لوتكەی وڵاتانی كەنداو-ئەمریكا لە سعودیە بەڕێوەچوو
شنیار
١٤ی ئایاری ٢٠٢٥
بە ئامادەبونی سەرۆكی ئەمریكا و جێنشینی سعودیە و سەركردەكانی كەنداو، لوتكەی وڵاتانی "كەنداو-ئەمریكا" لە ریاز بەڕێوەچوو. لەو لوتكەیەدا پەیوەندییەكانی ئەمریكا و سعودیە و رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوریا و ئێران و رێككەوتنەكانی ئیبراهیمیە باسكران.
بە ئامادەبونی سەرۆكی ئەمریكا و جێنشینی سعودیە و سەركردەكانی كەنداو ، لوتكەی وڵاتانی كەنداو - ئەمریكا لە ریازی پایتەختی سعودیە بەرێوەچوو، تیایدا سەركردەكانی كەنداو لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ گفتوگۆیان لەبارەی چەند بابەتێكی گرنگی ناوچەكە كرد.
لە دەستپێكی لوتكەكەدا ، محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودیە رایگەیاند ، سورن لەسەر بەردەوامییدان بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریكا لە پێناو سەقامگیری ناوچەكە و وتیشی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمریكادا هاوبەشیی ستراتیژیە و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو تەئكید لە هاوبەشیی ئابوری لەگەڵ ئەمریكا دەكەنەوە .
هەروەها سوپاسی ترەمپی كرد بۆ هەڵگرتنی سزاكانی سەر سوریا و سەبارەت بە غەززەش وتی ، پێویستە جەنگی غەززە كۆتایی پێبێت و چارەسەریی هەمیشەیی و گشتگیر بۆ دۆسیەی فەلەستین بدۆزرێتەوە .هەروەها ئامادەشن بۆ بەردەوامیدان بە هەوڵەكان بە ئامانجی چارەسەركردنی قەیرانی ئۆكراین .
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاش وتارێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند ، وڵاتانی كەنداو لە پێشەوەی دەوڵەتە سەقامگیر و پێشكەوتوەكانن و هەموو جیهان چاودێری ئەو دەرفەتانە دەكات كە لە وڵاتانی كەنداو هەن، سەبارەت بە رەوشی ناوچەكەش وتی ، دەكرێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەقامگیر بێت و پێویستە ئێران پشتگیریكردنی جەنگەكانی ناوچەكە رابگرێت و بە هیچ شێوەیەك هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی نەدات ، وتیشی دەیەوێت رێككەوتن لەگەڵ ئێران بكات بەڵام دەبێت تاران واز لە پشتگیركردنی تیرۆر بهێنێت .
سەبارەت بە سوریاش ترەمپ وتی، هەوڵدەدەن پەیوەندییەكانیان لەگەڵ حكومەتی نوێی سوریا باش بكەن و ئەو هەنگاوەش لە كۆبونەوەكەیەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا دەستیپێكردوە ، ترەمپ جارێكی تریش ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە هەڵگرتنی سزاكانی سەر سوریا دەرفەتێكی گەورە بە دیمەشق دەدات، لەبارەی غەززەشەوە رایگەیاند، ئەوەی لە توانایاندا بێت دەیكەن بۆ دانانی سنورێك بۆ ئاڵۆزییەكانی غەززە .
ترەمپ باسی لە رێككەوتنەكانی ئیبراهیمیەش كرد وتی هەوڵ دەدەن ژمارەیەكی زیاتری وڵاتان بچنە رێككەوتنەكانەوە ، سعودیەش دەچێتە ناو رێككەوتنەكان هەر كاتێك كە خۆی هەڵیبژێرێت .