بەزاندنی ئاسمانی پۆڵەندا لەلایەن درۆنەكانی روسیاوە كاردانەوەی لێكەوتەوە
ئاکام
١٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
بەزاندنی ئاسمانی پۆڵەندا لەلایەن درۆنەكانی روسیاوە كاردانەوەی لێكەوتەوە، وارشۆ هێز رەوانەی سەر سنور دەكات، فەرەنسا فڕۆكە دەنێرێًت و ترەمپیش دەڵێت، لە رەوشی نێوان ئەوروپا و روسیا ناڕازییە.
رۆژی چوارشەممە دۆناڵد تەسك سەرۆك وەزیرانی پۆڵەندا ئاشكرایكرد، 19 درۆنی روسیا ئاسمانی وڵاتەكەیان بەزاندووە و سەرجەمیان خراونەتە خوارەوە.
دوای رووداوەكە حكومەتی پۆڵەندا بە رەسمی داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد كۆبونەوەیەك لەسەر بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەكەی لەلایەن روسیاوە رێكبخات.
هاوكات مارچین كیرڤێنسكی وەزیری ناوخۆی پۆڵەندا رایگەیاند، بەهۆی ئەو رووداوە و ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی هاوبەشی نێوان روسیا و بیلاروسیا، بڕیارندا بە داخستنی سنورەكانیان لەگەڵ بیلاروسیا.
چێزاری تۆمچیك جێگری وەزیری بەرگریی پۆڵەنداش وتی، دەبێت سوپای پۆڵەندا و هێزەكانی ناتۆ ئامادە بن بۆ وەڵامدانەوەی گونجاو، چونكە پێیانوایە شەڕی ئۆكراین لە سەر سنوری ئەوان دەستیپێكردووە، بۆیە سوپای پۆڵەندا خۆی بۆ ئەم سیناریۆیە ئامادە دەكات.
لەو چوارچێوەیەشدا پۆڵەندا دەستی بە جوڵاندنی سوپا كرد و زیاتر لە 40 هەزار سەرباز و تانك و زرێپۆرش و كەلوپەلی سەربازی رەوانەی سەر سنور كرد.
لەبەرانبەردا وەزارەتی دەرەوەی بیلاروسیا بڕیاری داخستنی سنورەكانی پۆڵەندای بە ناڕەوا و دژ بە بەرژەوەندییی هەردولا لە قەڵەم دا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاش رایگەیاند، لەم رەوشەی ئێستای نێوان ئەوروپا و روسیا نا رازییە و رەنگە درۆنەكانی روسیا بە هەڵە ئاسمانی پۆڵەندایان بەزاندبێت.
جێگری سەرۆك وەزیرانی پۆڵەندا وەڵامی ترەمپی دایەوە و وتە، بەزاندنی ئاسمانی پۆڵەندا بە هەڵە نەبووە و هیواخواز بوون ئەو رووداوە بە هەڵە بوایە، بەڵام بە مەبەست ئەو كارە كراوە.
لە یەكەم كاردانەوەی وڵاتانی ئەوروپاش، ئیمانوێڵ ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا رایگەیاند، بڕیاریانداوە بۆ پاراستنی پۆڵەندا سێ فڕۆكەی جەنگیی جۆری رافال رەوانەی پۆڵەندا بكەن، چونكە پاراستنی كیشوەری ئەوروپا بەلای ئەوانەوە كاری لەپێشینەیە.
هاوكات حكومەتی ئەڵمانیاش رایگەیاند، كۆمەڵێك رێوشوێنیان گرتووەتەبەر و سوپا و بەرگری ئاسمانی لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەكانی روسیا.
مارك روتە سكرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ رایگەیاند، كۆبوونەوەیەكی بەپەلە لەگەڵ ئەندامانی هاوپەیمانێتیەكە ئەنجام دەدەن بۆ خۆ ئامادەكردن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەكی مۆسكۆ.
بەشێك لە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاش داوایان كردووە سزا بەسەر كەرتی وزەی روسیادا بسەپێنرێت بۆ ئەوەی مۆسكۆ پاشەكشە بكات و نەتوانێت هێرش بكاتە سەر یەكێتی ئەوروپا.