بە چەند رۆژێك پێش جێبەجێكردنی پیلانەكەیان، هەوڵێكی لالەزار بۆ لێدان لە دەباشان و چەند شوێنێكی ئەمنی سلێمانی و تیرۆركردنی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی ئاشكرا دەبێت.
پیلانەكە كە لەلایەن دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە ئاشكرا كراوە، تیایدا هەریەك لە لاهور جەنگی و پۆڵاد جەنگی و سەلمان ناسراو بە ئەژی ئەمین دایانڕشتووە.
چیرۆكەكە بەم شێوەیەیە، ماوەیەك پێش ئێستا هەریەك لە لاهور جەنگی و ئەژی ئەمین و پۆڵاد جەنگی و رێبوار حامید لە سلێمانی چاویان بە یەك دەكەوێت، تیایدا پیلانی تیرۆركردنی سەرۆكی یەكێتی و پەلاماردانی دەباشان دادەڕێژن، دواتریش پۆڵاد جەنگی بچێتە قەڵاچوالان و وتارێك بخوێنێتەوە.
لەو ماوەیەدا سەلمان چەند كاروانێك چەكی جۆری بی كەیسی و دۆشكە و درۆنی خۆكوژی دەنێرێتە سلێمانی، لەملاشەوە تیمێك بەنهێنی دێنە دەباشان و بە جی پی ئیس/ خاڵە ئەمنی و هەستیارەكان دەستنیشان دەكەن، بۆ جێگیركردنیان لەناو درۆنەكان.
هەر لەو ماوەیەدا سەلمان لە ناوچەی هەورازە نەفتە لە سنوری هەولێر كارگەیەكی دروستكردنی درۆنی خۆكوژ بە هاوكاری چەند پسپۆڕێكی ئۆكراینی دەكاتەوەو مەشق و راهێنان دەسپێدەكەن.
بەشێك لە مەشقەكانیش لە وڵاتی ئۆكراین و ناوچەی هەورازە نەفتە كراوە كە بارەگای سەربازیی ئەژی ئەمینی تێدایە و هەولێر بە كۆیە و ئیدارەی راپەڕینەوە دەبەستێتەوە.
دەستپێكی پیلانەكەش لە سێ شوێنەوە دەبێت كە راستەوخۆ بەرامبەر ماڵی بافڵ جەلال تاڵەبانی و دەباشان دەبێت، بەوتەی تۆمەتباران، ئەوانەی بۆ پیلانەكە راسپێردراون، مەشق و راهێنانیان بە چەكی قەناس و درۆنی بۆمبڕێژكراو و چەكی جۆراو جۆر پێكراوە.
تۆمەتبارەكان جەخت لەوە دەكەنەوە، چەندین چەكدار لە هەولێرەوە رەوانەی لالەزار كرابوون بۆ یارمەتیدانی هێزەكانی لاهور جەنگی لەكاتی هێرشەكەیاندا بۆسەر دەباشان.
وەك ئەوەی تۆمەتبارەكان ئاشكرایدەكەن، سەرەتا دوو قەناص بەدەست لە شوقەیەك بەرامبەر ماڵی مام جەلال جێگیر دەكرێن بۆ چاودێریكردنی بافڵ جەلال تاڵەبانی و تەقەكردن لێی لە هەركاتێكدا كە بینرا كە یەكێكیان رێبوار حامید بووە بەرپرسی هێزی نایاسای دووپشكی لالەزار.
لە شوقەیەكی تریشەوە درۆنی بۆمبیڕیژكراو بۆ لێدان لە دەباشان ئامادە دەكرێت، لە هەولێریشەوە ئەژی ئەمین گەمارۆی ماڵی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم بدات بۆ ئەوەی دەستی نەگاتە هیچ كونسوڵخانەیەك و نوێنەرایەتیەك، تەنانەت تیرۆركردنیشی ئەگەر پێویست بكات.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا وردەكاری پیلانەكەی خستووەتەڕو و دەڵێت، لە چەند مانگی رابردوودا بە هاوبەشی دەزگا ئەمنییەكانی تر، هەستاون بە ئاراستەكردنی سەرچاوەكانیان بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر زنجیرە پیلانێكی هاوبەش لەلایەن لاهور و ئەژییەوە بۆ دروستكردنی ناسەقامگیری لە سلێمانی
هەروەها دەزگاكە بە پشتبەستن بە بەڵگە و دانپێدانانی تۆمەتبارەكان، دەڵێت، رۆژی 19ی ئەم مانگە كاتێك بافل جەلال تاڵەبانی لەگەڵ سێ كەسی ئەمریكی لەناو ئۆتۆمبێلەكەیاندا لە شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود بەرێگاوە بوون، دوو گومانلێكراو لەوكاتەدا دەستگیركراون و دواتر لە لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوت بەشێك بوون لە تیمێكی چاودێری و ئەركیان دەستنیشانكردن و شوێنكەوتنی ئۆتۆمبێلی سەرۆكی یەكێتی بووە بۆ تیرۆركردنی لەلایەن تۆڕێكی فراوانەوە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی لاهور جەنگی.
زانیارییەكانی دەزگای ئاسایش دەیسەلمێنێت كە پەیوەندی راستەوخۆی ئەژی ئەمین لێپرسراوای باڵای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم كە لە هەولێر نیشتەجێیە ئاشكرا دەكەن بە دابینكردنی كەلوپەل و ئامێرەكانی و دەستە و گرووپ و راهێنان و پیلانداڕشتن بۆ تیرۆر كە لە ئێستاشدا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە.
دەزگای ئاسایش دەڵێت، هەندێك شوێن و جێگا كە دابین كرابوون بۆ پیلانەكە، وەك هەوڵی تیرۆركردنەكە، لە ئێستادا دەستیان بەسەرداگیراوە و بەڵگەی دەستكەوتوو لێیانەوە پشكنینی بۆ دەكرێت و تا ئێستاش لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن و چەندین بەڵگەی نوسراو و بینراو و دانپێدانانیش بە نهێنی هێڵراونەتەوە و لە داهاتوودا بە ووردی بڵاودەكرێنەوە.