لەیلا قاسم ئەو كچە كوردەی لەسەر هەڵوێستەكانی لەسێدارەدرا، بە یەكەم كچە شەهیدی كوردی لە مێژووی خەباتی كوردا دادەنرێت.

لەیلا قاسم 1952 لە گوندی بامیلی سەر بە شاری خانەقین لە خێزانێكی هەژار و نیشتمانپەروەری كورد لەدایكبووە، لەیلا قاسم وەك یەكەم كچی شەهیدی خەباتی كورد وە زۆر جاریش بە بووكی كوردستان ناوی دەهێنرێت.

لەیلا قاسم لە ساڵی 1958 لە شاری خانەقین چووەتە بەر خوێندن و قۆناغەكانی سەرەتایی و دواناوەندی لەو شارە تەواو كردووە، لە ساڵی 1971 دا لە بەشی كۆمەڵناسی كۆلێژی ئادابی زانكۆی بەغداد وەرگیراوە.

لەیلا هەرزوو ئاشنایەتی لەگەڵ بزووتنەوە و رێكخستنەكانی نەتەوەكەیدا پەیداكرد. ساڵی 1970 لە رێگای سەلام قاسمی برا گەورەكەیەوە پەیوەندی بە بزاڤی سیاسیی نەتەوەكەیەوە كردووە و لەنێو ریزەكانی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان خەبات و تێكۆشانی بەڕێوەبردووە. لەیلا ساڵی 1970 بوو بە ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان.

لەیلا لە كاتێكدا خەباتی دەستپێكرد كە هەموان دەیانووت، ژن ناتوانێت شانبەشانی پیاوان لە شار و لە شاخ و لە گوندەكان خەبات بكات، لەیلا بە پێچەوانەوە شانبەشانی خوێندكارە كوڕەكانی كورد خەباتێكی بەرفراوانتری بەڕێوەدەبرد و دژ بە نایەكسانی مافەكانی ژنان و پیاوان بوو، بەتایبەتیش كە خۆی لە بواری كۆمەڵناسیدا دەیخوێند و لەرڕاستییەكانی كۆمەڵگەی كورددا تێگەیشتبوو.

لە سەرەتای ساڵەكانی 1970كە گەلی كورد لە باشووری كوردستان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبوو، لەیلا قاسم و هاورێكانی سەرباری نكۆڵیكردنی ڕژێمی بەعس لە هەبوونی گەلی كورد، ئەوان سوور بوون لە خەبات و تێكۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەلەكەیان.

لە ئازاری 1974دا دوای دەستپێكردنەوەی شەڕ و هێرشەكانی حكومەتی بەعسی عیراق بۆسەر ناوچەكانی كوردستان، لەو كاتەدا لەیلا قاسم و هەندێك لە هاورێكانی پێیانوابوو خەباتكردن تەنیا لە شاخ بەس نییە، بەڵكو خەبات و تێكۆشان لە شارەكاندا و لەنێو جەرگەی دوژمندا پێویستییەكی زۆر گرنگی ئەو قۆناغەیە، بۆیە روویان لە فراوانكردنی خەباتەكەیان كرد.

لەگەڵ بەرفراوانبوونی شەڕەكان لە ساڵی 1974دا، دەزگا هەواڵگیریەكانی ڕێژێمی بەعس بەردەوام زۆر بەتوندی چاودێری یەك ‌بەیەكی تاكەكانی كوردییان دەكرد، بۆیە ئەوەندەی نەبرد لە رۆژی 28ی چواری 1974  لەیلا قاسم و چوار لە هاورێكانی لە ئەنجامی هەڵمەتێكی بەرفراوانی هێزەكانی ئاسایش و سەربازی ڕێژێم لە بەغداد دەستگیركران.

دوای دەستگیركردنیان دادگایەكی نادادپەروەرانە دژ بە لەیلا قاسم و هاورێكانی  بەڕێوەچوو و بڕیاری لەسێدارەدانیانی بۆ دەركرد. تەنها دوای دوو هەفتە لەو بڕیار سەعات 7ی سەرلەبەیانی رۆژی 12ی ئایاری 1974، لەیلا قاسم و هەر چوار هاورێكەی لەسێدارەدران. تەرمی لەیلا لە گۆڕستانێكی نەجەف بەخاک سپێردرا.