سه رۆک کۆمار به شداری له کۆڕبه ندی ئابووری دێلفی کرد
١٩ی ئایاری ٢٠٢٥
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ بەشداری کۆڕبەندی ئابووری دێلفی لە شاری سلێمانی کرد.
لە میانەی کۆڕبەندەکەدا کە کۆمەڵێک لێپرسراو و کەسایەتی لە هەرێمی کوردستان و عیراق و دیپلۆماتکارانی وڵاتانی دراوسێ و عەرەبی و بیانی ئامادەی بوون، سەرۆک کۆمار وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کۆڕبەندە وەرچەرخانێکی گرنگە لە رێڕەوی عیراقدا و رەنگدانەوەی گەشەسەندنی ناسینی ڕۆڵی عیراق و هەرێمی کوردستان لە بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و گەشەپێدان لە ناوچەکە و جیهاندا.
سەبارەت بە لووتکەی عەرەبی کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، سەرۆک کۆمار رایگەیاند "لوتکەی عەرەبی کاریگەری هەبوو لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی، چونکە گفتوگۆی چڕوپڕ لەسەر زۆر بابەت ئەنجامدرا لەوانە کێشەی فەلەستین و کەمکردنەوەی ئازارەکانی گەلی فەلەستین"، تەئکیدی لەوە کردەوە ، لوتکەی عەرەبی کە لە بەغدا بەڕێوەچوو بەرجەستەکردنی ئاسایش و سەقامگیرییە کە عیراق بەخۆیەوە بینیوە، ئاماژەی بە پێویستی بەردەوامی هەوڵدان بۆ بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی کرد بۆ بنیاتنانی عیراقێکی خۆشگوزەران و سەقامگیر.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە بەتایبەتی مەسەلەکانی پەیوەست بە یاسای نەوت و گازەوە بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ پێشکەوتنی بواری ئابووری و سوودی بۆ گەلی عیراق ببێت.




