لە راپرسییەكدا نیوەی دانیشتوانی كەرتی غەززە ئامادەن شارەكەیان بەجێبهێڵن، وڵاتانی ئەوروپاش نیگەرانن لە گەمارۆكانی ئیسرائیل لە سەر كەرتی غەززە، سەرۆك وەزیرانی فەلەستینیش برسیەتی لە كەرتی غەززە راگەیاند و داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكانیش كرد هەڵوێستی هەبێت بۆ چارەسەری رەوشی مرۆیی لە كەرتی غەززە.

حكومەتی فەلەستین بە رەسمی برسیەتی لە كەرتی غەززە راگەیاند و لە راپرسییەكیشدا نیوەی دانیشتوانی كەرتەكە ئامادەن غەززە بەجێبهێڵن و روو لە وڵاتێكی تر بكەن.

محەمەد مستەفا سەرۆك وەزیرانی فەلەستین لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا بەرەسمی برسیەتی لە كەرتی غەززە راگەیاند و داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكانیش كرد دەستبەجێ میكانیزمەكانیان كارا بكەن بۆ چارەسەركردنی رەوشی كەرتی غەززە.

وتیشی، برسیكردن وەك چەكێك بەكاردێت و پێویستە هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكانیش بەپێی پابەندبوونەكانیان و یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەكان، رێكاری بەپەلە بگرنەبەر و دان بە كارەسات و برسییەتیدا بنێن.

یەكێتی ئەوروپاش لە راگەیەنراوێكدا هۆشداریدا لەبارەی ئەو میكانیزمە نوێیەی ئیسرائیل بەنیازە بیگرێتەبەر بۆ دابەشكردنی هاوكارییەكان و جەختیشیكردەوە، ئیسرائیل وەك دەسەڵاتی داگیركەر بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان دەبێت پابەند بێت بەوەی یارمەتییە مرۆییەكان دەگەنە زیانلێكەوتووان و ئاوارەكان، بەپێویستیشی دەزانێت ئاگربەستی دەستبەجێ جێبەجێ بكرێت و سەرجەم بارمتەكانیش بەپەلە ئازاد بكرێن.

ناوەندی فەلەستینی بۆ توێژینەوە سیاسی و روپێوییەكانیش راپرسییەكی لەبارەی خواستی فەلەستینییەكان بۆ بەجێهێشتنی غەززە ئەنجامداوە و بەپێی ئەو راپرسییە 49%ی بەشداربووانی راپرسییەكە ئامادەن داواكاری پێشكەشی ئیسرائیل بكەن تا هاوكارییان بكات لە رێی دەروازەكان و فڕۆكەخانەكانی ئیسرائیلەوە غەززە بەجێبهێڵن.

بەریتانیا و ئیسپانیا و نەرویژ و ئێرلەنداش لە راگەیەنراوێكدا گۆڕانكاریكردن لە جوگرافیا و دیمۆگرافیای غەززەیان رەتكردووەتەوە و بە پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانیان وەسفیانكردووە، دەشڵێن، ئۆپراسیۆنی نوێی سەربازیی لە كەرتی غەززە دەبێتەهۆی دروستبوونی كارەساتی نوێ بۆ خەڵكی مەدەنی لەو شارە و ژیانی بارمتەكانیش دەخاتە مەترسییەوە.

لین جیان وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چینیش رایگەیاند، وڵاتەكەی دژی ئۆپراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەكانی ئیسرائیلە لە كەرتی غەززە و پێی وایە رەچاوی مافی مرۆڤ لەو ناوچەیەدا ناكرێت و هاووڵاتیانی مەدەنی زیاتر بوونەتە قوربانی ململانێكان.

ئیال زامیر سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، لە ئێستادا سوپا چووەتە قۆناغی دووەمەوە كە یەكلاكەرەوەیە دژی بزوتنەوەی حەماس و لەناوی دەبەن.

رۆژی دووشەممە حكومەتی ئیسرائیل پلانی فراوانكردنی ئۆپراسیۆنەكانی لە غەززە پەسەند كرد و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتەش وتی، دانیشتوانی غەززە رادەگوازن و كار لەسەر جێبەجێكردنی پلانی سەرۆكی ئەمریكا دەكەن بۆ دەكردنی دانیشتووانی غەززە.