ئەمڕۆ هەشت ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر كۆچی دوایی سەرۆك 'مام جەلال' رابەڕی شۆڕشی نوێ و دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و یەكەمین سەرۆك كۆماری هەڵبژێرداوی عیراق، كە 50 ساڵ تەمەنی بۆ خەباتی ئازادی و رزگاری و دیموكراسی و بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد لە عیراق تەرخانكرد.

'جەلال حیسامەددین شوكروڵڵا تاڵەبانی' لە 12ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1933، لە گوندی كلكانی بناری چیای كۆسرەت لەدایك بووە، سەرەتای منداڵی هەر لەو گوندە بووەە و قۆناغی لاوێتیشی لە كەركوك و هەولێر بووە.

'سەرۆك مام جەلال' لە دوای ساڵی 1946  پەیوەندی بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەكات و لە رۆژنامەی ( رزگاری ) لەژێر نازناوی ( ئاگر ) وتارەكانی بڵاودەكردەوە، لە ساڵی 1947 وەك  ئەندام لە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەركی حزبی پێدەسپێدرێت، و لە ساڵی 1948دا، بەنوێنەرایەتی خوێندكارانی كۆیە، بەشداری لە یەكەمین كۆنگرەی خوێندكارانی عێراق دەكات.

لە ساڵی 1951 دەبێتە ئەندامی لیژنەی ناوچەی پارتی لە كۆیە،  لە ساڵی 1952 ئەوكات كە خوێندكاری كۆلیژی ماف دەبێت لە زانكۆی بەغداد، رێكخستنەكان لە پەرتەوازەیی دەباز دەكات و، لە ساڵی 1953  بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی هەڵدەبژێردرێت، لە هەمان ساڵدا بە سكرتێری گشتی قوتابیانی كوردستان هەڵدەبژێردرێت و ( یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان) دادەمەزرێنێت.

لە ساڵی 1954 بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی هەڵدەبژێرێت، لە ساڵی 1958 سەرپەرشتی رێكخستنی خۆپێشاندانی جەماوەری سلێمانی دەكات و لە هەڵگریسانی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1961 بەرپرسیارێتی ناوچەی سلێمانی لە ئەستۆ دەگرێت، لە ساڵی 1963، بە سەرۆكایەتی وەفدێك دەچێتە بەغداد، بۆ چارەسەركردنی كێشە و داننان بە مافەكانی گەلی كوردا لە عیراق.

لە 1ی -6ی -1975 لە دیمەشق لەگە‌ڵ لەگەڵ هەڤاڵانیدا (نەوشیروان مستەفا و دكتۆر كەمال فوئاد و دكتۆر فوئاد مەعسوم و عادل موراد و عومەرشێخ مووس و عەبدولرەزاق فەیلی) یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیی دامەزراندو نەخشەی بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕ‌شی نوێ دانا.

لەدوای رووخانی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003، دەبێتە ئەندامی (ئەنجوومەنی حوكم) و بۆ خولێكیش سەرۆكی ئەنجوومەنەكە دەكات و  لە نوسینەوە و داڕشتنەوەی دەستووری هەمیشەیی عیراقدا رۆڵی سەرەكیی دەگێرێت

لە 06  نیسانی 2005، مام جەلال بە 227 دەنگی ئەندامانی كۆمەڵەی نیشتمانی عیراق بە یەكەمین سەرۆكی هەڵبژێراوی عیراق هەڵبژێردرا، و تاڵەبانی لە فراوانترین دەروازەكانەوە چووە ناو مێژووی كورد و هەروەها لە جوانترین دەروازەشەوە چووە ناو مێژووی عیراق و لە ناودارترین دەروازەشەوە چووە نێو مێژووی سیاسی و دیموكراسی جیهانەوە، .

(سەرۆك مام جەلال) دامەزرێنەر و سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆك كۆماری عێراقی فیدڕاڵ و  داكۆكیكاری ماف و دیموكراسیی كورد لە عێراق، جگە لەوەی كە كەسایەتیەكی سیاسییە خەباتگێرێكی هۆشمەندو نووسەرو یاساناس، وەك رۆژنامەنووسێكیش  بە شێوەیەكی كاریگەر بەشداری كردووە لە تیشكخستنە سەر تێكڕ‌ای بزووتنەوەی سیاسی عیراق و ناوچەكەو بزووتنەوەی سیاسی كوردی.

لەرۆژی 3/10/2017 (سەرۆك مام جەلال) لەتەمەنی 84 ساڵیدا، ماڵئاوایی كرد.

هەرێمی كوردستان و عیراقیش بۆ هەمیشە نەبەردی و تێگەشتن و رابەرایەتی و سەركردایەتی سەرۆك مام جەلال لە بیر ناكات و سەركردەكانی جیهانیش  دۆستایەتی ئەویان لە یاد دەبێت.