د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆک هۆز و کەسایەتیەکانی پارێزگای دیالە جەختی لەوە کردەوە کە پتەوکردنی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی ئەمڕۆ عیراق بەدەستی دەهێنێت ئەرکێکی نیشتمانییە کە دەکەوێتە سەر شانی هەمووان بەتایبەتی لەبەر رۆشنایی بارودۆخی گۆڕانکاری خێرای ناوچەکە . 

لەکۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کە پارێزگای دیالە هەڵگری مێژوویەکی شەرەفمەندانەیە لەقۆناغ و ئاستەنگی جۆراوجۆردا و توانیویەتی بە هۆشیاری و خۆڕاگری خەڵکەکەی لاپەڕەی توندوتیژی و تیرۆر هەڵبداتەوە کە هەمیشە هەڕەشەی لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتەکان کردووە.

لە دیدارەکەدا هەروەها ستایشی رۆڵی گەورەی هۆزە عێراقییەکانی کرد لەپشتیوانیکردنی دەوڵەت و پتەوکردنی سەروەری یاسا و دانانی بناغەی ئاسایش و سەقامگیری و ستایشی دەستپێشخەری و کۆنفرانسەکانیان لەیەکخستنی ریزەکانی نیشتیمانی و پشتیوانیکردنی دەوڵەت لەبەرەنگاربوونەوەی دیاردە خراپەکانی کۆمەڵگادا .

لای خۆیانەوە سەرۆک هۆز و کەسایەتییەکان پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ دەوڵەت و دامودەزگاکانی و پەرۆشییان بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی مەدەنی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگاکەدا دووپاتکردەوە و خۆشحاڵی خۆیان بۆ سەردانەکەی سەرۆک کۆمار دەربڕی و ئامادەیی خۆیان پیشاندا بۆ بەشداریکردنێکی کاریگەر لە پاراستنی ئاسایش و چارەسەرکردنی ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان لەڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنەوە. 

هەروەها لە دیدارەکەدا دیارترین ئاستەنگەکانی بەردەم کەرتی کشتوکاڵیان لەپارێزگاکەدا، وەک کەمی ئاو و نەبوونی پاڵپشتی پێویستی جوتیاران رونکردەوە.

هاوکات سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر گرنگی پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ وەک یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئابوری نیشتمانی کردەوە و ئاماژەی بەپێویستی بەهێزکردنی جوتیاران و دابینکردنی پێداویستیەکان کرد بەجۆرێک یارمەتیدەر بێت بۆ بەدیهێنانی ئاسایشی خۆراک و چالاککردنی جموجۆڵی ئابوری لەناوچە کشتوکاڵییەکاندا بەتایبەتی لەپارێزگای دیالە کە توانایەکی گەورەی هەیە لەم بوارەدا.