ئاگر کوژێنەرەوەکانی فەرەنسا خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرێکن کە بۆ 80 ساڵ دەچێت ئاگرێکی گەورەی هاوشێوە رووی نەداوە.

ئاگرەکە لەرۆژی سێشەممەوە کەوتووەتەوە و ماوەی سێ رۆژە بەردەوامە لە نزیک سنووری ئیسپانیا و نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە دووری دەریای ناوەڕاستەوە لە دارستانەکانی ئود سەریهەڵداوە و تا ئەمڕۆش کۆنترۆڵنەکراوە، رووبەرێکی یەکجار زۆر سوتاوە، ئەو رووبەرە زۆرەش یەکسانە بە هێندە و نیوی رووبەری پایتەختی وڵاتەکە.

هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە تا ئێستا ئاشکرانەکراوە، بەڵام لێکۆڵەران لە باوەڕەدان بە هۆی وشکەساڵی چەند ساڵە و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە بێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی زۆرینەی ئاگرکەوتنەوەکانی فەرەنسا لە دارستانەکاندا بەهۆی کردەی مرۆڤەوە روودەدان، ناتوانن لە هۆکارەکەی دڵنیاببنەوە.

بەهۆی ئاگرەکەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە، سێ کەسیش بێسەروشوێنن. باری تەندروستی دوو کەسی تریش ناجێگیرە کە یەکێکیان ئاگرکوژێنەوەیە، ئەمە جگەلە لەوەی دەیان ماڵ وێران بوون، خەڵکێکی زۆریش بۆ سەلامەتی خۆیان ماڵەکانیان  چۆڵکردووە.

بەپێی ئاماری خزمەتگوزاری گۆڕانی کەشوهەوای کۆپەرنیکۆسی یەکێتی ئەوروپا، ئەوروپا دوو هێندە خێراتر لە جیهان گەرمبوونی زەوی کاریلێدەکات و ئەگەری ئاگرکەوتنەوەی هاوشێوە بەبەراورد بە ساڵانی داهاتوو لە زیادبووندایە.

کەشناسی فەرەنساش هۆشداریدا لەبارەی شەپۆلێکی گەرمای تر کە لە ڕۆژی هەینی دەستپێدەکات، بەتایبەتی لە ناوچەکانی دیکەی باشوری فەرەنسا. رەنگە بارودۆخی گەرم و وشک چەند رۆژێک بخایەنێت و دەتوانێت ئاگرەکە بەهێزتر بکات.

ئەم ئاگرکەوتنەوەیە بەهێزترین ئاگرکەوتنەوەیە لە مێژووی فەرەنسا لە دوای ئاگرکەوتنەوەکەی ساڵی 1949ەوە، هەروەها مەترسی پەرەسەندنی رووداوە توندەکانی کەشوهەوا کە پەیوەندییان بە گەرمبوونی زەوییەوە هەیە دەردەخات. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و هەلیکۆپتەر و تیمەکانی فریاگوزاری شەو و رۆژ بەردەوامن لە کاردان بۆ رزگارکردنی ژیان و ماڵ و سروشت لە لەناوچوونی زیاتر.