سزای هەمەلایەنەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سەر ئێران بۆ یەكەمجار و لەدوای 10 ساڵ دووبارە سەپێندرایەوە، پێشبینی دەكرێت كاریگەری بەرفراوانی لەسەر ئابووری تاران هەبێت.
دوابەدوای وەستانی وتووێژەكانی نێوان تاران و زلهێزەكانی رۆژئاوا سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران، كۆمەڵێك سزای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سەر ئێران كە پەیوەندییان بە بەرنامە ئەتۆمییەكەیەوە هەبوو، كە پێشتر بەپێی رێككەوتنی ساڵی 2015 هەڵگیرابوو، دووبارە سەپێندرانەوە.
سزاكان دوای ئەوە سەپێندرانەوە كە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا ناسراو بە ترۆیكا میكانیزمی "سناپباك"یان چالاك كرد و تارانیان تۆمەتبار كرد بە جێبەجێنەكردنی ئەركەكانی.
ئەمریكا لە 2018وە سزاكانی خۆی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، ئەمەش دوای كشانەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە یەكەم خولی خۆیدا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە.
سزاكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەو كۆمپانیا و رێكخراو و كەسانە دەكاتە ئامانج كە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بەشدارن لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران یان پەرەپێدانی مووشەكی بالیستیكی ئەو وڵاتە.
بەپێی ئەو سزایانەی كە چالاكراونەتەوە، ئێران چیتر ناتوانێن هیچ مامەڵەیەكی كڕین و فرۆشتنی چەك بكات.
هەروەها، سزاكان هاوردەكردن، هەناردەكردن، یان گواستنەوەی تەكنەلۆژیای پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەكییە بالیستیكییەكانی قەدەغە دەكات.
هەروەها سەروەت و سامانی قەوارە و تاك و حكومەتی ئێران لە دەرەوەی وڵات كە پەیوەندییان بە بەرنامەی ئەتۆمیەوە هەیە، بلۆك دەكرێن، هەروەها  ئەو كەسانەش گەشتكردنیان بۆ وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان لێی قەدەغەدەكرێت.
یەكێكی دیكەش لەو سزایانە، ئەوەیە دەستراگەیشتنی ئێران بە دامەزراوە بانكی و داراییەكانی جیهان سنوردار دەكرێت.
هۆكاری گەڕانەوەی ئەو سزایانەش بۆ ئەوەیە وڵاتانی رۆژئاوا ترسیان هەبوو لەوەی ئێران بتوانێت چەكی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، چونكە بە پێی وتەی ئاژانسی ئەتۆم، ئێران خاوەنی نزیكەی 440 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە كە دەكاتە لە 60%، ئەگەر ئەو رێژەیەش بگەیەنرێتە لە 90% ئەوە ئەو رێژەیەش بەسە بۆ بەرهەمهێنانی نێوان هەشت بۆ دە بۆمبی ئەتۆمی.
لەدوای گەرانەوەی ئەو سزایانەش، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند ئەو سزایانە بێ بنەمان هەربۆیە وەڵامی توند و گونجاویان دەبێت بۆی.
ترۆیكای ئەوروپاش هۆشداری دایە تاران لە هەر وەڵامێك، رایانگەیاند، سەپاندنەوەی ئەو سزایانە بە مانای كۆتاییهاتنی دانوستانی دیبلۆماسی نییە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا.
لای خۆشیەوە ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وێرای دەستخۆشی لە ترۆیكای ئەوروپا لەدوای گەرانەوەی سزاكان، داوای لە ئێران كرد كە ڕازی بێت لەسەر دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریكا، هەروەها داواشی لە هەموو وڵاتان كرد ئەو سزایانە جێبەجێ بكەن كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بەسەر ئێراندا سەپێنراونەتەوە.
بەڵام تا ئێستا روون نییە، كە چین و روسیا ئەو سزایانە جێبەجێدەكەن یان نا بەو پێیەی پێشوتریش هیچ پابەندنەبون بەسزاكانی سەر ئەو وڵاتەوە.