د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران کۆبوونەوە و باسیان لە پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و دوایین دۆخی ناوچەکە و هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا باسیان پرسی دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و کارکردن بۆ چارەسەری کێشە هاوبەشەکان کرد بە پشتبەستن بە دەستور و یاسا کارپێکراوەکان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراق کرا بۆ ئەنجامدانی لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا، بۆئەوەی کە ئەنجامەکانی رەنگدانەوەی خواستی راستەقینەی عیراقییەکان بێت.
سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی ناوچەکە و پەرەسەندنەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کرد، هەروەها ئەو ئاڵنگارییانەشی کە لە داهاتوودا ئەگەری هەیە رووبەڕووی ناوچەکە ببنەوە.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە موسەنا سەمەڕائی سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم کرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا جەختکرایەوە لەسەر پێویستی دروستکردنی ژینگەیەکی سەقامگیری هەڵبژاردن، کە بەشداریی فراوانی دەنگدەران مسۆگەر بکات.
لە میانەی دیدارەکەدا کە رۆژی شەممە 5-7-2025 لە بەغداد بەڕێوەچوو، دوایین پێشهاتی سیاسیی وڵات و گرنگی هەوڵە نیشتمانییەکان لەم قۆناغە تایبەتەدا بە تایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان تاوتوێ کرا و جەختکرایەوە لەسەر پێویستی دروستکردنی ژینگەیەکی سەلامەت و سەقامگیری هەڵبژاردن، کە بەشداریی فراوانی دەنگدەران مسۆگەر بکات و متمانە بە پرۆسەی دیموکراسی بچەسپێنێت.
لای خۆیەوە موسەنا سەمەڕائی پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی و پێداگری لەسەر پابەندبوونی هاوپەیمانی عەزم بە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی سەقامگیری و بەهێزکردنی هەنگاوی هاوبەشی نیشتمانی دووپاتکردەوە.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "بەم بۆنەیەوە جەخت لەداواکاریمان بۆ یەکخستنی ڕیزەکان دەکەینەوە کە هەموان پێکەوە کار بکەن بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری، بەردەوامی چاکسازی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی".
دەقی پەیامەکە
بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (علیه السلام) و خانەوادەکەی و یاوەرانی لە ڕۆژی عاشورا سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی گەلەکەمان و مەرجەعی باڵای ئایینی و موسوڵمانان دەکەین و ئەو قوربانییە گەورانە بیر دێنینەوە کە لە پێناو پابەندبوون بە وشەی حەق و چاکسازی و ڕەتکردنەوەی زوڵم و ستەم داویانە.
بەم بۆنەیەوە جەخت لەداواکاریمان بۆ یەکخستنی ڕیزەکان دەکەینەوە کە هەموان پێکەوە کار بکەن بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری، بەردەوامی چاکسازی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، باشترکردنی خزمەتگوزاری و ژیان و گوزەرانی وڵات و خەلکەکەمان.
دادوەر مونزر ئیبراهیم حسێن سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ـی 7ـی 2025، لە کۆشکی بەغداد، لەبەردەم د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق سوێندی یاسایی خوارد.
سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لەدادوەر مونزر حسێن کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لەڕاپەڕاندنی ئەرکە نوێیەکەیدا و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ سەرخستنی دادگای باڵای فیدراڵی لە ئەرکە دەستوورییەکانیدا دووپات کردەوە.
هەروەها سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەڕۆڵی جەمسەریی دادگا کرد، لەپاراستنی پرۆسەی دیموکراسی ومسۆگەرکردنی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، هاوکات دووپاتی لەوە کردەوە کە رێزگرتن لە دەستوور و پەنابردن بۆ بڕگەکانی کۆڵەکەیەکی گرنگن بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی سەقامگیر و دادپەروەر، لەسەر بنەمای سەروەری یاسا و دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکان.
لەلای خۆیەوە سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵ، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار و پشتیوانی لە سەربەخۆیی دادگا وەک پارێزەری دەستور دەربڕی و جەختی لەپابەندبوونی بەبڕگەکانی دەستوور و یاسا ودەستەبەرکردنی سەربەخۆیی دادگا و پاراستنی لە هەر دەستوەردانێک کردەوە.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیسپانیا، باسی چەندین مەسەلەی گرنگی هەرێم و ناوچەکەی کردووە و تیشکی خستووەتە سەر ئاڵنگاریی و مەترسییە ئیقلیمیەکان، ئەمەی خوارەوە هەڵبژاردەیەکە لە درێژەی چاوپێکەوتنەکە بۆ خوێنەران:
ئیدانەی توندوتیژی ئیسرائیل:
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ فەلەستین و لوبنان و سوریا و یەمەن و ناوچەکانی دیکەش درێژەی کێشاوە ، ئەم هێرشانە زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامن و ئەم کردارە توندوتیژانە ژمارەیەکی تراژیدیی قوربانی لێکەوتووەتەوە و ئازاربەخشە کە ئەم هێرشانە رۆژانە تائێستاش لە غەززە بەردەوامن.
بڕیاری کۆتاییهێنان بەم کارەساتە لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلە. تا ئێستا هیچ ئاماژەیەکی جددی نییە کە نیازی راستەقینە بۆ وەستاندنی ئەم دەستدرێژییە هەبێت و دەبێت دەستبەجێ ئەم پێشێلکارییە نایاساییانە بوەستێنرێن.
لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆک کۆمار دەربارەی هێرشەکانی ئیسرائیل، رایگەیاند: نەک تەنها فەلەستینییەکان کوژران، بەڵکو کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان گیانیان لەدەستدا، رۆژنامەنووسان کرانە ئامانج و زۆربەیان کوژران. ئێمە لە مێژووی ئەم دواییانەدا تاوانی لەو شێوەیەمان نەبینیوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش شکستی هێناوە لە کۆتاییهێنان بەم توندوتیژیە بەردەوامە. لە ڕاستیدا، هەندێک لە دەوڵەتە کاریگەرەکان بەردەوامن لە پشتگیری و تەنانەت هاندانی ئەم جۆرە کارانە.
ئێمە بە ئاشکرا و بێ دوودڵی ئیدانەی هێرشەکانی سەر ئێران دەکەین. ئەم پەرەسەندنانە جێگەی نیگەرانییەکی گەورە بوون بۆ ئێمە و پێدەچێت بەشێک بن لە سیاسەتی سیستماتیکی ئیسرائیل بە ئامانجی زیادکردن و فراوانکردنی مەودای دەستدرێژی.
ئیدانەی هێرشەکانی سەر ئێران:
سەرۆک کۆمار رایگەیاند: “ئێمە بە ئاشکرا و بێ دوودڵی ئیدانەی هێرشەکانی سەر ئێران دەکەین. ئەم پەرەسەندنانە جێگەی نیگەرانییەکی گەورە بوون بۆ ئێمە.”
ئەوەی خستە ڕوو کە “ئێمە بە وەستانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە دژی ئێران ئاسودەین بەڵام ڕەگی کێشەکە هەر ماوە کە لە سەرووی هەموویانەوە کێشەی فەلەستینە.”
دەربارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران:
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەکرد کە “پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران باشە، وڵاتێکی دراوسێیە و نزیکەی 1400 کیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵیدا هەیە.”
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە “هێشتا پشت بە هاوردەکردنی بڕێکی زۆر غاز لە ئێرانەوە دەبەستین” بەڵام سزاکان کێشە دروست دەکەن.
### هێزە فرە نەتەوەییەکان
سەرۆک کۆمار ڕوونی کردەوە کە “بوونی هێزە فرە نەتەوەییەکان لە عیراق لەسەر بنەمای رێککەوتنی رەسمی نێوان وڵاتانی پەیوەندیدار و حکومەتی عیراق دادەنرێت.”
هاوکات جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە “هێزە ئەمنییەکانمان ئامادەو بەتوانان و سوپاسگوزاری هێزەکانی هاوپەیمانی فرە نەتەوەیی دەکەین.”
دەربارەی یەکڕیزیی کوردستان و پرسی کورد:
سەرۆک کۆمار لەبارەی یەکڕیزیی کوردستانەوە وتی: “مەسەلەی یەکڕیزیی کورد ناوبەناو دێتە ئاراوە بەڵام تا ئێستا دوورە لەوەی ببێتە واقیع.”
هاوکات وتیشی: “هەموو کوردێک خەون بە یەکڕیزیی کوردستانەوە دەبینێت لە داهاتوودا بەڵام کەی ئەوە ڕوودەدات ئەمە هێشتا پێناسە نەکراوە.”
کێشەی پەکەکە و تورکیا:
سەرۆک کۆمار رایگەیاند کە “عیراق بەتەواوی ڕەتی دەکاتەوە کە خاکی خۆی لەلایەن هەر رێکخراوێک و تاک و لایەنێکی سیاسیەوە بۆ هێرش کردنە سەر وڵاتانی دیکە بەکار بهێنرێت.”
هاوکات ئاماژەی بەوەکرد کە “کرۆکی کێشەکە لە هێرشەکاندایە، بەتایبەتی هێرشەکانی تورکیا” و داوای کرد کە “ئەم پێشێلکاریانە ڕابگرێت.”
سەرۆک کۆمار سوپاسگوزاری خۆی بۆ ئیسپانیا دەربڕی: “هەموو عیراقییەکان سوپاسگوزاری خۆیان دەردەبڕن بۆ هەڵوێستی ئیسپانیا بەتایبەتی لەروی پرسی فەلەستین.”
هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد کە “هەڵوێستی سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا بەرز دەنرخێنێت کە تیایدا وتارێکی بەهێز و کاریگەری پێشکەش کرد.”
دەربارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا:
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەکرد کە “پەیوەندیی بازرگانیمان لەگەڵ تورکیا بەهێزە و هاوکاری ئابووریمان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەشەسەندنێکی ئەرێنی بەخۆیەوە بینیوە.”
پرسی چەکی ئەتۆمی:
سەرۆک کۆمار رایگەیاند کە “ئێران هەوڵ نادات بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، دەبێت ئەم ڕاستییە بزانرێت و گرنگە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێران بگاتە لێکتێگەیشتنێکی ڕوون.”
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رادیۆی نیشتمانیی ئیسپانیا رەوشی عیراق و ناوچەکەی باس کرد و دەشڵێت، "هیوادارین ئاگربەستی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسرائیل بەردەوام بێت".
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رادیۆی نیشتمانیی ئیسپانیا ئەنجامدا و رایگەیاند:هەمووان لە ەۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیگەرانن لە هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل، جا چ دژی فەلەستینییەکان، ئێران، لوبنان، یەمەن، یان زۆر شوێنی دیکە بێت، پێویستە ئەم تاوانانەی بەرامبەر گەلانی ناوچەکە ئەنجام دەدرێن بوەستێنرێت.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشدا: هیوادارین ئاگربەستی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسرائیل بەردەوام بێت و ببێتە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و هیچ هێرشێکی دیکە روونەدات، بەڵام بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامە و رۆژانە دەیان یان تەنانەت بە سەدان هاووڵاتی سڤیل و منداڵی بێتاوان دەبنە قوربانی.
د. لەتیف رەشید دەشڵێت: وڵاتانی عەرەبی مەرجییان بۆ کۆتایی هێنان بەم ململانێیە داناوە، پێم وایە دەبێت لەپێشینەی کارەکان یەکەم راگرتنی ئەم جەنگە شەڕانگێزەیە بێت، لەگەڵ دەستەبەرکردنی مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی فەلەستین و یارمەتیدانی تا بتوانێت دەوڵەتی خۆی دابمەزرێنێت و مافە رەواکانی خۆی بەدەست بهێنێت و ئەم کۆمەڵکوژییانەیش رابگیرێت.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشدا: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران باشەن و ئێران وڵاتێکی دراوسێیە، زیاتر لە 1400 کیلۆمەتر لەگەڵیدا سنووری هاوبەشمان هەیە، ئەم پەیوەندیانە نوێ نین ودەگەڕێتەوە بۆ ماوەیەکی زۆر دور، ئێمەش پەیوەندییەکی بەرفراوانمان لەگەڵ لایەنی ئێرانیدا هەیە، هەروەها پێویستە بەپەلە چارەسەرێکی هەمەلایەنە بۆ کێشەکانی بەردەم ئێران بدۆزرێنەوە وتائێستا بەدەست سزاکان و گۆشەگیرییەیەوە دەناڵێنێت کە لەلایەن هەندێک وڵاتەوە سەپێنراوە، پێم وایە زۆر باشترە لەگەڵ ئێراندا گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە بەشێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
لە چاوپێکەوتنەکەدا سەرۆک کۆماری عیراق ئەوەشی خستەڕوو: هیوای سەرکەوتن بۆ دۆناڵد ترەمپ دەخوازم لە هەوڵەکانی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە سەرانسەری جیهاندا، چونکە بەبێ ئاشتی، هەموومان ئازار دەچێژین لەڕووی ئابووری، کۆمەڵایەتی و دیپلۆماسییەوە.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشداوە: داعش رێکخراوێکی تیرۆریستی بوو، جەنگێکی درێژخایەنمان لەدژی کرد، چونکە بەشێکی زۆری خاکی عیراقی کۆنترۆڵکردبوو، سوپاس بۆ خودا، سەرکەوتو بووین لە شکستی پێهێنانی لەڕووی سەربازییەوە، ئەمڕۆش رەوشی ئەمنی عیراق زۆر باشترە، داعش چیتر ناتوانێت مەترسی بێت بۆ ئاسایشمان ، هەروەها لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە داعش وەک هەڕەشەیەک ماوەتەوە، ئەرکی هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کەڕووبەڕووی ئەو بیرۆکانە ببنەوە، نابێت رێگە بدرێت داعش بوونی هەبێت و بەهیچ شێوەیەک چالاکی ئەنجام بدات، روونە کە بەشێک لە شانەکانی داعش لەسەر سنووری نێوان عیراق و سوریا ماونەتەوە، ئێمە لە نزیکەوە هاوکاری حکومەتی سوریا دەکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.
سەرۆك كۆماری عیراق دەڵێت، چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغداد و هەولێر پێویستی بە دەركردنی یاسای نەوت و غاز هەیە.
د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ رۆژنامەی مۆندۆی ئیسپانی رایگەیاند، رۆژانە لە نێوان هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێم پەیوەندی و گفتوگۆ هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان، بە دیاریكراویش ئەو كێشانەی پەیوەندییان بە داهات و بەڕێوەبردنەوە هەیە
وتیشی، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان عیراق و هەرێمی كوردستان، پێویستە پرۆژەیاسای نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند بكرێت.
لە بەشێكیتری چاوپێكەوتنەكەشدا، سەرۆك كۆماری عیراق داوای لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان كرد بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران بكەن و بەتایبەتیش ئەوانەی بڕیاریانداوە بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن، جەختیشیكردەوە، دەبێت هەمووان پێكەوە كار بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پرسەكانی تر.
سەرۆک کۆمار چۆنیەتی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ سەرۆک کۆماری سودان تاوتوێ کرد.
لە میانەی بەشداریکردنی لە چوارەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دارایی بۆ گەشەپێدان کە لە شاری سیڤیلیای ئیسپانیا بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ ، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق چاویکەوت بە عەبدولفەتاح بورهان سەرۆک کۆماری سودان.
لە میانی دیدارەکەدا پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان عیراق و سودان و چۆنیەتی پەرەپێدانیان لە بوارە جیاجیاکانی جێی بەرژەوەندی هەردولا تاوتوێ کرا.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوو لە پێویستی کۆتاییهێنان بە جەنگ کێشەکان لە سودان و داوای لە سەرۆکی سودانکرد کار بکات بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە سودان، هەروەها پتەوکردن و فراوانکردنی ئاسۆی پەیوەندییەکان بە پێویست زانی، بە شێوەیەک کە گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی لە هەردوو وڵاتی دۆستدا بەرەوپێش ببات.
سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بەو سەقامگیرییە کە عیراق لەسەر ئاستی ئەمنی و سیاسی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان، کە یارمەتیدەرە بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری لە هەموو بوارەکاندا.
هەر لە دیدارەکەدا باس لە کارەکانی چوارەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دارایی بۆ گەشەپێدان و ئامانجەکانی بە مەبەستی جێبەجێکردنی پلانی گەشەپێدانی بەردەوام و کەمکردنەوەی هەژاری.
لە بەرانبەردا سەرۆکی سودان، پەرۆشی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عیراق لە بوارە جیاجیاکاندا و هەماهەنگی لە سەر هەموو مەسەلەکانی کە بایەخی هەردولان.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، لە کاتی بەشداریکردنی لە گفتوگۆی گشتی چوارەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دارایی بۆ گەشەپێدان کە لەسیڤیلیای ئیسپانیا بەڕێوەچوو، بەیاننامەی گروپی 77 و چینی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەسەر گرنگی بەستنی کۆنفرانس لەم قۆناغە هەستیارەدا کردەوە کە جیهان پێیدا تێدەپەڕێت و ئاماژەی بەوەدا کە گروپی 77 و چین پێشوازی لە پەسەندکردنی بەڵگەنامەی ئەنجامەکانی ئەم کۆنفرانسە دەکەن.
لە بەیاننامەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر پشتیوانی گروپەکە بۆ بەڵگەنامەکە کردەوە وەک چوارچێوەیەکی هاوسەنگ و بنیاتنەر و پێشبینیکەر کە رەنگدانەوەی خواستی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ کۆکردنەوەی دارایی بێت بۆ گەشەپێدانی بەردەوام بەتایبەتی بۆ بەرژەوەندی وڵاتانی تازە گەشەسەندوو.
دەقی بەیاننامەی گروپی 77 و چین کە لەلایەن د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراقەوە خوێندرایەوە.
بەڕێز سەرۆک......
خۆشحاڵم کە بەناوی گروپی 77 و چینەوە قسە دەکەم.
سەرەتا دەمەوێت سوپاسی دڵسۆزی خۆم بۆ حکومەت و گەلی شانشینی ئیسپانیا دەرببڕم بۆ میوانداریکردنی ئەم کۆنفرانسە مێژووییە لە سیڤیلیا و ئەو میواندارییەی پێشکەشی وەفدەکانمانیان کرد.
شەرەفێکی گەورەیە کە لێرە کۆبووینەوە بۆ نوێکردنەوەی پابەندبوونمان بە فرە لایەنی و هاوبەشی جیهانی، بەتایبەتی لەسەر ئەم بابەتە سەرەکییەی دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ پەرەپێدانی بەردەوام.
جەنابی سەرۆک
ئێمە لە گروپی٧٧ و چین لە ڕێگەی ئێوەوە سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی کۆمیتەی ئامادەکاری و سازکارانی بەڵگەنامەی ئەنجامەکان دەکەین بۆ سەرکردایەتی و دانایی لەم پرۆسە ئاڵۆز و گرنگەدا.
هەروەها هەوڵەکانیان بەرز دەنرخێنین بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەم پرۆسەیە بە تەواوی گشتگیر و شەفاف بمێنێتەوە.
بەڕێز سەرۆک
ئەم کۆنفرانسە لە کاتێکی گرنگی ئەجێندای گەشەپێدانی جیهانیدا بەڕێوە دەچێت. کەمتر لە پێنج ساڵ ماوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام ، جیهان هێشتا زۆر دوورە لە گەیشتن بەو ئەجێندایەی کە لە ساڵی 2015 داڕێژراوە ،بۆشایی دارایی بەردەوام فراوانتر دەبێت و ئەو تەحەدایانەی ڕووبەڕووی وڵاتانی باشوور دەبنەوە ئاڵۆزتر و بەیەکەوە گرێدراوتر و بەپەلەتر دەبن و پێویستی بە وەڵامدانەوەی نێودەوڵەتی هەماهەنگی و ئیرادەی سیاسی نوێیە.
لەم چوارچێوەیەدا، گروپی ٧٧ و چین پێشوازی لە پەسەندکردنی بەڵگەنامەی ئەنجامەکانی ئەم کۆنفرانسە دەکەن کە ئێمە بە هەنگاوێکی گرنگی دەزانیین بۆ بوژاندنەوەی هاوبەشی جیهانی بۆ گەشەپێدان.
ئێمە پشتگیری ئەم بەڵگەنامەیە دەکەین وەک چوارچێوەیەکی هاوسەنگ و بنیاتنەر و سەرپەرشتیکار کە ڕەنگدانەوەی خواستی کۆمەڵەکەمانە بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکانمان بۆ کۆکردنەوەی دارایی بۆ گەشەپێدانی بەردەوام بەتایبەتی بۆ وڵاتانی گەشەسەندوو.
گرووپەکە ئەم بەڵگەنامەیە بە دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی هاوبەشمان بە فرەلایەنی، هاوسۆزی و هاوکاری دەبینێت.
ئەم جۆرە بەڵگەنامەیە دەبێت بنەمایەک بێت بۆ چارەسەرکردنی ناهاوسەنگیەکانی پێکهاتەیی لە سیستەمی دارایی و ئابووری جیهانیدا و دڵنیابوون لەوەی کە دەنگی وڵاتانی گەشەسەندوو بە شێوەیەکی کاریگەر دەبیسترێت و پێداویستی و ئەولەویەتەکانیان بە مانای چارەسەر دەکرێت.
بەڕێز سەرۆک ..
ئێمە لەگروپی ٧٧ و چین جەخت دەکەینەوە لە سەرخستنی ناوەندێتی لە نیوان باکورو باشور بەو پێیەی بەردی گۆشەی هەماهەنگیە لە هاریکاری گەشەپیدانی نێودەولەتی ، جەخت دەکەینەوە لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی هەموو پابەندییەکانی پەیوەست بە یارمەتی پەرەپێدانی فەرمی و دابینکردنی دارایی پێویست، پێشبینیکراو، لەکاتی خۆیدا و ئاسانکاری بۆ وڵاتانی گەشەسەندوو دەکەین.
لەهەمان کاتدا جەخت دەکەینەوە لەسەر گرنگی هەماهەنگی نێوان ولاتانی باشور بە شێوەی تەواوکاری نەک ئەلتەرناتیڤ بۆ هاریکاری باکورو باشور .
پابەندین بە هەماهەنگی بنەمای هەماهەنگی و ڕیزگرتنی بەرامبەر دور لە سەپاندنی مەرج .
هەروەها تیشک دەخەینە سەر پێویستی بەهێزکردنی بەگەڕخستنی سەرچاوە ناوخۆییەکان کە پێویستە ژینگەیەکی ئابووری نێودەوڵەتی گونجاو و ئامرازی جێبەجێکردنی کاریگەر پاڵپشتی بکرێت.
سیستەمی باجی جیهانی باشتر بکەین و قەبارەی وەبەرهێنانی راستەوخۆی بیانی لە وڵاتانی گەشەسەندوو زیاد بکەین و تێچووی ناردنی پارە کەم بکەینەوە و سەرچاوە تایبەتەکان ئاراستە بکەین بەرەو گەشەپێدانی بەردەوام چاکسازی بکەین لە پێکهاتەی دارایی جیهانی چاکسازی بکەین و نوێنەرایەتی دادپەروەرانەی وڵاتانی گەشەسەندوو لە دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکاندا دەستەبەر بکەین و هەموو ڕێوشوێنەکانی ئابووری و دارایی و بازرگانی یەک لایەنە بەسەر وڵاتانی گەشەسەندوودا نەهێڵرێت و دەستگەیشتن بە سەرچاوە داراییەکان فراوان بکرێت. تەکنەلۆژیا، بنیاتنانی توانا و دارایی درێژخایەن بڕەخسێنرێ .
بەڕێز سەرۆک...
سەرەڕای ئەو کەموکورتییانەی کە لەوانەیە هەبن، ئێمە لەو باوەڕەداین کە ڕێککەوتنی ئیشبیلیا بنەمایەکی زۆر باشە بۆ دابینکردنی جۆریەتی و قەبارەی پارەی پێویست بۆ خێراکردنی گەشەپێدانی بەردەوام.
پێویستە ئێمە تەرکیز لەسەر ئەوانە بکەین کە لە دواوە ماونەتەوە و پابەند بین بە پابەندبوونمان بە بەجێنەهێشتنی هیچ کەس و وڵاتێک، چونکە شکستی هیچ یەکێک لە ئێمە لە بەدیهێنانی ئەجێندای کارەکە شکستی هەموومانە.
بۆیە بۆ بەرەوپێشچوون، ئێمە لە قۆناغی داهاتوودا ناچارین دڵنیابین لە جێبەجێکردنی کاریگەری ئەو بەڵێنانەی لەم بەڵگەنامەیەدا جێبەجێمان کردووە. هەروەها دەبێت ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پرۆسەی بەدواداچوون و پێداچوونەوە بەهێز بکەین بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەین کە سەرمایەی گەشەپێدان ئەجێندای فرەلایەنی و گشتگیرانە دەمێنێتەوە .
بەڕێز سەرۆک....
با ئەم کۆنفرانسە بقۆزینەوە لە نوێکردنەوەی پابەندبوونمان بە فرەلایەنی وەک ڕێگایەک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام تا ساڵی 2030 ، ئەو تەحەدایانەی ڕووبەڕووی جیهان دەبنەوە سنووری نیشتیمانی ناناسێنن و هیچ وڵاتێک ناتوانێت گەشەپێدانی بەردەوام بەدەست بهێنێت، بەڵکو پێویستی بە دیدێکی هاوبەش، کاری بەکۆمەڵ و هاوکاری جیهانی هەیە.
با بەڵێنەکان بکەینە کردار و دووپاتی بکەینەوە کە نابێت هیچ وڵاتێک و هیچ کەسێک پشتگوێ بخرێت.
با پێکەوە کار بکەین بۆ گەشەپێدانی تەلارێکی دارایی جیهانی دادپەروەرانە کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەمووان بکات نەک بەشێکی .
گروپی ٧٧ و چین لە ئامادەگی تەواو داین لەگەڵ سەرجەم هابەشەکانمان بۆ گرەنتی کردنی سەرچاوەی دارایی لەپێناو گەشەپیدان کە ببێتە داینەمۆی راستەقینە بۆ گەشەپێدان و پێشکەوتن .
سوپاستان دەکەم
سەرۆک کۆماری عیراق و خانمی یەکەم لە ئیسپانیا و لە میانی بەشداریکردن لە چوارەم کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دارایی بۆ گەشەپێدان؛ چاویان بە پاشا و شاژنی ئیسپانیا کەوت و لەبارەی چەند پرسێکەوە گفتوگۆیان کرد.
لە میانەی ئاهەنگی پێشوازیکردنی وەفدەکانی بەشداربووی چوارەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دارایی بۆ گەشەپێدان، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق لە سیڤیلیا لەگەڵ پاشا فیلیپی شەشەم و شاژن لێسیای هاوسەری کۆبوونەوە.
سەرۆک کۆمار و خانمی یەکەم ستایشی هەڵوێستی ئیسپانیایان کرد لە پشتیوانیکردن لە دۆزی دادپەروەرانەی گەلی فەلەستین و کۆتاییهێنان بە شەڕ و بەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسین.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لە پەرۆشی خۆی بۆ پێشخستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە و پیشخستنی هاریکاری بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا بکات، هیواشی خواست، کۆنفرانسەکە راسپاردەیەک بەرهەم بهێنێت کە خزمەت بە خواستەکانی گەلان بکات بۆ گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیری و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی.
سەرۆک کۆمار بەشداری لەچوارەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دارایی بۆ گەشەپێدان له سڤیلیای وڵاتی ئیسپانیا دەکات
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەم، ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی 6ـی 2025، گەیشتنە ئیسپانیا بەمەبەستی بەشداریکردن لە چوارەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دارایی بۆ گەشەپێدان کە لە شاری سیڤیلیای ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت، جیگای ئاماژەیە ژمارەیەک راوێژکار و بەرپرسی حکومی یاوەری دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە رۆژی 9ـی 6ـی 2025، سەرۆک کۆمار و خانمی یەکەمی عیراق، لە رۆژانی 9 تا 13ـی 6ـی 2025 بەشدارییان له سێھەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئۆقیانووسەکان کرد کە لە فەرەنسا بەڕێوەچوو.
لە فەرەنسا، سەرۆک کۆمار سەرۆکایەتی لوتکەی دەلتای جیهانی کرد، هەروەها سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆکی فەرەنسا کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئاماژەی بە گرنگی هەماهەنگی و کاری هاوبەش کرد بۆ پتەوکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نهیان سەرۆکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هەردوولا پەرەسەندنەکانی گۆڕەپانی ناوچەکە و چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان تاوتوێکرد کە مەبەست لێی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەر دوو گەلی برا و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.
لەمیانی پەیوەندییە تەلەفونیەکەدا، جەختکرایەوە لەسەر گرنگی هێورکردنەوە و کەمکردنەوەی گرژییەکان، هەروەها بەکارهێنانی دیالۆگ و رێگەی ئاشتیانە وەک ئامرازێک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، کە دەبێتە مایەی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری، هاوکات گرنگ دەبێت بۆ درێژەدان بە هەماهەنگی و چڕکردنی هەوڵەکان بە ئامانجی پتەوکردنی ئاشتیی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفونیەدا تیشک خرایە سەر پێشهاتەکان و دۆخی کارەساتباری مرۆیی لە کەرتی غەززە، لەوبارەیەوە هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەکان بۆ راگرتنی دەستدرێژیی ئیسرائیل و گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی بەپەلە و کۆتاییهێنان بە گەمارۆ و کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵکی مەدەنی.
سەرۆک کۆماری عیراق و ئەمیری قەتەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکەیان تاوتوێکرد.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد بن خەلیفە ئال ثانی ئەمیری قەتەر به بۆنه ی ساڵی نوێی کۆچی پیرۆزباییان ئاڵوگۆڕ کرد و هیوای پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتریان بۆ هەردوو گەلی عیراق و قەتەر خواست.
لە پەیوەندییەکەدا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە و چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە برایانەکان و هاوکارییەکانی نێوان عیراق و قەتەر لە بوارە هاوبەشە جیاوازەکاندا تاوتوێکرد.
هەروەها باس لە پەرەسەندنەکانی ئەم دواییانە کرا و جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکان و گرتنەبەری زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە گۆڕەپانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بەشێوەیەک کە دەرفەتی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەهێزتر بکات.
جەختیش لەسەر پێویستی وەستاندنی دەستدرێژی و پێشێلکارییەکان لە کەرتی غەززە و دابینکردنی یارمەتی بۆ گەلی برای فەلەستین کرایەوە و گرنگی کاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەرپرسیارێتییە یاسایی و ئەخلاقییەکانی خۆی لەو بوارەدا کەلە ئەستۆی بگرێت دوپات کرایەوە .
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ـی 6ـی 2025 لە بەغداد پێشوازی لە عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی کرد.
لەکۆبونەوەکەدا، هەردوولا باسیان لە پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی لە ئاستی ناوخۆ و ئیقلیمی و چۆنیەتی چەسپاندنی بناغەی سەقامگیری لە وڵات و ناوچەکەدا کرد.
هاوکات جەختکرایەوە لەسەر پێویستی سازکردنی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا و گرنگی بەشداریکردنی چالاکانەی هاووڵاتیان تیایدا.
سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لەئەمیری دەوڵەتی کوێت دەکات بەبۆنەی ساڵی نوێی کۆچیەوە و پێشهاتەکانی بارودۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن
د.لەتیف رەشید، ئەمڕۆ لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شێخ مشعل ئەحمەد جابر ئەلسەباح، ئەمیری دەوڵەتی کوێت، بەبۆنەی ساڵی نوێی کۆچیەوەی پیرۆزباییان ئاڵوگۆڕ کرد.
سەرۆک کۆمار و ئەمیری دەوڵەتی کوێت، هیوای خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنیان بۆ گەلانی عیراق و کوێت خواست.
هەروەها سەرۆک کۆمار جەختی لەچڕکردنەوەی هەوڵە هاوبەشەکان کردەوە بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەکەدا.
لەمیانەی پەیوەندییەکەدا هەردوولا پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێکرد و جەختیان لەگرنگی کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکان بەشێوەیەک کرد که ئاشتی هه رێمایەتی و نێودەوڵەتی بپارێزێت و هەروەها باسیان لەفراوانکردنی هاریکارییه دووقۆڵییەکانیان کرد، کەڕەنگدانەوەی پتەووی پەیوەندیی برایانەی نێوان عیراق و کوێت دەکات بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی هەر دوو گەلی برا.
هەروەها تاوتوێی خراپتربوونی بارودۆخی مرۆییان لەکەرتی غەززە کرد، لەبەر ڕۆشنایی ئەو دەستدرێژیە فراوانە و زیادبوونی ئازاری مرۆیی، وهاوکات جەختیشیان لەپێویستی یەک هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی کردەوە بۆ پشتیوانیکردن لەخۆڕاگری گەلی فەلەستین و کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بەو دەستدرێژییانە و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئازارەکانی هاووڵاتیانی فەلەستینی.