د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، لە کەنیسەی سەیدەت نەجات لە بەغداد، بە ئامادەبوونی رەیان کلدانی ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی بابیلون و ئیڤان فایەق جابرۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەران بەشداری لە قوداسی جەژنی قیامەی کرد.

 

سەرۆک کۆماری عیراق پیرۆزبایی جەژنی قیامەی لە برایانی مەسیحی کرد و هیوای ئاشتی و خێرو خۆشەویستی بۆ  خواستن.

 

د.لەتیف رەشید، جەختیکردەوە لەسەر ئەو راستیەی کە سروشتی کۆمەڵی عیراق بە یەکگرتوویی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە جیادەکرێتەوە کە بە پێی دەستوورێک زامنی یەکسانی و دادپەروەری و رێزگرتنی یەکتری دەکات.

 

لە بەرانبەردا قەشە مار ئەفرام یوسف عەبا، سەرۆکی قەشەکانی ئەبرەشیەی سریانی کاسۆلیک لە بەغداد، پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ ئامادەبوونی سەرۆک کۆماری عیراق لە مەراسیمەکە وەک پارێزەری دەستوور و پشتیوانیکردنی هەموو مەزهەب و ئایینەکانی وڵات، بۆ چەسپاندنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و برایەتی و یەکگرتوویی لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگای عیراقیدا.