دیداری ساڵانەی ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ تویژینەوە 'مێری' لەهەولێر دەستیپێکرد و  تێیدا 7 پانێڵ پێشکەشدەکرێت، کە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پانێڵێکدا بەناونیشانی 'خواست و ئاڵۆزییەکان: هەرێمی کوردستان لە دیمەنێکی عیراقی گۆڕاودا'، رایگەیاند: یەکێتی لە ئێستادا زیاتر لە هەموو کاتێکی تر یەکگرتووە و لە پێگەیەکی زۆر بەهێزدایە و بەسەر ئاستەنگەكاندا زاڵ بووە.

بافل جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دیداری مێری لە پانێڵێکدا رایگەیاند، یەکێتی بەشداری لە حکومەتی فیدراڵی عیراق کردووە، هەروەها لەچاو ساڵانی رابردوودا یەکێتی لە پێگەیەکی بەهێزدایە، هاوکات یەکێتی بەسەر هەموو کۆسپ و تەگەرەکاندا سەرکەوت.

راشیگەیاند، لەدوای نەخۆشکەوتنی سەرۆک مام جەلال و کاک کۆسرەت و هێرۆ خان ترسمان هەبوو لە حوکمڕانی، بەڵام هەموو حزبێکی سیاسی بەبارودۆخی جیاوازدا تێدەپەڕێت و هەر حزبێکی سیاسی تر بوایە نەیدەتوانی بەسەر ئەو بارودۆخە سیاسییە ناوخۆییەدا زاڵ بێت، سەرکەوتنی گەورەمان دەبێت بەهۆی ئەزمونێکی زۆر و حیکمەتێکی زۆر کەئەم حزبە هەیەتی.

یەکێتی حزبی یەکەمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، "بافڵ جەلال تاڵەبانی وادەڵێت"

هەر لە پانێڵەکەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە دیدگا و مەرج و داواكارییەكانی یەكێتی بۆ كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم كرد و باسیلەوەكرد،  وەكو یەكێتی كێشەیان لەگەڵ سیستمی حكومڕانی هەیە لە هەرێمی كوردستان نەك پۆستەكان، لەسەر بنەمای ئەوەی هیچ لایەنێكیش لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان زۆرینە نەبووە، پێویستە حكومەتەكە بە هاوبەشی پێكبهێنرێت، یەكێتی دەیەوێت لە كابینەی نوێدا هاوبەشی راستەقینە بێت و لە كاتی كێشە و گیروگرفتەكاندا بەرپرسیارێتی لە ئەستۆبگرێت.

سەبارەت بە کار و پڕۆژەکان لە شاری سلێمانی، سەرۆکی یەکێتی ئەوەی خستەڕوو، ئەگەر سەیری شاری سلێمانی بکەیت لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا سەڕەرای قەیرانە داراییەکان لە لایەن جێگری سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی زۆرترین وەبەرهێنان و پڕۆژە لە شاری سلێمانی کراوە، دەشڵێت، سلێمانی زۆر گەشەی کردووە و بەرەوەپێشچووە.

ئاشکراشیکرد، هەرکەسێک لە سلێمانی دەستگیرکراوە بەڵگەی گەورە لەسەری هەیە، چونکە هەبوونی حزبی سیاسی هۆکار نییە بۆراکردن لە هەڵەکان و بەڵگەی گەورە هەیە و ئەو بەڵگانە دروستناکرێن بەئاسانی، کاتێک سەرکردەیەکی سیاسی بیت مانای ئەوە نییە لەسەرەوەی یاسا بیت، هیچ کەسێک ناتوانێت لە یەکسانی یاسا و دادوەری بتپارێزێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەبارەت بەهێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و هێزە یاساییەکانی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، هیچ هێزێکمان نییە لەدەرەوەی یاسا بێت و یەکەی 70 هێزێکی یاساییە و لە عیراق دانی پێدانراوە.

سەبارەت بە رەوشی سوریا، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، هەسەدە و دیمەشق پێویستە بە کۆبوونەوە و بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەربکەن، هەروەها دەبێت ئەمنییەت هەبێت بۆ پاراستنی کوردەکانی سوریا و پێویستە مافەکانیان پارێزراوبێت.

وتیشی، مەزڵوم کۆبانێ یەکێکە لە هەرە هاوڕێ نزیکەکانم و لە زۆربەی پرسەکاندا هاوڕاین.

بافڵ جەلال تاڵەبانی تیشکی خستەسەر دوایین پێشهاتەكان لە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا بافڵ تاڵەبانی وتی، هاوشێوەی سەرۆك مام جەلال گەشبینن بە پرۆسەی ئاشتی و هیوادارن ئەنجامێكی باشی هەبێت، بەڵام پێویستی بە کاتی زیاترە، چونکە پرۆسەیەکی ئاڵۆزە.

هەر لە پانێلەکەدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ وڵاتان، سەرۆک بافڵ وتی، یەکێتی پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ ئەمریکا و ئێران و روسیا و چین و وڵاتانی دیکە هەیە، ئەمەش وایکردووە پێگەی یەکێتی بەهێز بێت و کاریگەری لەسەر ناوچەکە هەبێت.