سەرۆک کۆمار پێشوازی لەبەرپرسی دەزگای دژە تیرۆر دەکات
سام
٢٨ی ئایاری ٢٠٢٥
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 28ـی 5ـی 2025 لەکۆشکی بەغداد، پێشوازی فەریق کەریم عەبود ئەلتەمیمی بەرپرسی دەزگای دژە تیرۆر کرد.
لەدیدارەکەدا دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی وڵات و ناوچەکە و رۆڵی دەزگای دژە تیرۆر لە بەرجەستەکردنی سەقامگیری ناوخۆدا تاوتوێ کرا، سەرۆک کۆمار جەختی لە پێویستی بەهێزکردنی توانای هێزە چەکدارەکان کردەوە بۆ روبەڕوبونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان و ستایشی رۆڵ و قوربانیە گەورەکانی دەزگای دژە تیرۆری کرد، لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عیراق و هەموو عیراقییەکاندا، هاوکات ئاماژەی بە پێویستی پەرەپێدان بە تواناکانی دەزگاکە کرد، لەڕێگەی سودوەرگرتن لە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی مۆدێرن لە بواری بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و ئایدۆلۆژیا توندڕەوەکاندا.
لەلای خۆیەوە ئەلتەمیمی، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕێنماییەکانی سەرۆک کۆمار دەربڕی و رونکردنەوەیەکی وردی لەبارەی پێشهاتەکانی کارەکانی دەزگای دژە تیرۆر و هەوڵە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی و پلانەکانی داهاتووی بەئامانجی پەرەپێدانی ئاستی ئاسایش و سەقامگیری لەعیراقدا خستەڕوو.
