی ئەنجام بدات.
لە 19ی ئایاری 1992، یەکەمین هەڵبژاردنی ئازاد و دیموکراسی لە مێژووی کوردستاندا بەڕێوەچوو. ئەم هەڵبژاردنە نەک تەنها بۆ هەڵبژاردنی نوێنەران بوو، بەڵکو دامەزراندنی شەرعییەتی سیاسیی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە و پاش چەندین شۆڕش و چەندین ساڵ لە وەستانەوە و خەبات دژ بە بەعس، توانرا جۆرێک سەربەخۆیی و دانپێدانانی گشتی بەدەستبهێنێت و زۆر دەرئەنجامی گرنگی لێبکەوێتەوە.
گرنگترین دەرئەنجامەکانی بریتی بوون لە:
- دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان: وەک یەکەم دەسەڵاتی یاسادانان لە مێژووی کورددا.
- پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان: لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و بە بەشداریی هێزە سەرەکییەکان (یەکێتی و پارتی) بە شێوەی 50 بە 50
ئەم ئەزموونە، سەرەڕای ئەو ئاڵنگاری و قەیرانانەی روبەڕووی بووەتەوە، بناغەی سیستمێکی سیاسیی فرەحیزبی لە هەرێمی کوردستان دانا و وایکرد دەنگدان ببێتە بەشێکی سەرەکی لە ژیانی سیاسی و مەدەنیی هاووڵاتیانی کوردستاندا.
دەرەنجام:
مێژووی دەنگدان بەگشتی، چیرۆکی خەباتی بەردەوامی مرۆڤایەتییە بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین. لە ئەسینای کۆنەوە کە مافێک بوو بۆ ژمارەیەکی کەمی هەڵبژاردە، تا دەگاتە ئەمڕۆ کە بووەتە مافێکی گشتگیر بۆ هەمووان بێ جیاوازی ئاینی و سیاسی و ڕەگەزی.
هەرێمی کوردستان و عیراقیش بێدابڕان لە هەڵبژاردنێکی سنوورداری ساڵی 1925 لە عیراق، تا دەگاتە هەڵبژاردنە فرەحیزبییەکانی دوای 2003 و ئەزموونی تایبەتی هەرێمی کوردستان کە لە ئەنجامی ڕاپەڕین و ئیرادەی گەلەوە لەدایک بوو، نموونەیەکی بەرچاوی ئەم گەشتە مێژووییەن.



