د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لەباڵیۆزی شانشینی ئوردنی هاشمی لەعیراق، ماهر تەراونە.

لە دیدارەکەدا باس لە چۆنیەتی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی برا کرا ، هەروەها دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی ناوچەکە و جیهان و گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی هاوبەش بۆ بەشداریکردن لە پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە تاوتوێ کرا.

 سەرۆک کۆمار دووپاتی لە هەڵوێستی نەگۆڕی عیراقی لە رێزگرتنی سەروەری دەوڵەتان و دەستوەرنەدان لەکاروباری ناوخۆیاندا کردەوە و جەختیشی لەوە کردەوە کەعیراق هەر جۆرە پێشێلکارییەکی سەروەری وڵاتەکەی رەتدەکاتەوە و هەروەها رەتیشی دەکاتەوە ببێتە مەیدانێک بۆ هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتانی دیکە.

لەلای خۆیەوە باڵیۆز تەراونە سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەڵوێستەکانی عیراق دەربڕی و پشتیوانی شانشینی ئوردنی بۆ هەوڵەکانی عیراق لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پەرەپێدانی پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی دووپاتکردەوە.