وەك نیاز پاكی بەرانبەر واشنتۆن، تاران ئامادەیی نیشاندا دەستبەرداری بەرهەمهێنانی ئەو مووشەكانە بێت كە كڵاوەی ئەتۆمی هەڵدەگرن، لەگەڵ فرۆشتنی بەشێك لەو یۆرانیۆمەی بە روسیا و ئەمریكا كە چەند ساڵێكە بەرهەمی هێناوە.

لە كاتێكدا خولی چوارهەمی دانوستانەكانی ئێران و ئەمریكا بۆ كاتێكی نادیار دواخراوە، واشنتۆن بەردەوامە لە سەپاندنی سزاكان بەسەر دامەزراوە ئابوورییەكانی تاران دا، لەگەڵ ئەوەشدا باس لە رێككەوتنی 25 ساڵەی هەردوو وڵات دەكرێت سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە كاتێكدا كۆماری ئیسلامیی ئێران پابەندبوونی خۆی بە درێژەدان بە دانوستانەكان لەگەڵ واشنتۆن دووپاتدەكاتەوە، بەڵام سیاسەتی هەڕەشە و فشار خستنەسەر دامەزراوەكان لەلایەن ئەمریكاوە، بە تەواوی پێچەوانەی بنەماكانی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان و یاسا نێودەوڵەتییەكانە.

دەشڵێت، لە ماوەی سێ خولی دانوستاندا، دانوستانكارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، هەڵوێست و داواكارییە رەواكانی گەلی ئێرانیان خستووەتە بەردەم ئەمریكا، هەوڵی جددیشیان دا بۆ گەیشتن بە لێكتێگەیشتنێكی دادپەروەرانە.

رۆژی پێنجشەممە سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی سەپاندنی سزای بەسەر كڕیارانی نەوت و پترۆ كیمیایی ئێران كرد، ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ دواخستنی دانوستانە ئەتۆمییەكانی تاران و واشنتۆن كە بڕیار بوو رۆژی شەممە لە رۆما بەڕێوەبچێت.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە بڵاویكردەوە، رەنگە رێككەوتنی ئەتۆمی چاوەڕوانكراوی نێوان ئێران و ئەمریكا جیاوازییەكی بەرچاوی لەگەڵ ڕێككەوتنی ساڵی 2015دا نەبێت كە دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2018 لە یەكەمین خوولی سەرۆكایەتی خۆیدا لێی كشایەوە.

سەرچاوەكان ئاشكرایان كردووە، ترەمپ ڕێككەوتنێكی 25 ساڵەی خستووەتە بەردەم ئێران بەبێ ئەوەی بەرنامە ئەتۆمییەكە هەڵبوەشێنێتەوە.

بەپێی ئەو مەرجانەی كە باس دەكرێن، ئێران كۆگاكانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بەرێژەی 60% كەمدەكاتەوە و قەبارەی كۆگاكانی ئەم مادەیە سنووردار دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا وێستگە ئەتۆمییەكانی دەخاتە ژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ئەوەش لە بەرامبەر سوككردنی سزاكان لەسەری لەلایەن ئەمریكاوە.

بەگوێرەی راپۆرتەكەی رۆیتەرز، ئێران وەك نیشانەی نیازپاكی پێشنیاری ئەوەی كردووە ئەو مووشەكانە دروست نەكات كە توانای هەڵگرتنی كڵاوەی ئەتۆمییان هەبێت. هەروەها ئامادەی نیشانداوە بەشێك لەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی كە بەرهەمی هێناوە، بە روسیا و ئەمریكای بفرۆشێت.