سەرۆك كۆماری عیراق دەڵێت، چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغداد و هەولێر پێویستی بە دەركردنی یاسای نەوت و غاز هەیە.

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ رۆژنامەی مۆندۆی ئیسپانی رایگەیاند، رۆژانە لە نێوان هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێم پەیوەندی و گفتوگۆ هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان، بە دیاریكراویش ئەو كێشانەی پەیوەندییان بە داهات و بەڕێوەبردنەوە هەیە

وتیشی، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان عیراق و هەرێمی كوردستان، پێویستە پرۆژەیاسای نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند بكرێت.

لە بەشێكیتری چاوپێكەوتنەكەشدا، سەرۆك كۆماری عیراق داوای لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان كرد بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران بكەن و بەتایبەتیش ئەوانەی بڕیاریانداوە بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن، جەختیشیكردەوە، دەبێت هەمووان پێكەوە كار بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پرسەكانی تر.