د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ هەینی لەبەغداد، پێشوازی لە مەحمود عەباس سەرۆکی فەلەستین و وەفدی یاوەری کرد.

لە میانی دیدارەکەدا باسیان لە پەیوەندیی مێژوویی برایانەی نێوان عیراق و فەلەستین کرد، هەروەها رێگاکانی بەهێزکردنیان لەبوارە جیاجیاکاندا، لەگەڵ هەڵوێستی پشتیوانی نەگۆڕی عیراق بۆ دۆزی دادپەروەرانەی گەلی فەلەستین.

سەرۆک کۆمار پشتیوانی تەواوی عیراقی بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانی گەلی فەلەستین دووپات کردەوە، لە پێش هەموویانەوە مافی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیان و جەختی لەوەش کردەوە کە دەستدرێژی بەردەوام بۆ سەر کەرتی غەززە پێویستی بەهەڵوێستێکی یەکگرتوو و بەهێزی عەرەبی هەیە کە گوزارشت لەنیشاندانی ئیرادەیەکی هاودەنگی و پشتیوانی کاریگەر بۆ گەلی فەلەستین بکات.

هەروەها سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کەلوتکەی عەرەبی زەمینەیەکی گونجاو خۆش دەکات بۆ ئاراستەکردنەوەی هاودەنگی عەرەبی بەرەو پشتیوانیکردن لەدۆزی فەلەستین و داڕشتنی هەڵوێستێکی کاریگەر کە مافەکان بپارێزێت و خۆڕاگری گەلی فەلەستین لەبەرامبەر داگیرکاریدا بەهێزتر بکات.

لەلای خۆیەوە مەحمود عەباس، پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی چەسپاوی عێراق سەبارەت بە دۆزی فەلەستین دەربڕی و دەستخۆشی لە میوانداریکردنی لە لوتکەی عەرەبی و ئەو پلاتفۆرمە ستراتیژییەی کە نوێنەرایەتی دەکات بۆ گەیاندنی دەنگی گەلی فەلەستین بە جیهانی عەرەبی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.