ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا 130 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوپەیمانان لە سوریا تەرخانکردووە
ئاکام
٥ی تەمووزی ٢٠٢٥
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بودجەی بەرگری بە بەهای یەك ترلیۆن دۆلار پەسەندكرد و لەو بودجەیەش بڕی 130 ملیۆن دۆلاری بۆ هێزەكانی هاوپەیمانان لە سوریا تەرخانكردووە و بەشێكیشی بۆ هەسەدە دەبێت.
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بە 218 دەنگی بەڵێ و 214 دەنگی نەخێر، بودجەی بەرگری بۆ ساڵی 2026 پەسەندكرد كە بڕەكەی 150 ملیار دۆلارە و پرۆژەی بەرگری نیشتمانی و كەشتی جەنگیی و كۆگای چەكیش لە پێشینەی پرۆژەكانی تری ئەمریكان.
لە چوارچێوەی بودجەی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بۆ ساڵی 2026، زیاتر لە 130 ملیۆن دۆلار بۆ سندوقی راهێنان و پڕچەككردنی هێزەكانی هاوپەیمانان تایبەت بە شەڕی داعش لە سوریا تەرخانكراوە بە مەبەستی یارمەتیدان و پاڵپشتی هێزە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە سوریا، بەشێكی زۆری ئەو پاڵپشتییەش وەك ساڵانی رابردوو بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) دەبێت.
جگە لە هێزەكانی سوریای دیموكرات، بەشێكی هاوكارییەكە بۆ سوپای ئازادی سوریاش دەبێت كە لە ناوچەكانی تەنەف و سنورەكانی نزیك عیراق و سوریا و ئوردن جێگیركراون و لەلایەن ئەمریكاوە مەشق و راهێنان و پاڵپشتیی سەربازییان پێشكەش دەكرێت.
بودجەكەی پنتاگۆن بۆ پاڵپشتیی هاوپەیمانەكانی لە سوریا بۆ شەڕی روبەڕوبوونەوەی پاشماوەكانی داعش و پاراستنی كامپەكانی هۆل و رۆژ تەرخان دەكرێت.
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا وردەكاریی زیاتری لەبارەی بودجەی بەرگری ساڵی 2026 بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت، ئەو 130 ملیۆن دۆلارە بەشێكی تەرخانكراوە بۆ موچەی ئەو هێزانە كە بڕەكەی 65 ملیۆن دۆلارە، بودجەی پڕچەككردن و مەشقی سەربازییش 15 ملیۆن و 600 هەزار دۆلارە و بودجەی پاڵپشتی لۆجستی 32 ملیۆن دۆلار و بودجەی فریاگوزاریش یەك ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە.
راشیگەیاندووە، بودجەیەك تەرخانكراوە بۆ تێچووی دابینكردنی چەكی سوك و قورسی ئەی كەی 47 و پی كەی ئێم و دۆشكە و گوللە و ئۆتۆمبیلی سەربازیی و گواستنەوە، جلوبەرگ، ئامرازی پەیوەندیكردن بە بەهای شەش ملیۆن و 500 هەزار دۆلار.
ئەوەش لە كاتێكدایە پێشتر پیت هێگست وەزیری بەرگری ئەمریكا رایگەیاند، بەمزوانە بۆ یەكەمجار بودجەی وەزارەتی بەرگری دەگاتە یەك تریلیۆن دۆلار.
لە مانگی نیسانی رابردووش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەكاتی پێشوازیی لە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بودجەی بەرگریی بۆ نزیكەی یەك ترلیۆن دۆلار بەرز دەكەنەوە و دەبێتە گەورەترین بودجە كە تائێستا بۆ كەرتی سەربازیی تەرخان كرابێت.