د.لەتیف رەشید جەختی لەسەر گرنگی ناوچەکانی ئاسیا و زەریای هێمن کردەوە وەک ناوەندێکی گەشەی ئابووری
٢٦ی ئایاری ٢٠٢٥
سەرۆک کۆمار پێشوازی لە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەی داڕشتنی داهاتووی ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن کرد
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەی داڕشتنی داهاتووی ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن ئۆلین وادینگتۆن کە تیایدا وەزیری پێشووی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوارەکان دکتۆر حەسەن نازم ئامادەی بوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر گرنگی ناوچەکانی ئاسیاو زەریای هێمن کردەوە وەک ناوەندێکی گەشەی ئابووری و هەمەچەشنی کولتووری، جگە لە بەکارهێنانی تواناکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا .
سەرۆک کۆماری عیراق ئاماژەی بە پێویستی سوود وەرگرتن لە دەستپێشخەری و پرۆژەکانی ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن کرد بۆ پەرەپێدانی هاوکاری ئابووری و ژینگەیی و تەکنیکی هاوبەش بە ئامانجی بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام و ئاماژەی بە گرنگی هەڵکەوتەی جوگرافیای عیراق کرد کە وای لێدەکات رۆڵێکی کاریگەر ببینێت لە پلانەکانی گەشەپێدان و پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان زۆرێک لە وڵاتاندا.
لای خۆیەوە وادینگتۆن باسی لە پڕۆژەی داڕشتنی ئاسیا - زەریای هێمن کرد کە تیشک دەخاتە سەر هاوکاری ئابووری، هاوبەشی ژینگەیی و هاوکاری لەگەڵ رێکخراو و ناوەندەکان بۆ بەدەستهێنانی گەشەپێدانی گشتگیر.