سەرۆک کۆماری عێراق پیرۆزبایی لە هەڵبژاردنی بەغداد دەکات، کە وەک پایتەختی گەشتوگوزاری عەرەبی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ دیاری کراوە، دەشڵێت، "ئەمە داوامان لێدەکات، هەوڵی زیاتر بدەین بۆئەوەی بەغداد بکەینە جوانترین و رەونەقترین شار".


دکتۆر لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق راشیگەیاندووە، "هەڵبژاردنی بەغداد وەک پایتەختی گەشتوگوزاری عەرەبی، داوا لە هەموومان دەکات هەوڵی زیاتر بدەین بۆ ئەوەی بەغداد بکەینە جوانترین و ڕەونەقترین شار، چونکە خاوەنی ئەو میراتی شارستانی و کەلتووریەیە کە جیهانی بە بۆن و بریسکەی ڕووناک کردووەتەوە".


ئەوەشی خستووەتە روو، "سوپاس و ستایشی ئەو هەوڵانە دەکەین کە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی بەغداد وەک پایتەختی گەشتوگوزار بەدی کرا و هیوای سەرکەوتن بۆ هەمووان دەخوازین".


ئەمڕۆ میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، کە رێکخراوی عەرەبی بۆ گەشتوگوزار، بەغدادی وەک پایتەختی گەشتوگوزاری عەرەبی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ هەڵبژاردووە.