د.لەتیف رەشید: پشتیوانی مافە رەواكانی ئێزدییەكان دەكەین
٢٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
سەرۆك كۆماری عیراق رایگەیاند، پشتیوانی تەواوی مافە رەواكانی ئێزدییەكان و سەرجەم عیراقیەكان دەكات و هیواخوازیشە سەرجەم ئاوارەكان بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان.
د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە پەیامێكدا پیرۆزبایی "جەژنی ئێزی" لە ئێزدییەكانی عیراق و جیهان دەكات.
وتیشی، لەم بۆنەیەدا پشتیوانی تەواوی ئێزدییەكان دەكات بۆ گەیشتن بە مافە رەواكانیان و پاڵپشتی هەر هەوڵێك دەكات بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی روبەرویان دەبێتەوە بە تایبەتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەكان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
دەشڵێت، بە پەرۆشەوە كاردەكەن بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە ئێزدییە رفێنراوانەی تائێستا چارەنوسیان نادیارە.