رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمڕۆ لەسەر دوڕیانێکی چارەنووسساز وەستاوە کە پەیوەستە بە داهاتووی غەززە و حەماس، و هاوکات هاوسەنگیی هێزە ئیقلیمییەکان لە ناوچەیەکی فراوانتردا. لەنێو هەموو ئەمانەشدا، ئەو پرسیارەی کە هەمیشە دەکرێت ئەوەیە، ئایا هێزەکانی تورکیا لە غەززە وەک خۆیان دەڵێن، "بۆ پاراستنی ئاگربەست" بڵاودەکرێنەوە؟

تورکیا کارتی بەهێزی بەدەستەوەیە، بەڵام ناتانیاهۆش دەستەوەستان دانەنیشتووە و لەژێر فشاری حکومەتەکەیدایە بۆ وەستانەوە دژ بە ئامادەیی تورکیا.

کەواتە چی رودەدات؟

مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند کە بەشداریی تورکیا و دەسەڵاتی فەڵەستینی لە غەززە لە چوارچێوەی پلانی ئاگربەستی پشتگیریکراو لەلایەن ئەمریکاوە هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە و جەختی کردەوە کە "پێویستە ئیسرائیل بەو وڵاتانە ئاسوودە بێت" کە هێزەکانیان لە کەرتی غەززە جێگیر دەکەن.

ئەم لێدوانانەی رۆبیۆ لە کاتێکدایە کە حکومەتی ئیسرائیل بەردەوام بیرۆکەی رۆڵگێڕانی دەسەڵاتی فەڵەستینی و بزوتنەوەی حەماسی لە غەززەی دوای شەڕ رەتکردووەتەوە، هاوکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا لە ماوەی شەڕەکەدا بە تەواوی پاشەکشەی کردووە.

"پێکهاتەی هێزەکە هێشتا دیاری نەکراوە"

رۆبیۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سەنتەری هەماهەنگیی مەدەنی-سەربازیی ئەمریکا، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا هێزی تورکیا لە چوارچێوەی "هێزی سەقامگیریی نێودەوڵەتی" لە غەززە بڵاودەکرێتەوە، وتی: "ئێمە هێشتا ئەو هێزەمان پێک نەهێناوە، بۆیە کارکردن لەسەری بەردەوامە."

وتیشی: "بە دڵنیاییەوە، کاتێک ئەم هێزە پێکدەهێنرێت، دەبێت لەو وڵاتانە پێکبێت کە ئیسرائیلیش پێیان ئاسوودەیە... زۆر وڵات هەن کە خواستی خۆیان نیشانداوە، بەڵام لە ئێستادا ناتوانم ناویان بهێنم."

هاوکات جێگەی ئاماژەیە؛ دوو گرووپ لە وڵاتان هەن کە ئیسرائیل گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکردوون:

  • یەکەمیان: ئەو وڵاتانەی کە ناتانیاهۆ لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمەوە توانیویەتی پەیوەندییەکانی لەگەڵیاندا بهێڵێتەوە، وەک ئیمارات و میسر.

  • دووەمیان: ئەو وڵاتانەی کە مەرجیان ئەوەیە زۆرینەی سەربازەکان موسڵمان بن. بەڵام ئیسرائیل وڵاتانی دەرەوەی ناوچەکەی دەوێت، و لەم چوارچێوەیەدا ئەندەنوسیا، پاکستان و ئازەربایجان دەردەکەون. تورکیاش ناکەوێتە خانەی هیچ کام لەم دوو پۆلێنەوە.

چۆن پرسی ئامادەیی تورکیا لە غەززە بووە یەکێک لە بابەت و ئەگەرە سەرەکییەکان؟

کاتێک چوار سەرکردە، و لە ناویاندا ئەردۆغان، لە 13ـی تشرینی یەکەم لە میسر راگەیەندراوی نیازپاکیی ئاشتییان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیمزا کرد، چەندین پرسیار لە ئارادا بوون. رابردووی جووڵەکانی ئیسرائیل و حەماس، ئەگەری پێشێلکردنی ئاگربەست، و ئەو کەلێنانەی لە رێککەوتنە پێشنیازکراوەکەدا هەبوون، هەمووی پرسیاری گرنگ بوون.

بەڵام هەر خودی ئیمزاکردنی ئەو راگەیەندراوە بە ئامادەیی ئەردۆغان، پێگەی تورکیای لە پرسی غەززەدا لە لایەنگرییەوە گۆڕی بۆ لایەنێکی گەرەنتیکەری رێککەوتنی وەستانی جەنگ و لە بەرامبەردا چاوەڕوانی و ئەگەری بڵاوەپێکردنی سەربازانی تورک لە غەززە ورووژا.

ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، کە سەردانی تەلئەبیبی کردبوو بۆ رێگریکردن لە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ پێشێلکردنی ئاگربەست، خشتە کاتییەکەی رێککەوتنەکەی بەم شێوەیە دیاریکرد: رادەستکردنی چەکەکانی حەماس، بڵاوەپێکردنی هێزە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەقامگیرکردنی غەززە، و پێکهێنانی ئیدارەیەکی جێگرەوە.

"نابێت هیچ لایەنێک ڤیتۆی لەسەر بێت"

لەبارەی ئەو راپۆرتانەی کە باس لەوە دەکەن ئیسرائیل بە ئەمریکای وتووە بوونی هێزی تورکیا لە غەززە "هێڵی سوورە"، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی: "نامەوێت بچمە ناو وردەکاریی ئەوەی کێ ڤیتۆ کراوە و کێ ڕێگەی پێنادرێت. بەڵام ئاشکرایە، هەر ئەندامێکی ئەم هێزە دەبێت کەسێک بێت کە توانایی و ئیرادەی هەبێت، هەروەها کەسێک بێت کە هەموو لایەنێک، بە ئیسرائیلیشەوە، پێی ئاسوودە بن."

سەبارەت بە رۆڵی دەسەڵاتی فەڵەستینی لە حوکمڕانیی کەرتی غەززەی دوای شەڕ، رۆبیۆ وتی: "ئێمە نیگەرانییەکانی خۆمان سەبارەت بە دۆخی ئێستای دەسەڵاتی فەڵەستینی دەربڕیوە. بێگومان پێویستی بە چاکسازی هەیە سەبارەت بەوەی چ ڕۆڵێک لە داهاتووی غەززەدا دەگێڕێت. ئەوە هێشتا دیاری نەکراوە، ئەگەر هەر ڕۆڵێکیشی هەبێت. ئێمە نازانین."

هەروەها دووپاتیکردەوە: "غەززە ناتوانێت شوێنێک بێت لەلایەن هەر لایەنێکەوە بەڕێوەببرێت کە بیەوێت وەک ناوەندێک بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکاری بهێنێت. ئەگەر وابێت، ئەوا شەڕێکی تر رودەدات... هەرگیز ئاشتی نایەتە ئاراوە ئەگەر ناوچەیەک وەک پێشوو بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی ئیسرائیل بەکاربهێنرێت. هەموو لایەنێک لەمە تێدەگات، هەموو ئەوانەی ئەم رێککەوتنەیان واژۆ کردووە لەمە تێدەگەن."

شیکاری و دەرەنجام:

لێرەدا، ململانێیەکە لەسەر ئاستی لێدوان و فشارە دیپلۆماسییەکان دەرکەوتووە و بووەتە "جەنگی گێڕانەوەکان". لە کاتێکدا میدیای ئیسرائیلی وەک "يسرائيل هيوم" باس لەوە دەکات کە کارەکە تەواو بووە و ئەمریکا "ڤیتۆ"کەی ئیسرائیلی لە دژی تورکیا قبووڵ کردووە، سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا پێچەوانەکەی دەڵێن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە سوپاکەیان "ئامادەکاریی تەواوی کردووە" بۆ رۆڵگێڕان لە غەززە و پشتیوانیی ئەمریکاشیان هەیە.

دژایەتییە توندەکەی ئیسرائیل تەنها پەیوەست نییە بە هەڵوێستە توندەکانی ئەردۆغانەوە، بەڵکو رەهەندێکی ستراتیژیی قووڵی هەیە:

  • یەکەم: بوونی هێزێکی وەک تورکیا لە غەززە، کە خۆی بە پارێزەری فەڵەستینییەکان دەزانێت، پلانی ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی داهاتووی غەززە ئاڵۆز دەکات.

  • دووەم: ئیسرائیل ترسی لەوە هەیە کە بوونی سەربازیی تورکیا ببێتە هاندەرێک بۆ بەهێزبوونەوەی بزوتنەوەی حەماس و زیندووهێشتنەوەی چارەسەری دوو دەوڵەتی، کە حکومەتی ئێستای ناتانیاهۆ بە توندی دژی دەوەستێتەوە.

  • سێهەم: بوونی تورکیا لەم هاوکێشەیەدا، باڵادەستیی ئیقلیمیی ئیسرائیل دەخاتە ژێر پرسیارەوە و رکابەرێکی بەهێزی لە تەنیشت سنوورەکانییەوە بۆ دروست دەکات کە دۆستی دوژمنەکەی دەکات. 

لە کۆتاییدا، پرسی بوون یان نەبوونی تورکیا لە غەززە، بووەتە تاقیکردنەوەیەکی راستەقینە بۆ هاوسەنگیی هێز لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا. ئایا "هێڵە سوورەکەی" ئیسرائیل هێندە بەهێزە کە بتوانێت ئەندامێکی گرنگی ناتۆ لە هاوکێشەکە دووربخاتەوە؟ یان پێگەی تورکیا وەک "وڵاتی گەرەنتیکار" و پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ واشنتۆن، قسەی کۆتایی دەکات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە، تەنها چارەنووسی هێزە نێودەوڵەتییەکە دیاری ناکات، بەڵکو نەخشەی داهاتووی کاریگەریی وڵاتان لە ناوچەکەدا دەکێشێت و رەنگە ئەگەرێکیش بێت بۆ ئەوەی بزانین، حەماس دەگاتە کوێ.