سەرۆك كۆماری عیراق لەگەڵ میری ئێزدییەكان كۆبووەوە
یەحیا
٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
سەرۆك كۆماری عیراق لە بەغداد لەگەڵ میری ئێزدییەكان كۆبووەوە و داوای دەستەبەركردنی مافی ئێزدییەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان دەكات بۆ ناوچەكانی خۆیان.
د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە كۆشكی بەغداد، چاوی كەوت بە میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییەكان لە عیراق و جیهان.
لە دیداردەكەدا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكان تاوتوێكران، جگە لە هەوڵەكان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان و دابینكردنی پێداویستییەكانیان.
هەر لە دیدارەكەدا باس لە پێشهاتەكانی دۆخی ئەمنیی ناوچەكە كراو سەرۆك كۆمار ئاماژەی بە پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ روبەڕوبوونەوەی هەر هەڕەشەیەك بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتی عیراق و هاووڵاتیانی كرد.
هەروەها جەختی لە گرنگی زیادكردنی هەوڵەكان بۆ زامنكردنی مافەكانی هەموو عیراقییەكان و ئێزیدییەكان بەتایبەتی كردەوە، بەو پێیەی ئەوان بەشێكی جەوهەری و دانەبڕاون لە گەلی عێراق.
لای خۆیەوە میر حازم تەحسین بەگ خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە پاڵپشتییەكانی سەرۆك كۆمار بۆ ئێزدییەكان.