نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێكدا نرخی خۆراك بە رێژەی 7.6% بەرزبووەتەوە و بەرزبوونەوەی نرخیش بەردەوامە، بەتایبەت نرخی گۆشت و دانەوێڵە.

لە راپۆرتێكدا، رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی ناسراو بە فاو ئاماژەی بەوە كردووە، لە مانگی نیسانی رابردوەوە نرخی خۆراك لە جیهاندا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە بەتایبەت نرخی دانەوێڵە و گۆشت و بەرهەمە شیرەمەنیەكان كە بەوتەی خۆی رەنگدانەوەی بەردەوامی فشارەكانە لەسەر ئاسایشی خۆراكی جیهانی.

بەپێی پێوەرەكانی رێكخراوی فاو، لە مانگی نیساندا نرخی سەبەتەیەك كاڵای خۆراكی سەرەتایی، بە ڕێژەی 1% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 128.3 خاڵ، لە كاتێكدا لە مانگی ئاداردا 127.1 خاڵ بووە، ئەوەش بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو، نرخەكە بۆ 7.6% بەرزبووەتەوە.

رێكخراوی فاو رونیكردوەتەوە، نرخی دانەوێڵە بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە، ئەوەش بەهۆی دابین نەكردنی رێژەی پێویست لە ئەنجامی لاوازی بەرهەمهێنان بەتایبەت روسیا و ئوسترالیا و گۆڕانی كەشوهەوا لە وڵاتانی ئاسیا بۆ بەرهەمهێنانی برنج.