سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لەجێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد
سام
١٧ی نیسانی ٢٠٢٥
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی 4ـی 2025 لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە نوح یەڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و وەفدی یاوەری کرد.
لەدیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لەگرنگی سەقامگیرکردنی ناوچەکە و کەمکردنەوەی گرژییەکان لەڕێگەی بەردەوامی هاوکاری نێوان عیراق و تورکیا و وڵاتانی دیکەدا کردەوە، هاوکات پەرۆشی عیراقی بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری و هەماهەنگی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دووپاتکردەوە.
لەلای خۆیەوە نوح یڵماز، سڵاوی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیای، گەیاندە سەرۆک کۆماری عیراق و دووپاتی لەخواستی وڵاتەکەی کردەوە بۆ بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ عیراق و فراوانکردنی بوارەکانی راوێژکردن لەبارەی پێشهاتەکانی ناوچەکە بەشێوەیەک کە پشتیوانی لە سەقامگیری و خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.




