3ی ئایاری هەموو ساڵێك رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەرییە، لە كاتێكدا هێرش و پێشێلكارییەكان بۆ سەر گیانی رۆژنامەنووسان رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت، فشارە ئابوورییەكانیش بەربەستێكی ترسناكن لە بەردەم كاری رۆژنامەگەریدا و تادێت توندتر دەبن.
لە رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەریدا، رێكخراوی رۆژنامەنوسانی بێسنور دەڵێت، لاوازبوونی ئابووری میدیا، مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ئازادی ڕۆژنامەگەری.
لە كاتێكدا هێرش و پێشێلكارییەكان بۆ سەر رۆژنامەنووسان رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت، فشارە ئابوورییەكانیش بەربەستێكی ترسناكن لە بەردەم كاری رۆژنامەگەریدا و تادێت توندتر دەبن.
رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لە راپۆرتێكدا دەڵێت، فشاری ئابووری لەسەر رۆژنامەنووسان كە چەندین شێوەی هەیە و زۆرجار بە كەم سەیر دەكرێت، بەڵام میدیاكان لە نێوان دەستەبەركردنی سەربەخۆیی خۆیان و هەوڵدان بۆ پاراستنی توانای ئابووری خۆیان گیریان خواردووە، چونكە بەبێ سەربەخۆیی ئابووری، ناتوانرێت چاپەمەنی ئازاد هەبێت.
پەیامنێرانی بێسنوور دەڵێت، كاتێك میدیاكان لە روی ئابوورییەوە لاواز دەبن، وایان لێدێت بكەونە بەر تەماحی بەرژەوەندیخوازەكان و وەك بوكەڵەیەك دەبن.
لە كۆی 180 وڵات كە لەلایەن رۆژنامەنووسانی بێ سنوورەوە شیكارییان بۆ كراوە، میدیاكان ناتوانن لە 160 وڵاتدا سەقامگیری دارایی بەدەست بهێنن، بەپێی ئەو زانیاریانەی كە رێكخراوەكە لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنی پێوەرەكانی ئازادی رۆژنامەگەریی جیهانیدا وەریگرتووە.
ترەمپ لە دوای دەستبەكاربوونی، دەستبەجێ پارەی ئاژانسی ئەمریكای بۆ میدیای جیهانی بڕی، ئەوەش وایكرد زیاتر لە 400 ملیۆن كەس لە دەستگەیشتن بە زانیارییە متمانەپێكراوەكانی دەنگی ئەمریكا و رادیۆی ئازادی ئەوروپا لە سەرانسەری جیهان بێبەش بن.
دوای بڕیارێكی دۆناڵد ترەمپ لە 15ی ئاداری رابردوو، زیاتر لە هەزار و 300 فەرمانبەری دامەزراوەی میدیایی دەنگی ئەمریكا دەركران، لە 83 ساڵی رابردووشدا ئەوە یەكەم جارە دامەزراوەكە كە بە زیاتر لە 50 زمان لەوانەش كوردی پەخشی دەكرد، بەو شێوەیە كپ دەكرێت.
لەبارەی باڵادەستبوونی پلاتفۆڕمەكانیش لە سۆشیاڵ میدیا و كۆنترۆڵكردنی رێكلامە بازرگانییەكان، كە ئەوەش وایكردووە داهاتی میدیاكان لاواز ببێت، دەڵێت، تەنها لە ساڵی 2024دا كۆی خەرجییەكانی ریكلام لە سۆشیاڵ میدیاكان گەیشتووەتە 24 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار، ئەوەش بەراورد بە ساڵی 2023 بەرێژەی 14% زیادیكردووە.
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا هێشتا مەترسیدارترین ناوچەی جیهانن بۆ رۆژنامەنوسان، بەجۆرێك لە كۆی 32 وڵاتی كیشوەری ئاسیا و زەریای هێمن، 20 وڵات دابەزینی پێوەرە ئابوورییەكانی ئازادی رۆژنامەگەریی جیهانییان لەمساڵدا بەخۆیانەوە بینیوە.