سەرۆك كۆماری عیراق لەگەڵ وەزیری دەرەوە كۆبووەوە و جەختیكردەوە، لە هێوركردنەوەی گرژییەكانی سوریا و سنوورداركردنی دەستدرێژی و تاوانەكان بۆ سەر گەلی فەڵەستین.

سەرۆكایەتی كۆماری عیراق بڵاویكردەوە، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە بەغداد پێشوازیكرد لە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و لە كۆبوونەوەكەدا، رووداو و پێشهاتەكانی باكووری سوریا و هەوڵەكان بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكانی ناوخۆی ئەو وڵاتە تاوتوێكرا.

لای خۆیەوە، سەرۆك كۆمار ئاماژەی بە گرنگی چڕكردنەوەی هەوڵەكان دا بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكانی سوریا و وتی، فراوانبوونی گرژییەكانی ناوچەكە لە بەرژەوەندی سەقامگیری بارودۆخەكە نابێت، داواشیكرد سنوورێك بۆ تاوان و دەستدرێژییەكانی سەر گەلی فەڵەستین دابنرێت.

لەبەرامبەردا، وەزیری دەرەوە هەوڵ و رێوشوێنە دیپلوماسییەكانی وەزارەتی دەرەوەی عیراقی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی خستەڕو، بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ گرژییەكانی ناوچەكە، بەجۆرێك خزمەت بەئاسایشی و سەقامگیری ناوچەكە بكات.