ساڵانە هەزاران خێزانی ئاسیا و ئەفریقا لە دەریای ناوەڕاستەوە خۆیان دەگەیەننە ئەوروپا
سەعید سەروەت
٢٦ی ئابی ٢٠٢٥
دەریای سپی ناوەڕاست، گۆڕەپانێكی بێبنی بێسەروشوێنبوون و مەرگی دەیان هەزار كۆچبەر لە دەیەی رابردوودا
ساڵانە هەزار خێزان بە منداڵی تازە لەدایكبوو و شیرەخۆرە و ژنی دووگیان و كەسانی تەمەن هەڵكشاو و گەنجەوە، وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا بەجێدەهێڵن و بە ئومێدی دۆزینەوەی ژیانێكی باشتر خۆیان دەدەنە دەست شەپۆلە یەك لە دوای یەكەكانی دەریای ناوەڕاست. بەشێك لەو خێزانانە لە هەوڵەكانیان سەركەوتوو دەبن، بەڵام هەزارانیان چارەنووسێكی نادیار چاوەڕێیان دەكات.
بەشێكیان دوای چەند رۆژێك تەرمەكانیان لەلایەن تیمە دەریاییەكانی وڵاتانی سەر دەریای ناوەڕاست دەدۆزرێنەوە و بەشێكی تریشیان بۆ هەمیشە بەبێسەروشوێنی دەمێننەوە یان دەبنە خۆراكی ماسییەكان.
بەگوێرەی داتاكانی (ئەلارم فۆن) كە رێكخراوێكی ناحكومی قازانج نەویستی ئەوروپیە، لە 2024دا نزیكەی هەزار و 300 بەلەمی چووپی بچووك لە هەوڵیاندا بۆ گەیشتن بە ئەوروپا لە دەریای ناوەڕاست دوچاری گرفتی تەكنیكی یان سروشتی بوون و لەناو ئاودا گیریان خواردووە یان ژێرئاو كەتوون، بەوهۆیەشەوە لانی كەم سێ هەزار و 812 كەس مردوون یان دیار نەماون.
بەپێی ئامارەكانی ئاژانسی سنوریی یەكێتی ئەوروپا-فرۆنتێكس، ساڵی رابردوو 240 هەزار حاڵەتی كۆچی نایاسایی بوونی هەبووە كە 25 %یان ئەو كەسانە بوون لە باكوری ئەفریقاوە بە دەریای ناوەڕاستدا پەڕیونەتەوە بۆ ئیتاڵیا و ماڵتا، ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتیش دەڵێت ئەو ڕێڕەوە یەكێكە لە كوشندەترین دەروازە دەریاییەكانی جیهان.
ئەو ژمارانەش بەراورد بە ساڵانی پێشوو، لە ئەنجامی هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان وڵاتانی ئەوروپا و باكووری ئەفریقا، بەڕێژەی زیاتر لە 33% دابەزیون.
لەو بارەیەوە، جیۆرجیا مێلۆنی سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند، كەمكردنەوەی ئاستی كۆچی نایاسایی و پەكخستنی بازرگانیی قاچاخچییەكان تاكە ڕێگەیە بۆ دابەزاندنی رێژەی گیانلەدەستدانی ئەو كۆچبەرانەی كە هەوڵی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا دەدەن.