راپۆرتێكی نوێی كەناڵی ئێن بی سی ئەمریكی پەردە لەسەر قەبارەی ئەو وێرانكارییە گەورەیە لادەبات كە بەهۆی هێرشەكانی ئێرانەوە بەر بنكە و دامەزراوە سەربازییەكانی ئەمریكا لە ناوچەی كەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەوتووە.
بەپێی زانیارییەكانی شەش لێپرسراوی ئاگادار، ئەم هێرشانە زیانی چەندین ملیار دۆلارییان بە دارایی و كەرەستە جەنگییەكانی واشنتۆن گەیاندووە، كە تێیدا سیستمە پێشكەوتووەكانی رادار، و دەیان فڕۆكە و كۆگای ستراتیژی كراونەتە ئامانج و زیانی قورسیان بەركەوتووە.
سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە تێچووی چاككردنەوەی تەنیا ژێرخانەكان دەگاتە نزیكەی 5 ملیار دۆلار، ئەمەش بێ ئەوەی تێچووی چاككردنەوەی سیستمەكانی رادار و چەكە تێكچووەكان و ئەو فڕۆكانە هەژمار بكرێت كە بەتەواوی لەكاركەوتوون.
هەروەها زیانەكان ناوچەیەكی بەرفراوانی گرتووەتەوە، لەوانە بنكەی كامپ بوهرینگ لە كوەیت كە فڕۆكەیەكی جۆری ئێف-5ی تێدا بە ئامانج گیرا، هەروەها بنكەكانی زەفرە و روەیس لە ئیمارات و بنكەی ئەمیر سوڵتان لە سعودیە. جگە لەمانە، بنكەی موفەق لە ئوردن و چەندین بەندەر و كۆگای سەربازی لە كوەیت زیانیان پێگەیشتووە.
لە بەحرەینیش، بینای سەرەكی هێزی دەریایی ئەمریكا روبەڕووی وێرانكارییەكی زۆر بووەتەوە، بە شێوەیەك تەنیا تێچووی چاككردنەوەی بارەگای فەرماندەیی فەیلەقی پێنجەم دەگاتە 200 ملیۆن دۆلار، لەگەڵ تێكشكانی بەلایەنی كەمەوە دوو سیستمی بەرگری ئاسمانی.
هەڵسەنگاندنە دەرەكییەكانی پەیمانگای دامەزراوەی ئەمریكی دەریدەخەن كە هێزەكانی ئێران بنكەی ئاسمانی عەلی سالم لە كوەیت، بنكەی عەدید لە قەتەر و تەنانەت كۆگایەكی تەقەمەنییان لە باكوری عیراق پێكاوە، كە ئەمەش رەوشێكی سەختی بۆ هێزەكانی ئەمریكا دروست كردووە.
ئەمە لەكاتێكدایە پنتاگۆن لە مانگی ئاداری رابردوو رایگەیاندبوو، تێچووی شەش رۆژی یەكەمی جەنگ زیاتر لە 11.3 ملیار دۆلار بووە، كە 5.6 ملیار دۆلاری تەنیا بۆ تەقەمەنی دوو رۆژی یەكەم رۆیشتووە. سەرەڕای ئەم تێچووە زۆرانە، لێپرسراوانی سەربازی زانیاری رەسمی و وردیان بە یاسادانەرانی ئەمریكا نەداوە، ئەمەش بووەتەهۆی دروستبوونی فشار و ناڕەزایەتی لە واشنتۆن.
ئەم ئامار و داتایانە نیشانی دەدەن، ململانێكان لە ناوچەكەدا تێچوویەكی دارایی و سەربازی بێوێنەی بۆ ئەمریكا هەبووە، وێڕای ئەو زیانە مادییانەی كە رەنگە ساڵانێكی زۆری پێبچێت تاوەكو قەرەبوو دەكرێنەوە. لەگەڵ بێدەنگی پنتاگۆن بەرامبەر بەم راپۆرتانە، رەخنەكان لە ناوخۆی ئەمریكا روو لە زیادبوونە و داوای روونكردنەوەی زیاتر لەبارەی رەوشی هێزەكانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن.