ئەمڕۆ ٣٦ ساڵ بەسەر روخانی دیواری بەرلیندا تێدەپەڕێت... چۆن دیوارێک توانی جیهان دابەشبکات؟
راهۆز
٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ، 8ی 11 /2025، 36 ساڵ بەسەر ئەو شەوە مێژووییەدا تێدەپەڕێت تێیدا دیواری بەرلین، کە وەک هێمای دابەشبوونی جیهان لە سەردەمی شەڕی سارددا دەبینرا، روخێنرا. ئەم دیوارە بۆ ماوەی 28 ساڵ نەک تەنها شارێکی دابەشکرد، بەڵکو بووە سنورێکی بەرجەستە لەنێوان دوو ئایدۆلۆژیای دژ بەیەک: سەرمایەداریی رۆژئاوا و کۆمۆنیزمی رۆژهەڵات. چیرۆکی ئەم دیوارە، چیرۆکی دابڕان، هیوا و دواجار سەرکەوتنی ئیرادەی مرۆڤە بەسەر بەربەستەکاندا.
دیواری بەرلین تەنها کۆمەڵێک بلۆکی کۆنکرێتی نەبوو، بەڵکو برینێکی قووڵ بوو کە بۆ ماوەی28 ساڵ جەستەی نەتەوەیەک و دڵی هەزاران خێزانی لەت کردبوو. لە 13ی ئابی 1961، حکومەتی ئەڵمانیای رۆژهەڵاتی ژێر هەژموونی سۆڤیەت، بە شەوێک قەڵایەکی دروست کرد کە هاوڕێی لە هاوڕێ، برای لە برا و دایکی لە رۆڵەکانی جیاکردەوە. ئەم دیوارە بووە زیندانێکی گەورە بۆ ملیۆنان کەس کە خەونیان بە ئازادییەوە دەبینی و بووە سیمبولی بەرجەستەی "پەردەی ئاسنین" و جەنگی سارد.
هۆکاری دروستکردنی دیوارەکە:
دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم لە ساڵی 1945، ئەڵمانیای دۆڕاو لە کۆنفرانسەکانی یاڵتا و پۆتسدامدا کرایە دوو ناوچە و بەسەر چوار هێزدا دابەشکرا: رۆژهەڵات بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، و رۆژئاوا بۆ ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا. شاری بەرلین، هەرچەندە بە تەواوی دەکەوتە ناو بەشەکەی سۆڤیەتەوە، بەڵام ئەویش بەهەمان شێوە دابەشکرا.
ئەم دۆخە بووە هۆی دروستبوونی دوو دەوڵەتی ئەڵمانی: کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵی (ئەڵمانیای رۆژئاوا) و کۆماری دیموکراتیی ئەڵمانیا (ئەڵمانیای رۆژهەڵات). بەرلینی رۆژئاوا وەک دوورگەیەکی سەرمایەداری لەناو دەریایەکی کۆمۆنیستیدا مایەوە، خاڵێک کە نیکیتا خرۆشۆڤ، سەرکردەی سۆڤیەت، بە "ئێسکێک لە قوڕگی سۆڤیەتدا" وەسفی کرد.
بۆشایی گەورەی ئابووری و سیاسی لەنێوان هەردوو بەشەکەدا بووە هۆی شەپۆلێکی گەورەی کۆچکردن لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا. تا ساڵی 1961، نزیکەی 3 ملیۆن ئەڵمانیی رۆژهەڵات، کە زۆربەیان کرێکاری شارەزا، پزیشک و مامۆستا بوون، بەرەو رۆژئاوا هەڵهاتبوون. تەنها لە 11 رۆژی یەکەمی مانگی ئابی 1961دا، 16هەزار کەس سنووریان بەزاند.
لە بەرەبەیانی 13ی ئابی 1961، خەڵکی بەرلین بەدیمەنێکی چاوەڕواننەکراو خەبەریان بووەوە؛ حکومەتی کۆمۆنیستیی ئەڵمانیای رۆژهەڵات دەستیکردبوو بە دروستکردنی دیوارێکی تەلبەند و کۆنکرێتی، کە بە رەسمی ناوی "قەڵغانی دژە فاشیزم"ی لێنرابوو. بەڵام ئامانجی سەرەکی، رێگرتن بوو لەو لێشاوی کۆچکردنە.
لەناکاو، خێزانەکان دابڕان، کرێکاران لە کارەکانیان دوورکەوتنەوە و دەرگای نێوان رۆژهەڵاتی سۆسیالیستی و رۆژئاوای ئازاد بۆ ماوەی 28 ساڵ داخران. ژیان بە تەواوی گۆڕا.
ژیان لە پشتی دیوارەوە: ٢٨ ساڵ دابڕان:
ژیان لە ئەڵمانیای رۆژهەڵات کەوتە ژێر چاودێریی توندی پۆلیسی نهێنی "ستازی". وەک خانمێک کە دوای رووخانی دیوارەکە سەردانی رۆژئاوای کردبوو دەیگێڕێتەوە، "بۆ ماوەی 28 ساڵ بوو خەیارێکی تازەم نەبینیبوو" و سەرسام بوو بە بینینی فرۆشگاکانی پڕ لە سەوزە و میوەی فرێش. خێزانەکان خەونیان بە بینینی پاریسەوە دەبینی و بە ئۆتۆمبێلە بچوکەکانی جۆری "ترابانت" و بە ساندویچی ماڵەوە گەشتێکی دوو رۆژەیان بۆ ئەوێ دەکرد.
سەرەڕای مەترسییەکان، زیاتر لە پێنج هەزار کەس، لەنێویاندا 600 پاسەوانی سنوور، توانییان لە رێگەی سەرسوڕهێنەرەوە هەڵبێن: بازدان لە پەنجەرەوە، خۆهەڵواسین بەسەر تەلبەندەکاندا، فڕین بە باڵۆنی گەرم، خشین بەناو ئاوەڕۆکاندا و لێخوڕینی خێرا بەناو بەشە لاوازەکانی دیوارەکەدا. بەڵام ئەم هەوڵانە بێ قوربانی نەبوون؛ بەلایەنی کەمەوە 171 کەس لە هەوڵی پەڕینەوەدا کوژران.
ڕووخانە چاوەڕواننەکراوەکە: هەڵەیەکی بیرۆکراسی کە مێژووی گۆڕی
لە ساڵی 1989دا، شەپۆلی شۆڕش و گۆڕانکاری بەسەر بلۆکی رۆژهەڵاتدا هاتبوو. ریفۆرمەکانی میخائیل گۆرباچۆڤ ("گلاسنۆست" و "پەرەسترۆیکا") و سەرکەوتنی بزوتنەوەی "یەکبگرن" لە پۆڵەندا و کردنەوەی سنووری نەمسا لەلایەن هەنگاریاوە، کۆڵەکەکانی سیستمی کۆمۆنیستییان لەرزاندبوو.
شەوی 9ی تشرینی دووەمی 1989، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، گونتەر شابۆڤسکی، وتەبێژی حزبی کۆمۆنیستی ئەڵمانیای رۆژهەڵات، بەبێ ئەوەی بە وردی ئەو یاداشتەی بەدەستییەوە بوو بیخوێنێتەوە، رایگەیاند؛ رێوشوێنی نوێ بۆ گەشتکردن گیراوەتەبەر و هاووڵاتیان دەتوانن گەشت بکەن. کاتێک رۆژنامەنووسێک پرسی "کەی؟"، ئەو بە شڵەژانەوە وتی: "تا ئەو شوێنەی من بزانم... دەستبەجێ، بێ دواکەوتن."
ئەم هەواڵە وەک بۆمبێک لە تەلەفزیۆنەکاندا تەقییەوە. هەزاران هاووڵاتیی رۆژهەڵات روویان لە خاڵە سنوورییەکان کرد و هاواریان دەکرد "دەرگاکە بکەنەوە!". پاسەوانەکان کە هیچ فەرمانێکی روونیان پێنەگەیشتبوو، دواجار ناچاربوون دەروازەکان بکەنەوە. دیمەنی باوەشپیاکردنی ئەڵمانییەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، پێشکەشکردنی گوڵ و شامپانیا و سەماکردن لەسەر دیوارەکە، بووە یەکێک لە زیندووترین دیمەنەکانی مێژووی هاوچەرخ.
رووخانی دیواری بەرلین تەنها کۆتاییهاتنی شەڕی سارد و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا نەبوو، بەڵکو سەلماندی کە هیچ دیوارێک، هەرچەندە بەرز و پتەو بێت، ناتوانێت بۆ هەتاهەتایە ئیرادەی مرۆڤەکان بۆ ئازادی زەوت بکات.



