قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە راگەیەنرا و بەپێی رێککەوتنەکە لە 72 سەعاتی سەرەتادا 20 بارمەتی زیندوو لەلایەن حەماسەوە ئازاد دەکرێن و سوپای ئیسرائیلیش دەست بە کشانەوە دەکات.

سەرکردەیەکی حەماس ئاشکرایکرد، بزوتنەوەکە 20 بارمتەی زیندوو بە یەکجار ئازاد دەکات و لە بەرانبەردا ئیسرائیل زیاتر لە دوو هەزار فەلەستینی ئازاد دەکات، کە 250 کەسیان سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە و 1700 کەسیش لە سەرەتای جەنگەکەوە کە دوو ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکردووە، دەستگیرکراون.

سەرچاوەیەکی فەلەستینی ئاگادار لە گفتوگۆکان بە ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاندووە، ئەم پڕۆسەی ئاڵوگۆڕە دەبێت لە ماوەی 72 سەعاتدا لە دەستپێکی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە ئەنجام بدرێت، ئاماژەی بەوەشدا، رێککەوتنەکە بە رەزامەندی لایەنە فەلەستینییەکان بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، رێککەوتنەکە کە بە رەسمی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە میسر ئیمزا دەکرێت، هەروەها بەپێی رێککەوتنەکە لە پێنج رۆژی یەکەمدا رۆژانە رێگە بە 400 بارهەڵگر لە هاوکارییە مرۆیەکان دەدرێت بچنە غەززە، دواتریش ژمارەی بارهەڵگرەکان زیاد دەکرێت.

هاوکات رێککەوتنەکە رێگە بە ئاوارەکان دەدات لە باشوری کەرتی غەززەوە بۆ 'ناوەڕاست' و باکوری کەرتەکە بگەڕێنەوە، ئەم هەنگاوەش لە کاتی دەستپێکردنی رێککەوتنەکەوە جێبەجێ دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، بزوتنەوەی حەماس ئاشکرایکردووە، گفتوگۆکان سەبارەت بە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی پلانی ترەمپ "هەر زوو" دوای دەستپێکردنی قۆناغی یەکەم دەست پێدەکەن.

جگە لەوەش،  دەستپێکردنی کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە کەرتەکەدا دەسپێدەکات، بەپێی ئەو هێڵەی پێشتر لەسەری رێککەوتبوون و ترەمپ نەخشەکەی بڵاوکردبووە.

هەروەها بەپێی ئەو پلانەی پێشتر کۆشکی سپی رایگەیاند و بە نەخشەیەک پشتڕاستی کردەوە کە هێڵەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلی تێدا دەردەکەوێت، پڕۆسەی کشانەوە لە بەیت حانوون لە باکوری غەززە دەست پێدەکات و بە چەند شارێکی غەززەدا تێپەڕدەبێت تا دەگاتە باشوری کەرتەکە ، واتا سوپای ئیسرائیل دەبێت بگەڕێنەوە بۆ شاری رەفەح لە باشوری غەززە.

کەواتە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بە درێژایی لە باکورەوە بۆ باشور دەبێت، بەناو ناوەندە سەرەکییەکانی دانیشتووان لە کەرتەکەدا تێپەڕ دەبێت.

جێگەی ئاماژەیە پلانی ترەمپ 20 بڕگەی لەخۆگرتبوو و بڕیاریداوە کە غەززە ناوچەیەکی بێ چەک بێت و ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکەش ئەنجام بدرێت.