سەرۆک کۆمار لە خانەقینەوە دووپاتی دەکاتەوە: ئەو فرەییەی تایبەتمەندییەکی پارێزگای دیالەیە کە گیانی پێکەوە ژیانی نەتەوەیی راستەقینە بەرجەستە دەکات

 

 د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، دووپاتی کردەوە کە ئەو فرە رەنگییەی کە پارێزگای دیالەی پێ جیا دەکرێتەوە مایەی شانازییە و بەرجەستەی گیانی پێکەوەژیانی نەتەوەیی راستەقینە دەکات، بەو پێیەی نەتەوە و ئایین و مەزهەبی جۆراوجۆر لە خۆ دەگرێت کە بە ئارامی و هاوسەنگی پێکەوە دەژین.

 

لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ کەسایەتی هۆز و عەشیرەتەکانی قەزای خانەقین و نوێنەرانی پێکهاتەکانی شارەکە، سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەکرد کە هۆزەکان رۆڵی مێژووییان هەبووە لە پتەوکردنی یەکڕیزی کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی پەیوەندی نێوان دانیشتوانەکەی، ئەمە جگە لەوەی بەشداری کاریگەریان لە پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیریدا هەبووە.

 

سەرۆک کۆمار  دووپاتی کردەوە کە ئەرکی نیشتمانی پێویستی بەوەیە هەموو لایەک بە بەرپرسیارانە کاربکەن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، هەروەها پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی بەدەست هاتوون بە قوربانیدانی رۆڵەکانی گەل لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆر، ئاماژەیکرد  بە گرنگی بەردەوامیدان بە پرۆسەی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان و کارکردن بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان و  دابینکردنی پێداویستیی و داوا رەواکانیان.