هەرزان و کوشندە؛ رۆژئاواییەکان هەوڵدەدەن فڕۆکەی خۆکوژی شاهید-136 ئێران دروست بکەنەوە
٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی بەریتانی بڵاویکردەوەتەوە، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەهەوڵی پەرەپێدانی چەکی درۆنن کە راستەوخۆ لەسەر بنچینەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خۆکوژەکانی (شاهید – 136) دروستدەکرێن، کە وەک یەکێک لە کاریگەرترین گۆرانکاری مەیدانی شەڕ لە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیادا دەرکەوتووە، کە جگە لەوەی فڕۆکەیەکی خۆکوژە تێچوەکەشی کەمە.
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (شاهید-136) کە ئێران لە سەرەتای ساڵانی 2000وە بەرهەمی هێناوە، وەک کاردانەوەیەک دژی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە دوور مەوداکانی ئیسرائیل پەرەی پێدا، شاهید-136 ئێستا لە چەند بەرەیەکی جەنگدا چالاکە و ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە بە فڕینی ژمارەیەکی زۆر، توانای تێکدانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی دوژمنیان هەیە.
لە شەڕی ئۆکرانیادا، رووسیا لە ساڵی 2022ەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان فڕۆکەی شاهید-136 بەکاردەهێنێت، بە هەندێک دەستکارییەوە، لە ژێر ناوی "جیران"، مۆسکۆ تەنها لە مانگی تەمموزدا زیاتر لە 550 لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئاراستەی ئۆکرانیا کردوە و سیستەمی بەرگری ئۆکرانیایان هەراسان کردوە.
دوای هەراسانکردنی ئۆکرانیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید 136، لەلایەن مۆسکۆوە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، رووسیا فڕۆکەی (شاهید 136)ـی ئیرانی زیاتر پەرە پێداوە و تەنها بۆخۆی بەکارناهێنێت بەڵکو شێوازی تەکنلۆژیاکە و دیزاینەکەشی بۆ کۆریای باکوور ناردوە.
لە بەرامبەردا، ئەمریکا و ئەورووپا لە مەترسی ئەو جۆرە فڕۆکەیە تێگەیشتون،ئەمەش وایکردوە چاویان لە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بێت بە شێوەیەکی بەرفراوان بە هەمان توانا و زیاتر پێشکەوتوو لە چاو ئەوانی ئێراندا، هاوینی رابردوو وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پەردەی لەسەر 18 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نوێی لادا، لەنێویاندا مۆدێلەکانی هاوشێوەی شاهید-136ی ئێران زۆرترین سەرنجیان راکێشا، کە بە تەواوەتی هاوشێوەی فڕۆکە خۆکوژییەکەی تارانە.
لە بەریتانیا کۆمپانیای MGI Engineering فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی skyshark ی خستە بازاڕەوە کە دەتوانێت خێراییەکەی بگاتە نزیکەی 450 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، کەئەمەش نزیکەی دوو هێندەی خێرایی فڕۆکەی شاهید-136ی ئێرانییە.
سەرەڕای ئەم هەوڵانەی ڕۆژئاوا، بەڵام تێچووی بەرهەمهێنان لە ڕۆژئاوا زۆر زیاترە لە نرخی مۆدێلەکانی ئێرانی یان ڕووسی، بۆ نموونە کۆمپانیای ئەندوریل ئیندستریز، کە کاری پیشەسازی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانە، لە ساڵی رابردوودا 291 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاڵتیوسی بە تایوان فرۆشت، کە تێچووی یەکدانەیان یەک ملیۆن دۆلار بووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە خەمڵاندنەکان باس لەوە دەکەن، رووسیا دەتوانێت بە کەمتر لە 35 بۆ 60هەزار دۆلار ئەو فڕۆکە خۆکوژییە بەرهەم بهێنێت، و لە ئێرانیش کەمتر لە 30 هەزار دۆلاری تێدەچێت.
شارەزایانی سەربازی پێیان وایە ئەزموونی ئۆکرانیا دەریخستووە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی کەم تێچووی هاوشێوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید-136ـی ئێران یاساکانی شەڕی مۆدێرنیان گۆڕیوە.
لەوبارەیەوە جەیمس پاتۆن ڕۆجەرز، پسپۆڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە زانکۆی کۆرنێل دەڵێت؛ "بەکارهێنانی بەرفراوانی رووسیا لە فڕۆکەی شاهید-136 بەتەواوەتی گۆڕانکارییان لە جەنگەکەدا کردوە و بونەتە هۆی لاوازکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئۆکرانیا و تێجوی زۆر لە وەڵامدانەوەیان لەلایەن کیێڤەوە، ناوبراوە دەشڵێت؛ هێرشی بەرفراوان، بە وردی و کەم تێچوو ئێستا بووەتە یەکێک لە گەورەترین هەڕەشەکان بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی."
لە کۆتایدا ئەوە بەوەتە ڕاستییەک و نکوڵی لێناکرێت، کە دەرکەوتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی شاهید 136ـی ئێران و دەستکاریکردنیان بە تەکنەلۆژیای نوێ لە ڕووسیا و کۆریای باکوورەوە، ڕۆژئاوای ناچار کردووە بە خێرایی بەرەو بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هاوشێوە هەنگاو بنێن.
ئەوەی گرنگە تەنها هەنگاونان بەس نییە، چونکە پێدەچێت پێشبڕکێی نوێ لە گۆڕەپانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا تەنها پەیوەندی بە تەکنەلۆژیاوە نەبێت، بەڵکو پەیوەندی بە "کاریگەری تێچوون"یشەوە هەبێت؛ کە ئێستا پێوەرێکە و بە ئاسانی دەتوانێت چارەنووسی شەڕەکان و هاوسەنگی هێزی جیهانی بگۆڕێت.