ئەو داواکارییانەی ترەمپ و شەرع لە یەکتر هەیان بووە چی بوون؟
هەساو ئەمیر
١٤ی ئایاری ٢٠٢٥
دوای 25 ساڵ، ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار سەرۆکێکی سوری لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەشدا چەندین پرسی پەیوەست بە داهاتووی سوریا باسکران، هەریەک لەو دوو سەرۆکەش چەند داواکارییەکیان لە یەکتر هەبوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و ئەحمەد شەرعی سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا لە ریازی پایتەختی سعودیە کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعودیە بەشدار بوو و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیاش بە پەیوەندی ڤیدیۆیی لەگەڵیاندا بوو.
رێککەوتنی ئیبراهیمی
بەپێی راگەیەنراوی کۆشکی سپی، وەک داواکاریی سەرەکی بۆ جێگیرکردنی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رەواندنەوەی بڵێسەی شەڕ، دۆناڵد ترەمپ داوای لە ئەحمەد شەرع کردووە، رێککەوتنی ئیبراهیمی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئیمزا بکات.
کە رێککەوتنی ئیبراهیمی ئەو رێککەوتنەیە بۆ ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیدا لە کۆتاییەکانی ساڵی 2020 بە سەرپەرشتی ئەمریکا واژۆ کرا.
پاککردنەوەی خاکی سوریا لە تیرۆرستان
هەر لە کۆبوونەوەکەدا ترەمپ داوای لە شەرع کردووە، هاوکارییان بکات لە پاککردنەوەی خاکی سوریا لە تیرۆرستان. لە ناویشیاندا هەریەک لە چەکدارانی داعش و ئەو فەڵەستینیانەی کە ئەمریکا لە لیستی تیرۆردا دایناون، هەروەها هەر گروپ و دەستەیەک کە ئەمریکا بە تیرۆرست ناویان دەبات.
ترەمپ لە وتاری خۆی لە لوتکەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو- ئەمریکا لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شەرع باسی لەوەکرد، سزاکانمان لابرد بۆ ئەوەی سوریا لە خۆشیدا بژی و گەشە بکات، هەڵگرتنی سزاکان هەلێکی گرنگ دەدات بە سوریا.
باسی لەوەشکرد، پێویستە ئەحمەد شەرع سوریایەک بونیاد بنێت کە دووربێت لە دەستوەردان، دەیەوێت هەلێک بداتە سوریا کە لەژێر حوکمی ئەحمەد شەرعدا، ئاشتی و سەقامگیر بە خۆیەوە ببینێت کە ماوەیەکی زۆرە لە جەنگدایە.
شەرع بۆ ترەمپ: دەنگمان بگەیەنە سەرمایەدارانی ئەمریکا
بەپێی هەواڵی میدیاکانیش، لە کۆبوونەوەکەدا ئەحمەد شەرع داوای کردووە، دۆناڵد ترەمپ دەنگیان بگەیەنێتە سەرمایەدار و وەبەرهێنەرانی ئەمریکا لە سوریادا وەبەرهێنان بکەن، هەروەها کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بواری نەوت و غازدا وەبەرهێنان لە سوریا بکەن.
لەدوای 25 ساڵ، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی سەرۆکێکی ئەمریکی و سورییە بەیەکەوە، کە دوایین جار، لە ساڵی 2000دا حافز ئەسەد و بێل کلینتن لە جنێڤ کۆبوونەوە.
لەدوای سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپیشەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانکاریی گەورە بۆ سوریا روویانداوە، شەوی رابردوو رایگەیاند، سەرجەم سزاکانی سەر سوریا هەڵدەگرن، بە ئامانجی ئەوەی سوریا بوژانەوە بە خۆیەوە ببینێت و هاوکاری وڵاتەکەش دەکەن لە دووبارە بونیادنانەوەیدا.
دوا بەدوای ئەوەش نرخی لیرەی سوری رووی لە بەرزبوونەوە کرد و لە دوێنێوە، نزیکە 21٪ نرخەکەی زیادیکردووە.