ئەگەر ئەمریکا موشەکی تۆماهوک بداتە ئۆکراین، ئەوا نزیکەی دوو هەزار بنکەی سەربازیی روسیا لەوانەش 76 بنکەی ئاسمانی، دەکەونە ژێر مەودای ئەم چەکە دوورهاوێژەوە. 

ئەم زانیارییە لە پۆستێکی پەیمانگای لێکۆڵینەوەی جەنگ (ISW) لە پلاتفۆرمی ئێکس (X) لەگەڵ نەخشەیەکی ناوچە مەترسیدارەکانی روسیادا بڵاوکراوەتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو رایگەیاند لە ساتەوەختی بڕیارداندایە سەبارەت بە ناردنی موشەکەکانی تۆماهۆک بۆ ئۆکراین، جەختی لەوەش کردەوە دەبێت بزانێت ئامانج لە بەکارهێنانی ئەم مووشەکانە چییە و دژی چ ئامانجێک بەکاردەهێنرێن.

پێشتر ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردبوویەوە کە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین، هەفتەی رابردوو لە پەراوێزی ٨٠هەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە هاوتا ئەمریکییەکەی کردووە موشەکی دوورهاوێژی تۆماهۆک بخاتە بەردەستی ئۆکراین.

ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو کە بەشێک لە بڕیارەکەی سەبارەت بە دابینکردنی موشەکەکانی تۆماهۆک بۆ ئۆکراین داوە.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە بەدوای فراوانکردنی گرژییەکاندا نییە، بەڵام دەیەوێت بزانێت موشەکەکانی تۆماهۆک بۆ چ مەبەستێک بەکاردەهێنرێن.

موشەکی تۆماهۆک یەکێکە لە موشەکە هەرە ناسراو و کاریگەرەکانی جیهان کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پەرەی پێدراوە و بەکار دەهێنرێت. 

دیارترین تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی و تواناکانی بریتین لە گەیشتن بە دوورییەکی ئێجگار زۆر و بەوردی پێکانی ئامانجەکانی لەسەر رووبەرێکی فراوان. 

مووشەکی تۆماهۆک چەکێکی ستراتیژی و کاریگەری ئەمریکا بۆ یەکلاکردنەوەی جەنگەکان:
موشەکی تۆماهۆک، دوای ماوەیەکی زۆر لە تاقیکردنەوە، لە ساڵی 1983 خرایە خزمەتی هێزە دەریاییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە. 

ئەم موشەکە خاوەنی چوار دیزاینی سەرەکییە، لەوانە دوانیان بە کڵاوەی ئەتۆمی و ئاسایی دروستکراون، هەروەها دوانی دیکەشیان لە زەوییەوە یان لە ژێردەریاییەوە ئاڕاستەی ئامانجەکان دەکرێن.

تۆماهۆک، کە کاریگەریی کەشوهەوای لەسەر نییە و مەودایەکی دوورهاوێژی هەیە، بۆ پێکانی ئامانجە دوورەکان بەکاردێت.

قەبارەیەکی بچووکی هەیە و دەتوانێت لە نزمییەکی زۆرەوە بفڕێت، ئەمەش وای لێدەکات کە بە سەختی لەلایەن رادارەکانەوە ئاشکرا بکرێت و بپێکرێت.

زانیاری تایبەت بە شوێنی ئامانجەکە دەخرێتە ناو موشەکەکەوە. 

ئەم موشەکە سیستمی روپێوی تۆپۆگرافی (TERCOM) بەکاردەهێنێت کە لە رێگای ئامێری AN/DPW-23 کاردەکات.

بەمەش زانیاری دەربارەی بەرزبوونەوەی موشەکەکە بەهۆی پێوەری بەرزبوونەوەی رادارییەوە وەردەگرێت و بەراوردی دەکات لەگەڵ نەخشەی راداریی پرۆگرامکراو، تا موشەکەکە بە رێگایەکی فڕینی دیاریکراودا بڕوات. 

دواتر سیستمێکی دیکەی وێنەیی بۆ ئەم مووشەکە دانراوە کە وێنەی تۆپۆگرافیا بار دەکات و بەراوردی دەکات لەگەڵ ئەو وێنەیەی لە کۆمپیوتەری تایبەت بە مووشەکەکەیە، بەمەش وردبینییەکەی بۆ 10 مەتر زیاد دەکات بۆ شوێنی ئامانجەکە. 

لە ساڵی هەشتاکانەوە تا ئێستا 9 جۆری دیکەی ئەم موشەکە دروستکراوە.

موشەکی تۆماهۆک، کە لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە بۆ لێدانی بنکەکانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) بەکارهێنراوە، بە یەکێک لە باشترین و کاریگەرترین موشەکەکانی ئەمریکا دادەندرێت. 

دەتواندرێت لە بورج یان لە ژێردەریایی لە پانتایی ئاوەوە بهاوێژرێت و بە یارمەتی کەشتی ئاسمانی ئامانجەکان بپێکێت.

تۆماهۆک لە خێزانی ئەو موشەکانەیە کە پێیان دەگوترێت موشەکی کروز یان باڵدار، دەتوانێت خۆی ئاراستەی خۆی بگۆڕێت و چەندین بەکارهێنانی هەیە و دەکرێت بەپێی پێویست کڵاوەی سەری بگۆڕدرێت. 

نوێکاری لە چۆنییەتی کارکردنی موشەکی تۆماهۆکدا کراوە و ئێستاش موشەکەکە دەتوانێت سیستمی دیاریکردنی شوێنی جیهانی GPS بەکاربهێنێت، هەروەها دەتوانێت لە کاتی هەڵداندا خێراییەکەی بگۆڕێت.

ئەم موشەکە لە نزمییەکی زۆرەوە دەفڕێت و دەتوانێت سود لە چەندین سەرچاوەی زانیاری وەربگرێت کە لە کەشتی ئاسمانی یان کەشتی دەریایی بۆی رەوانە دەکرێت، بۆیە موشەکەکە دەتوانێت ئاراستەی خۆی لە کاتی فڕینیدا بگۆڕێت و تەنانەت ئامانجێکی جووڵاویش بپێکێت.

بۆ یەکەمجار موشەکەکە لەساڵی 1983 لەلایەن هەردوو کۆمپانیای جەنەراڵ مۆتۆرز و ڕایسۆن ماکدۆنڵ دۆگلاس دروستی دەکەن. 

هەر مووشەکێک نرخی لەنێوان یەک ملیۆن بۆ یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلاردایە.

دەکرێت کڵاوەی ئەم مووشەکە بڕی 450 کیلۆگرام ماددەی تەقەمەنی تێبکرێت و تەنانەت دەکرێت کڵاوەی ئەتۆمیشی بخرێنە سەر. 

مەودای هەڵدانی مووشەکەکە دوو هەزار و 500 کیلۆمەترە و خێراییەکەی 880 کیلۆمەترە لە سەعاتێکدا.

ئەو وڵاتانەی مووشەکی تۆماهۆکیان هەیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیان.
 
بۆ یەکەمجار هێزی دەریایی ئەمریکا ئەم موشەکەی لە جەنگی دژی عیراق لە ساڵی 1991 بەکارهێنا و لە ساڵی ٢٠٠٣ش بە هەمانشێوە لە پرۆسەی ئازادی عیراق دژی مۆڵگەکانی سەدام و هەروەها گرووپی ئەنسارولئیسلام لە هەورامان بەکارهێنرا.

تا ئێستا نزیکەی 6 هەزار موشەکی تۆماهوک دروستکراوە و ئێستاش زیاتر لە 3 هەزاریان لەبەردەستدان.