دوای 36 ساڵ چاوەڕوانی و گەڕانێکی بێوچان، دایکێک توانی چارەنووسی کچەکەی ئاشکرا بکات کە لە تەمەنی ساواییدا بۆ هەڵگرتنەوە دابووی بە کەسێک، بەڵام دەرکەوت لەلایەن ئەو باوکەیەوە کە هەڵیگرتبووەو کوژراوە و لە حەوشەی ماڵەکەیدا نێژراوە. چیرۆکی کاتی تەرکانیان، چیرۆکی دایکێکە کە هەرگیز کۆڵی نەدا تا راستیی مەرگی کچەکەی، ئەلێکسیس، ئاشکرا بکات.

لە ساڵی 2010دا، "کاتی تەرکانیان"، کە پەرستارێکی خانەنشین بوو، نامەیەکی لە فەرمانگەی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی ویلایەتی ڤێرجینیا پێگەیشت. تێیدا داوای نمونەی DNAی لێکرابوو بۆ بەراوردکردن لەگەڵ تەرمێکی نەناسراودا کە رەنگە هی کچە ونبووەکەی بێت. هەرچەندە ئەنجامی پشکنینەکە نەرێنی دەرچوو و هیوابەخش بوو، بەڵام ئەمە سەرەتای گەشتێکی درێژی "کاتی" بوو بۆ دۆزینەوەی راستییەکان.

"کاتی" خودی خۆی، لە تەمەنی14 ساڵیدا لە ماڵەوە هەڵهاتبوو بەهۆی ژیانی سەختی خێزانەکەیەوە. لە نیو ئۆرلیانز، لەگەڵ راندی بێجەر ئاشنا بوو و پێکەوە لە سێرکێکدا کاریان دەکرد، کە کاتی رۆڵی "کچە گۆرێلا"کەی دەبینی. لە تەمەنی 15 ساڵیدا دووگیان بوو و کچەکەی ناونا ئەلێکسیس. بەڵام بەهۆی فشاری دایکییەوە کە توشی شێرپەنجە ببوو، ناچاربوو کچەکەی بداتە خێزانێک بۆ هەڵگرتنەوە.

دوای وەرگرتنی نامەکە، "کاتی" دەستیکرد بە لێکۆڵینەوەی خۆی و زانیارییەکانی کۆکردەوە. بۆی دەرکەوت کە کچەکەی، کە ناوی گۆڕدرابوو بۆ ئاندریا بۆومان، لەلایەن دێنیس و برێندا بۆومانەوە هەڵگیرابووەوە. هەروەها زانی کە باوکە هەڵگرەوەکەی، دێنیس بۆومان، خاوەنی رابردوویەکی تاوانکارییە و پێشتر بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دەستدرێژیی سێکسی زیندانی کرابوو.



کاتێک پۆلیس هاوکاریی پێویستی نەکرد، "کاتی" بڕیاریدا خۆی بجوڵێت. بیلبۆردێکی گەورەی لە نزیک ماڵی بنەماڵەی بۆومان بە کرێ گرت، خەڵاتێکی 11 هەزار دۆلاری بۆ هەر زانیارییەک دانا و بە ئاشکرا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دێنیس بۆومانی بە کوشتنی کچەکەی تۆمەتبار کرد. ئەو دڵنیابوو کە تەرمی کچەکەی لە حەوشەی پشتەوەی ماڵەکەیاندا لەژێر پارچە زەوییەکی کۆنکرێتکراودا شاردراوەتەوە.



وەرچەرخان لە کەیسەکەدا لە ساڵی 2019دا روویدا، کاتێک دێنیس بۆومان بە تۆمەتی کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنێکی دیکە بەناوی کاتلین دۆیڵ لە ساڵی 1980دا، دەستگیرکرا. پۆلیس ئەم دەرفەتەی قۆستەوە و بە بۆومانیان وت ئەگەر دان بەوەدا بنێت چی بەسەر ئەلێکسیسدا هێناوە، رێگەی پێدەدەن لە زیندانێکی نزیک لە هاوسەرەکەی بمێنێتەوە.


ئەم تاکتیکە سەرکەوتوو بوو. بۆومان دانی بەوەدانا کە دوای ئەوەی زلەیەکی لە ئەلێکسیس داوە، کچەکە کەوتووە و ملی شکاوە. دواتر بۆ شاردنەوەی تاوانەکەی، تەرمەکەی پارچە پارچە کردووە و لە حەوشەی ماڵەکەیدا ناشتوویەتی.

لە ساڵی 2020دا، پۆلیس حەوشەی ماڵی بۆومانی هەڵکۆڵی و پاشماوەی مرۆڤیان دۆزییەوە. دوای پشکنینی DNA، دەرکەوت کە پاشماوەکە هی ئەلێکسیسە.


دێنیس بۆومان بە دوو زیندانیی هەتاهەتایی بۆ کوشتنی کاتلین دۆیڵ و 35بۆ 50 ساڵی دیکەش بۆ کوشتنی ئەلێکسیس سزادرا.

ئەلێکسیس بۆ ئەوەی لەبیربکرێت، لە داهاتوو بێبەشکرا، بەڵام دایکە راستەقینەکەی هەرگیز لەبیری نەکرد و دواجار، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، دۆزییەوە.