دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، نزیکن لە رێککەوتن لەگەڵ ئێران. دەشڵێت، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندین سەرکردەی نایابی هەیە.

لە درێژەی گەشتەکەیدا دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ لە دەوحەی پایتەختی قەتەرەوە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسی ئەنجامدا و رایگەیاند، دەیانەوێت ئێران گەشەبکات، بەڵام رێگە نادەن ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

وتیشی، "نامانەوێت پەنا بۆ هێز ببەین لەگەڵ ئێران، نزیکن لە رێککەوتن".

ئاماژەی بەوەشکرد، بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتییەکی درێژخایەن، ئەمریکا دانوستانی زۆر جدی لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدات.

 

رۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان لەدەست دەدا

 

لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە ترەمپ باسی لەوەکرد، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرکردەی نایابی هەیە، رەخنەشی لە ئیدارەی جۆو بایدنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا گرت و ئەوەی خستە روو، "بەهۆی سیاسەتە خراپەکانی ئیدارەی پێشووەوە، خەریک بوو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان لەدەست دەدا".

 

بەشداری دانوستانی روسیا- ئۆکرانیا دەکەم

 

لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی روسیا و ئۆکرانیاشەوە ئەوەی روون کردەوە، باوەڕیان وایە ئەنجامی باش بەدەست دەهێنن و ئەگەر گونجاو بێت، سبەینێ هەینی، بەشداری دانوستانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەکات لە تورکیا.

ماوەی دوو رۆژە دۆناڵد ترەمپ گەشتێکی مێژوویی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێ کردووە و لە یەکەم رۆژی گەستەکەیدا بەشداری لوتکەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو- ئەمریکای کرد.

لە گەشتەکەیدا دۆناڵد ترەمپ بۆ یەکەمجار سەرجەم سزاکانی سەر سوریای هەڵگرت کە لە ساڵی 1979ـوە بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێنراون، بەر لە دەستپێکی لوتکەش لەگەڵ ئەحمەد شەرعی سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا کۆبووەوە و چەند داواکارییەکیان لە یەکتر کرد.