د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و وەفدی هاوڕێی کرد و ئاماژەی بە پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و پاراستنی یەکڕیزی و سەروەری سوریا و سەلامەتی گەلەکەی کرد.

لە میانی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ هەینی 6-12-2024 لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو و فواد حسێن جێگری سەرۆک وەزیر و وەزیری دەرەوە ئامادەی بوو، باس لە پێشهاتی سیاسی و ئەمنی گۆڕەپانی ناوچەکە کرا، بەتایبەت پێشهاتی ئەمنی ئەم دواییەی سوریا و کاردانەوەی لەسەر دۆخی ناوچەکە.

سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بە پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵەکان و هەماهەنگی هاوبەش بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و پاراستنی یەکڕیزی و سەروەری سوریا و سەلامەتی گەلەکەی، هاوکات جەختیکردەوە لە گرنگی بەردەوامی راوێژ و هەماهەنگی بە شێوەیەک کە ئاشتی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بپارێزێت، هەروەها دانانی پلانێکی گونجاو بۆ ڕێگریکردن لە کاردانەوەی زیاتری ڕووداوەکان لە ناوچەکەدا.

سەرۆک کۆمار هەڵوێستی عێراقی دووپاتکردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆقرەی و سەقامگیری لە ناوچەکە و هەوڵەکان بە ئاراستەی ڕێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان، ڕوونیشیکردەوە کە پێشهات و ڕووداوەکانی سوریا و کاردانەوەیان لەسەر ناوچەکە بە گشتی تێڕامان و سەرنجی وردی پێویستە، ئاماژەشییکرد بە ڕۆڵی بەردەوامی عێراق لە سەرخستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.

لای خۆیەوە عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ستایشی هەوڵەکانی عێراقی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان و هێورکردنەوەی دۆخەکە بە شێوەیەک کە خزمەت بە گەلانی ناوچەکە و سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و ئابوورییان بکات.