سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان کرد
٧ی ئایاری ٢٠٢٥
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە جەیهون بایرامۆڤ وەزیری دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان و وەفدی یاوەری کە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە ئامادەی بوو.
لە سەرەتای دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو ، وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان سڵاوی ئیلهام عەلیێف سەرۆک کۆماری ئازەربایجان گەیاندە سەرۆک کۆمار و سەرۆک کۆماریش سڵاوی خۆی بۆ سەرۆک کۆماری ئازەربایجان نارد و هیوای بەردەوامی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی ئازەربایجان خواست.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی پەیوەندیی نێوان هەر دوو وڵاتی دۆست، لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و ڕێزگرتن و پێویستی پەرەپێدانی هاریکاریی نێوان هەر دوو وڵاتی دۆست لە ڕێگەی پڕۆژە و هەماهەنگییەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەش بکات.
لای خۆیەوە جیھون بایرامۆڤ پابەندبوونی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ پەرەپێدانی هاریکاری فراوان لەگەڵ عیراق لە بوارە جیاجیاکاندا، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست ، هاوکات ستایشی پێشهاتی ئەرێنیی عیراق و رۆڵی بنیاتنەری لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا کرد.






