فڕۆکەی جۆری ئێرباس A380-800 ، لەلایەن کۆمپانیای ئێرباسەوە بەرهەمدەهێنرێت و بە گەورەترین فڕۆکەی نەفەرهەڵگر دادەنرێت و هێڵی فڕۆکەوانی ئیمارات خاوەنی نزیکەی لەسەدا 50%ی ئەو جۆرە فڕۆکەیە.

فڕۆکەی ئێرباس A380-800, یەکەم فڕینی خۆی لە  17ی نیسانی ساڵی 2005 ئەنجامداوە و لە ساڵی 2007 لە هێڵی فڕۆکەوانی سەنگاپور دەستی بە خزمەتکردوە، تائێستا 251 فڕۆکەی لەو جۆرە دروستکراوە و وڵاتی ئیمارات خاوەنی 123 فڕۆکەی جۆری A380-800 کە لەسەدا 49ی سەرجەمی بەرهەمی ئەو جۆرە فڕۆکەیە دەکات، تێچووی دروستکردنیشی زیاتر لە 446 ملیۆن دۆلارە و بەپێی داواکاری کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی نرخەکەی دەگۆڕێت.

 قەبارەی فڕۆکەی ئێرباس A380-800 ،درێژی فڕۆکەکە 72.7 مەترە،پانی باڵەکانیشی 79.75 مەترە بەرزیەکەشی 24 مەترە.

توانای هەڵگرتنی ژمارەیەکی زۆر سەرنشین هەیە،  بە دوو جۆری جیاواز، کە  هەرسێ بەشی ئیکۆنۆمی و فێرست کڵاس و بزنس کڵاس دەتوانێت  575 سەرنشین هەڵبگرێت، هەروەها جۆری ئۆڵ ئیکۆنۆمی کە سەرجەم بەشەکانی  فڕۆکەکە ئیکۆنۆمیە دەتوانێت 853 سەرنشین هەڵبگرێت، لەکاتی گەشتەکانیشیدا 20-26  کارمەند بەردەوام چاودێری و خزمەتی سەرنشینانی ناو فڕۆکەکە دەکەن.

فرۆکەی ئێرباس A380-800، توانایەکی زۆری فڕینی دوورمەودای هەیە بەجۆرێک بە یەک فڕین دەتوانێت 15 هەزار و 200 کیلۆمەتر  بفڕێت، بەوەش دەتوانێت بە یەک فڕین لە فڕۆکەخانەی سلێمانیەوە بگاتە ویلایەتی لۆس ئانجلس لە باشوری رۆژئاوای  ئەمریکا و هەریەک لە شارەکانی بۆینس ئایرس لە ئەرجەنتین و سانتیاگۆی چیلی و ئۆکڵاند لە وڵاتی نیوزلەندا.

 خێرایی فڕۆکەکە، 903 کیلۆمەترە لە سەعاتێکدا و لەو پەڕی خێرایشدا دەتوانێت هەزار و 98 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا ببڕیت، هەروەها ئەو فڕگەی تێیدا دەست بە فڕین دەکات دەبێت نزیکەی سێ هەزار مەتر بێت بەهۆی گەورەی قەبارەی فڕۆکەکەوە.

کێشی فڕۆکە لە کاتی فڕیندا 650 تۆنە، لە کاتی نیشتنەوەشدا دەبێتە 386 تۆن بەهۆی بەکارهێنانی بەشێکی زۆری ئەو سوتەمەنیەی لە باڵەکانیدایە، هەروەها دەتوانێت 38 تۆن کەلوپەلی سەرنشینەکانیشی لە بەشی کۆگاکردنی فڕۆکەکە  هەڵبگرێت.

فڕۆکەی نەفەرهەڵگری ئێرباس A380-800، لە ئێستادا بە گەورەترین فڕۆکەی مەدەنی لە جیهاندا دادەنرێت و لە لایەن 10 هێڵی فڕۆکەوانی جیهانیەوە بۆ گەشتە دوورەکان بەکاردەهێندرێت.