سەرۆک کۆمار: هیوادارین ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەردەوامبێت
سام
٢ی تەمووزی ٢٠٢٥
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رادیۆی نیشتمانیی ئیسپانیا رەوشی عیراق و ناوچەکەی باس کرد و دەشڵێت، "هیوادارین ئاگربەستی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسرائیل بەردەوام بێت".
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رادیۆی نیشتمانیی ئیسپانیا ئەنجامدا و رایگەیاند:هەمووان لە ەۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیگەرانن لە هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل، جا چ دژی فەلەستینییەکان، ئێران، لوبنان، یەمەن، یان زۆر شوێنی دیکە بێت، پێویستە ئەم تاوانانەی بەرامبەر گەلانی ناوچەکە ئەنجام دەدرێن بوەستێنرێت.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشدا: هیوادارین ئاگربەستی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسرائیل بەردەوام بێت و ببێتە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و هیچ هێرشێکی دیکە روونەدات، بەڵام بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامە و رۆژانە دەیان یان تەنانەت بە سەدان هاووڵاتی سڤیل و منداڵی بێتاوان دەبنە قوربانی.
د. لەتیف رەشید دەشڵێت: وڵاتانی عەرەبی مەرجییان بۆ کۆتایی هێنان بەم ململانێیە داناوە، پێم وایە دەبێت لەپێشینەی کارەکان یەکەم راگرتنی ئەم جەنگە شەڕانگێزەیە بێت، لەگەڵ دەستەبەرکردنی مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی فەلەستین و یارمەتیدانی تا بتوانێت دەوڵەتی خۆی دابمەزرێنێت و مافە رەواکانی خۆی بەدەست بهێنێت و ئەم کۆمەڵکوژییانەیش رابگیرێت.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشدا: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران باشەن و ئێران وڵاتێکی دراوسێیە، زیاتر لە 1400 کیلۆمەتر لەگەڵیدا سنووری هاوبەشمان هەیە، ئەم پەیوەندیانە نوێ نین ودەگەڕێتەوە بۆ ماوەیەکی زۆر دور، ئێمەش پەیوەندییەکی بەرفراوانمان لەگەڵ لایەنی ئێرانیدا هەیە، هەروەها پێویستە بەپەلە چارەسەرێکی هەمەلایەنە بۆ کێشەکانی بەردەم ئێران بدۆزرێنەوە وتائێستا بەدەست سزاکان و گۆشەگیرییەیەوە دەناڵێنێت کە لەلایەن هەندێک وڵاتەوە سەپێنراوە، پێم وایە زۆر باشترە لەگەڵ ئێراندا گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە بەشێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
لە چاوپێکەوتنەکەدا سەرۆک کۆماری عیراق ئەوەشی خستەڕوو: هیوای سەرکەوتن بۆ دۆناڵد ترەمپ دەخوازم لە هەوڵەکانی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە سەرانسەری جیهاندا، چونکە بەبێ ئاشتی، هەموومان ئازار دەچێژین لەڕووی ئابووری، کۆمەڵایەتی و دیپلۆماسییەوە.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشداوە: داعش رێکخراوێکی تیرۆریستی بوو، جەنگێکی درێژخایەنمان لەدژی کرد، چونکە بەشێکی زۆری خاکی عیراقی کۆنترۆڵکردبوو، سوپاس بۆ خودا، سەرکەوتو بووین لە شکستی پێهێنانی لەڕووی سەربازییەوە، ئەمڕۆش رەوشی ئەمنی عیراق زۆر باشترە، داعش چیتر ناتوانێت مەترسی بێت بۆ ئاسایشمان ، هەروەها لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە داعش وەک هەڕەشەیەک ماوەتەوە، ئەرکی هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کەڕووبەڕووی ئەو بیرۆکانە ببنەوە، نابێت رێگە بدرێت داعش بوونی هەبێت و بەهیچ شێوەیەک چالاکی ئەنجام بدات، روونە کە بەشێک لە شانەکانی داعش لەسەر سنووری نێوان عیراق و سوریا ماونەتەوە، ئێمە لە نزیکەوە هاوکاری حکومەتی سوریا دەکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.