سەرۆک کۆمار بەشداری لە مەراسیمی رۆژی جیهانی زمانی عەرەبی دەکات
١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ بەشداریکرد لە ئاهەنگی رۆژی جیهانی زمانی عەرەبی کە بە سەرپەرشتی سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنامی) لە عێراق محەمەد ئەلحەسان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و دیپلۆماسی و رۆشنبیری بەڕێوەچوو.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق جەختی لەسەر گرنگی ئەم جۆرە کۆڕبەندانە و پێویستی پاراستنی زمانی عەرەبی وەک یەکێک لەو شەش زمانە زیندووەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و ئاماژەی بە پێویستی بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان هەموو زمانە خۆجێییەکان کرد بۆ پەرەپێدانی دیالۆگ و ئاڵوگۆڕی کەلتوور.
لای خۆیەوە محەمەد ئەلحەسان خۆشحاڵی خۆی بە بەشداریکردنی سەرۆک کۆمار لە مەراسیمەکەدا دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا کە سەردانی جەنابی سەرۆک کۆمار یەکەمین سەردانی سەرۆک کۆمارە بۆ بارەگای نێردەی یونامی لە عیراق.







