پاولۆ بیا، سەرۆک کۆماری کامێرون کە تەمەنی 92 ساڵە، لە خولی هەشتەمی سەرۆکایەتیدا لە هەڵبژاردنێکی توند و پڕ لەململانێ و  مشتومڕدا لەسەر ئەنجامەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

ئەنجوومەنی دەستووری کامیرۆن رایگەیاند، پۆڵ بیا کە بەتەمەنترین سەرۆکی دەوڵەتی جیهانە، 53.7%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا عیسا چیرۆما رکابەری سەرەکی و سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە  35.2%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

پاوڵ بیای سەرۆک کۆمار تەمەنی 92 ساڵ و بەتەمەنترین سەرۆکی دەوڵەتی جیهان کە جارکیتر وەک سەرۆکی وڵاتەکەی هەڵبژێردرایەوە و   ئەمە هەشتەمین خولی سەرۆکایەتییەکەیەتی لەسەریەکە کە بیا دەسەڵاتی بەدەستهێناوە.

 دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانیش، بیا سوپاسی دەنگدەرانی کرد کە "جارێکی دیکە" متمانەیان پێی هەبووە و لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند؛ لە دڵەوە هیوادارە کە پێکەوە، بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە دەست بە بنیاتنانی کامیرۆنێکی ئارام و یەکگرتوو و ئاوەدان بکەن.

ئەنجامەکە بۆ زۆرێک لە کامێرونییەکان نائومێدکەر بوو، چونکە سەرەڕای دەنگۆی پێشبڕکێیەکی نزیک و بانگەشەی سەرکەوتن لەلایەن رکابەرە سەرەکییەکەیەوە، عیسا چیرۆما باکاری، بەڵام هیوایەکی کورت بۆ گۆڕانکارییەکی چاوەڕواننەکراو هەبوو، بەپێی ئەنجامە رەسمییەکان، بیای سەرۆک بە رێژەی 53.7%ی دەنگەکان سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، دوای ئەویش چیرۆمای رکابەری بە 35.2%ی دەنگەکان دێت.

بیا کە زیاتر لە 43 ساڵە لە دەسەڵاتدایە، شێوازی سەرکردایەتییەکەی کە بە دەگمەن کۆبوونەوەی رەسمی کابینەی حکومەت ئەنجام دەدات یان هەڵوێست لەسەر پرسە هەستیارەکان وەردەگرێت، کەشێکی ناڕوونی لەبارەی ئامانجەکانی حکومەت و داڕشتنی سیاسەتی نیشتمانی دروستکردووە. لەسەر ئاستی جێبەجێکردن، وەزیر و بەرپرسان پلانی جۆراوجۆر پەیڕەو دەکەن، بەڵام هیچ ئاراستەیەکی سیاسی روون نییە لە حکومەتەکەیدا.

لە ژێر دەسەڵاتی بیادا، حکومەت ناوبەناو ناڕەزایەتییەکانی سەرکوت کردووە و رەخنەگرانی دەستگیر کردووە، بەڵام مانەوەی بیا تەنیا پەیوەست نەبووە بە پاوانخوازی، توانیویەتی هاوسەنگییەکی تاڕادەیەک باش لە نێوان ناوچە جۆراوجۆرەکانی وڵات و نەتەوەکاندا دروست بکات.

سەرەڕای فشارەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، حکومەتی بیا لە قەیرانی قەرزەکان رزگاری بوو و سەقامگیرییەکی رێژەیی دارایی دامەزراند. لەم ساڵانەی دواییدا بیا لە هەموو کاتێک زیاتر لە پاشایەکی دەستووری دەچێت، هێمایەک کە هەندێک بڕیاری سەرەکی دەدات و ئەوەی دیکە بۆ ئەوانی دیکە جێدەهێڵێت.

لە کاتێکدا کامیرۆن رووبەڕووی ئاستەنگی ئابووری و قەیرانێکی خوێناوی دەبێتەوە لە ناوچە ئینگلیزی زمانەکاندا، زۆر کەس ئەدای بیا بە هۆکارێک بۆ پەرەسەندنی گرژییەکان دەزانن، بەڵام ئەو هیچ کاتێک شکستی نەهێناوە، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018دا توانی بەسەر رکابەرەکەی ماوریس کامتۆ سەربکەوێت و کامتۆش دوای ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر ئەنجامەکان بۆ ماوەی زیاتر لە هەشت مانگ زیندانی کرا.

ئەمجارەیان کاندیدکردنی چیروما بەکاری، وەزیری پێشوو و زیندانی سیاسی کەشێکی جیاوازی دروستکرد وەک موسڵمانێک پشتیوانییەکی بەربڵاوی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانەوە بۆ خۆی راکێشا، تەنانەت ناوچە ئینگلیزی زمانەکانیش. کە بوو بوە هیوایەک بۆ کامیرۆنییەکان، ئیدی سەرۆکەکەیان بگۆڕن، بەڵام دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، سەرکەوتنەوەی سەرۆکە پیرەکەی جیهان،  توڕەیی و ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی دووالا و گاروا پەرەی سەند و هەواڵی تەقەکردنی هێزە ئەمنییەکان بڵاوکرایەوە و چەندین کەس بریندار بوون و ژمارەیەکیش کوژراون و تا ئێستاش نارەزایەتییەکان کۆتاییان نەهاتووە.