نزیکەی 60 هەزار منداڵ لە غەززە بەدەست بەدخۆراکیەوە دەناڵێنن
یەحیا
١٠ی ئایاری ٢٠٢٥
دەسەڵاتی فەلەستینی پلانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ دابەشكردنی یارمەتییەكان لە كەرتی غەززە رەتدەكاتەوەو بە هەوڵێك بۆ تێكدانی رۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان ناوی دەبات.
دوابەدوای ئاشكرابوونی پلانە پێشوەختەی سەرۆكی ئەمریكا بەر لە راگەیاندنی بە رەسمی، حكومەتی فەلەستین داوای زیادكردنی فشارە نێودەوڵەتییەكان لەسەر ئیسرائیل كرد بۆ ئەوەی بەپەلە دەروازەكان بكاتەوە و دڵنیابێت لەوەی كە یارمەتییەكان بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان بگاتە فەلەستینییەكان.
ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز وردەكاری پلانێكی ئاشكرا كردووە كە ئەمریكا لەگەڵ ئیسرائیل كاری لەسەری دەكات بۆ گەیاندنی هاوكاری خۆراك بۆ كەرتی غەززە و كۆتاییهێنان بە گەمارۆی ئیسرائیل بۆ سەر خاكی غەززە كە زیاتر لە دوو مانگە بەردەوامە.
رۆژنامەكە دەڵێت، ترەمپ بیر لەوە دەكاتەوە پلانەكە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا رابگەیەنێت، ئەمەش پێش گەشتەكەی كە بڕیارە لەم هەفتەیەدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامی بدات.
ئیسرائیل و ئەمریكا جەخت لەسەر پێویستی سیستمێكی نوێ دەكەنەوە بۆ گەیاندنی هاوكارییەكان لە كەرتی غەززە بە ئامانجی رێگریكردن لە حەماس بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو هاوكارییانە، تۆمەتێك كە هەمیشە حەماس رەتیكردووەتەوە.
نەتەوە یەكگرتووەكان هەرزوو ئیدانەی پلانەكەی كردو ئاماژەی بەوە كرد، ئەم هەوڵە دەتوانێت ژیانی خەڵكی مەدەنی بخاتە مەترسییەوە و ببێتە هۆی ئاوارەبوونی بەكۆمەڵی زیاتری غەززە.
جەیمس ئەلدەر، وتەبێژی یونیسێف لە ژنێڤ وتی، پلانی ئیسرائیل پێچەوانەی بنەما مرۆییە سەرەتاییەكانە و ئامرازێكە بۆ فشار داڕێژراوە.
هاوكات دەزگای فریاگوزاری ئۆنروا سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندووە، زیاتر لە سێ هەزار بارهەڵگر بە هاوكارییەوە لە چەند كیلۆمەترێك لە دەرەوەی غەززە وەستاون و چاوەڕێی مۆڵەتی چوونە ژوورەوەن، لەكاتێكدا زۆربەی لەناوچووە.
لە راپرسییەكی نوێدا، نیوەی دانیشتوانی كەرتی غەززە ئامادەن شارەكەیان بەجێبهێڵن، لەكاتێكدا حكومەتی فەلەستین بە رەسمی برسێتی لەو شارەدا راگەیاندووەو ئاماژەی بەوەش كردووە، زیاتر ٪90ی هاووڵاتیانی غەززە و بەتایبەت منداڵان دەستیان بە ئاوی پاكی خواردنەوە ناگات، هاوكات لە كۆی هەر 10 كەسێك لە غەززە تەنها یەك كەس دەستی بە ئاوی پاكی خواردنەوە دەگات.
هەفتەی رابردوو حكومەتی ئیسرائیل پلانی فراوانكردنی ئۆپراسیۆنەكانی لە كەرتی غەززە پەسەند كرد و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتەش دانی بەوەدانا كە وێرانكارییەكانی غەززە وەڵامێك نییە هێرشەكانی حەماس، بەڵكو بەشێكە لە پلانێكی بە ئەنقەست كە ئامانج لێی ئاوارەكردنی خەڵكی كەرتی غەززەیە.