دکتۆر لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، لە پەیامێکی تایبەتدا پیرۆزبایی لە دانیشتوانی هەڵەبجە کرد بە بۆنەی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بەپارێزگا بوونی شارەکەیان.

لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، سەرۆک کۆمار ستایشی هەوڵەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقی کرد و داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کاربکەن بۆ تەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە پارێزگاکەدا بەمەبەستی پەرەپێدان و گەشەپێدانی.

دەقی پەیامەکەی د. لەتیف رەشید:

بەناوی خودای گەورەو میهرەبان
خەڵکی تێکۆشەری هەڵەبجە
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
بریندارانی کیمبارانی هەڵەبجەی شەهید

بە بۆنەی بە پارێزگا بوونی هەڵەبجەوە پیرۆزبایی گەرم ئەکەین، لەرۆژی دەنگدانی پەرلەمان بەیاننامەیەکی فەرمی سەرۆکایەتی کۆمارمان دەرکرد، پێمان باشبوو بە تایبەتر پیرۆزبایی لەخەڵکی هەڵەبجە بکەین. 

ئەمە هەنگاوێکی یاسایی و کارگێڕی دروستبوو بۆ گەشەپێدانی هەڵەبجە، دەستخۆشی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەکەین و ئاشکرایە هەر لە کۆنەوە هەڵەبجە مەڵبەندێکی رۆشنبیری و کلتوری پێشکەوتوو بوە و شاری هونەر و ئەدیب و شاعیران بوە، خەڵکەکەی لێوەشاوە و  نیشتمان پەروەرن ، خاکەکەی بە پیت و ناوچەیەکی دڵڕفێن و گەشتیاریە. 

بە هەموو توانامانەوە پشتگیری لەپارێزگای هەڵەبجە دەکەین و خزمەتی هەڵەبجە و زیاتر ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی دەکەین.

بێگومان کیمیابارانکردنی هەڵەبجە تاوانێکی جینۆسایدە، هەموو هەوڵێک لە کۆڕی نێودەوڵەتیدا ئەدەین، بۆ ئەوەی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە بەشێوەیەکی یاسایی بە جینۆساید بناسرێت . 

خەڵکی تێکۆشەرو بەوەفای هەڵەبجە، دڵنیاین ئێوەش لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی و وەبەرهێنەری شارەکەتان و تەواوی وڵاتەکەمان کۆشش دەکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیاتری شارەکەتان، گیانی شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی وڵاتەکەمان شاد بێت و هەڵەبجەش هەمیشە شاری ئاشتی وهونەرو جوانی بێت.

                                                         د. لەتیف جەمال رەشید
                                                                              سەرۆک کۆماری عیراق