سبەینێ دەنگدانی گشتی لە هەریمی کوردستان و عیراق بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەدەچێت، بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، بۆ پرۆسەی دەنگدانی گشتی 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

ژمارەی دەنگدەران، بەسەر هەشت هەزار و 703 بنکە و 39 هەزار و 285 وێستگەدا دابەشبوون.

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق 329 کورسییە و لەو ژمارەیە 46 کورسیان بۆ پارێزگاکانی هەرێمە، ئەوەش جگە لە کورسییەکانی ناوچە دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

هەر بەپێی ئامارەکە، ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە عیراق 21 ملیۆن و 404 هەزار 291 کەسن و لەو ژمارەیەش یەك ملیۆن و 313 هەزار و 980 دەنگدەری تایبەتن، کە دوێنێ بە رێژەی گشتی ٪82 لە سەرانسەری عیراق بەشدارییان لە هەڵبژاردن کردووە.

جێگەی ئاماژەیە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە سێ ملیۆن و 68 هەزار و 411 کەسە، دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانیش رێژەی ٪14ـی کۆی دەنگدەرانی عێراق پێکدەهێنن.

 

دەنگدەران بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێم دابەشبوون:

لە سلێمانی، بە هەڵەبجە و گەرمیان و راپەرینەوە، ملیۆنێک و 210 هەزار و 658 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

لە هەولێر ملیۆنێک و 87 هەزار و 880 کەس مافی دەنگدانی هەیە.

لە دهۆک 778 هەزار و 846 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

 

هاوکات دوێنێ، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە عیراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، کە رێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت 82.48% بووە.

لەلای خۆشیەوە دادوەر عومەر ئەحمەد سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەنگدانی تایبەت لە كەشێكی ئارامدا بەڕێوەچووە و كۆمیسیۆنیش بە یەك دووری لەسەرجەم كاندیدەكان وەستاوە.

وتیشی، لە دەنگدانی تایبەتدا زیاتر لە یەك ملیۆن و 100 هەزار كەس دەنگیان داوە.

سبەینێ 11ـی11ـی2025 دەنگدانی گشتی لە سەرانسەری عیراق بەرێوەدەچێت و کە زیاتر لە 20 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

 

کلیک لێرە بکە و لەم شیکارییەی کوردسات نیوزدا بینەری سەرجەم وردەکارییەکان و ئامار و داتاکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ببە....