سەرۆک کۆمار: نەبوونی یاسای نەوت کێشەی زۆری لەنێوان حکومەتی عیراق و هەرێم دروست کردووە
هەساو ئەمیر
١٦ی ئایاری ٢٠٢٥
سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاند، نەبوونی یاسای نەوت و گاز کێشەی زۆری لەنێوان حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم و پارێزگاکاندا دروست کردووە و بە تێپەڕاندنی یاساکە کێشەکان چارەسەر دەبن.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "الشرق" باسی لە دوایین پێشهاتەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەکرد، کاردەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەڕێوەبردن و بواری دارایی و هەنگاوی گرنگیان ناوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر.
لەبارەی هەڵبژاردنەکانی پێنج مانگی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە باسی لەوەکرد، "خوازیاری سەرکەوتنی هەڵبژاردنین، هەروەها سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بەشداری تێدا بکەن و ئەنجامەکانی نوێنەرایەتی عیراقییەکان بکات، هاوکات بە پاکی و روونی بەڕێوەبچێت".
د. لەتیف رەشید لەبارەی بەڕێوەچوونی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغداد باسی لەوەکرد، بەڕێوەچوونی لوتکەکە لە بەغدا گرنگە بۆ چارەسەری گرفتەکانی فەڵەستین و سودان و لوبنان و سوریا، کە لە لوتکەکەدا لێیان دەکۆڵرێتەوە و بڕیار و راسپاردەی تایبەتیان بۆ دەردەکرێت.
وتیشی، گەلی فەڵەستین پێویستی بە پاڵپشتی هەمووان هەیە، گرنگە کۆتایی بە کوشتار بهێرنرێت و پێداویستی و هاوکارییە مرۆیی و تەندروستییەکانیان پێ بگەیەنرێت، هەروەها مافەکانیان دەستەبەر بکرێت.
لەبارەی دۆخی سوریاوە سەرۆک کۆمار ئەوەی خستە روو، "پێشوازی لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا دەکەین، بانگهێشتنامەی رەسمیمان بۆ ئەحمەد شەرعی سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا ناردووە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی عەرەبی".
ئاماژەی بەوەشکرد، "هیوای ئاسایش و سەقامگیری بۆ گەلی سوریا دەخوازین و بەئومێدین سیستمێکی دیموکراسی هەبێت کە نوێنەرایەتی سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا بکات".
دوایین قۆناغی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران یەکێکی دیکە بوو لەو پرسانەی سەرۆک کۆماری عیراق باسی لێوەکرد و روونیکردەوە، "پێشوازی لە دانوستانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەکەین، پشتیوانی لە سەرکەوتنیان دەکەین و ئامادەین هەموو هەوڵێک بدەین بۆ سەرخستنی و گەیاندنی بە ئەنجامێکی ئەرێنی".